Skip to content

شیکردنەوەی مامۆستا محەممەدی حەسەنپوور (بێوران) سەبارەت بە گۆرانی ئۆخەی ئۆخەی شۆڕەژن (ناسکە ژن).

ئۆخەی ئۆخەی شۆڕەژن (ناسکە ژن)
شێعر و گۆرانی: فۆلکلۆر
بە دەنگی: محەممەد ماملێ
شیکردنەوەی: مامۆستا محەممەدی حەسەنپوور (بێوران)

ئەو گۆرانییە زۆرتر لە ڕووی سەربەندەکەی ناونراوە ناسکەژن، دەنا ئەوەی ڕاستی بێ زۆرتر لە وتووێژی ژن و پیاوێکی عاشق و لە یەکدابڕاو دەچێ؛
ژن دەڵێ: دوو مەمکم بۆ خڕ کردووی هەر بە وێنەی فینجانێ
لە شنۆیەم وەدەر دەخەن دەڕۆم دەچمە لاجانێ
پاشی من بە قوڕێ گیرێ جێی شەوڕاو و جێژوانێ
منیش سەری خۆم هەڵگرت، دەڕۆم دەچمە خمخانێ
پیاو وڵامی دەداتەوە: ئۆخەی ئۆخەی ناسکەژن، با لەسەر تۆ بمکوژن
دەست لە باڵات هەڵناگرم نۆ منداڵ مەمکت بمژن
وەک کاڵەکی گوڵپەرچن، کووزت کەن بتدەن بە من
ژن دەڵێ: نێوان سینگ و مەمکانم دوڕڕ و لەعل و گەوهەرە
لەبۆ تۆم ڕاگرتووە هەتیوە قوڕبەسەرە
هەموو سێ شەممە و جومعان دێمە جێژوانێ وەرە
دیسان پیاو دەڵێتەوە: ئۆخەی ئۆخەی ناسکەژن، با لەسەر تۆ بمکوژن
دەست لە باڵات هەڵناگرم نۆ منداڵ مەمکت بمژن

خمخانە: ئەو شوینە بووە کە ڕەنگ، هەش، وەسمە، خەنە و هتد لە گیاکان درووست کراوە، زۆرتر کوردەجولەکەکان کاری خمخانە و ڕەنگیان کردووە، دوای درووست بوونی ئیسرائیل و کۆچی کوردە جولەکەکان خمخانەکانیش لە کوردستان فەوتان، لەکاتی شینگێڕی ژنان خمیان دەگێڕا و بە نێشانەی خەم و ماتەم خمیان لە سەر دەدا و سەری خۆیان شین دەکرد.
منیش سەری خۆم هەڵگرت دەڕۆم دەچمە خمخانێ: دیارە ژن لەبەر خەمی جودایی دەچێتە خمخانە و سەری خۆی دە خم دەنێ و شین دەگێڕێت. .

کاڵەک، خرچە، شەمامۆک، گندۆر چەندین ناو و جۆری هەیە. کاڵەکی گوڵپەرچن جۆرێک کاڵەکە کە فارسیشدا هەر خربزە گل پرچینی پێدەڵێن. من وای بۆ دەچم ناوەکەی لە گوندی گوڵپەرچنی ورمێ وەرگیرابێ. ڕستەی (وەک کاڵەکی گوڵپەرچن کووزت کەن بدتەن بە من) ئارەزوو و خۆزگەیەکی پیاوانەیە. لە گۆرانییەکە دا پیاوەکە دەڵێ: خۆزگە وەکوو کاڵەکێکی گوڵپەرچنی قاشکراو (قاژکراو) حازر و بێ دەردەسەر و بێ هەڵگرتن و شەڕ و دوژمنایەتی بیاندابایەی بە من – کووز یانی قاش یا قاژە.

بابەتی پێوەندیدار