Skip to content

گەر بتهەوێ، دەتوانی و دەبێ و دەکرێ …

بۆ هەر مرۆڤێک کە تۆزێک بیر بکاتەوە و بڕوانێتە دەوروبەری و هەروەها خۆی و خەڵک و کۆمەڵگەی بۆ گرینگ بێ،  ژیان پڕە لە گوشار و چەرمەسەریی جۆراوجۆر. بیر و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و پەرۆشی و ئاڵۆزی کەم نین،  بە تایبەت لەو دۆخەدا و لەو سەردەمەدا و لەو ناوچەیەیدا کە ئێمەی تێدا دەژین،  ساخ و سڵامەتترین مرۆڤەکانیش،  هەزاران دڵمەشغووڵی و کێشەیان هەیە. جگە لەوانەش،  لەبەرچاوی بگرن کە جیا لەو مەسەلانە، مرۆڤ کێشەی جەستەیی و بێتوانایی فیزیکیشی هەبێ و کەمەندام بێ. ئەوسا هەموو کێشەکان چەند بەرابەر دەبن.

هونەرمەند شاهین ڕەحمانپوور

ڕەنگە من و تۆ،  دیتنی ناپاکی و ناحەزی و هەژاری و چارەڕەشی و لێقەوماویی خۆمان و هاونیشتمانیان و گەلەکەمان بە دیتنی سروشتی جوان و دیتنی خۆشەویستانمان بۆ ساتێکیش بێ لەبیر ببەینەوە، بەڵام کەمەندامێک کە توانای دیتنی نییە، ئەو ڕێیەشی لێ گیراوە.

ڕەنگە من و تۆ ماندووبوونی هەڵات‌هەڵات و وەدواکەوتنی کار و هەوڵدان و پەیداکردنی بژێو،  بە پیاسەیەک،  بە گەڕانێکی شەقام و گەشت کردن لەگەڵ هاوڕێیەک لە لەش ببەینە دەرەوە، بەڵام کەمەندامێک کە پێیەکانی ناساخن،  ئەو وردە ڕووناکییەشی نییە.

ڕەنگە من و تۆ بتوانین گوێمان بە دەنگی موزیک و چریکەی باڵندە و دەنگی بنەماڵە و خۆشەویستانمان بحەسێنینەوە و هەستەکانمان بە کەڵک وەرگرتن لە زمان بدرکێنین تا بسرەوین و قورساییەک لەسەر شانمان هەڵگیرێ،  بەڵام کەمەندامێک کە توانای بیستن و گوتنی نییە، لەو بەرژەوەندییەش بێبەشە.

وێڕای ئەوانەش،  کەمەندامبوون،  لەگەڵ هەموو بەربەست و کێشە و ناڕاحەتییەکانی،  ناتوانێ ببێتە هۆی وەستانی مرۆڤ و هەرچەند ڕێگە ئەستەم دەکا،  بەڵام ناتوانێ ڕێگر بێ لەو کەسانەی کە دەیانەوێ و ئیرادە و خواستی پێگەیشتنیان هەیە. هەڵبەت ئەوە پێویستیی بە پشتگیری و داکۆکی هەموو چینەکانی کۆمەڵگە هەیە، ئەوەی کە پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێ،  لەگەڵ هەموو مرۆڤەکانی تر یەکسان هەڵسوکەوت و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و هەموو هەل و دەرفەتە ئابووری و کارییەکان،  یەکسان دابەش بکرێن.

پێویستە ئەو فەرهەنگە پەرە بگرێ کە کەمەندام،  مرۆڤێکی ئاساییە و دەبێ ئاسایی چاوی لێ بکرێ،  نەک وەک دیاردەیەک. ئەوەی کە ڕێزیان لێ بگیرێ وەک هەر مرۆڤێکی تری کۆمەڵگە و هاوکاریکردنیان لەڕووی مرۆڤایەتییەوە بێ نەک لەڕووی بەزەییەوە.

مرۆڤ،  دەبێ زات و ناخی سڵامەت بێ،  کەمەندامی ڕاستەقینە، ئەو کەسەیە کە زات و دەروونی خراپە، نەک ئەو کەسەی کە لە ڕووی جەستەییەوە کەموکووڕی هەیە. دەبێ فێر بین کە گاڵتەکردن بە کەمەندامییەتی،  نەفامانەیە، چون شیاوی پێکەنین،  ئەو کەسەیە کە فام و تێگەیشتوویی نییە و نەفامانە بیر دەکاتەوە. شیاوی پێکەنین مرۆڤی درۆزن،  مرۆڤی ناپاک و خائین و چەپەڵ و نەفام و نەزانە. مرۆڤی کەمەندامی جەستەیی،  تەنیا شیاوی دەستخۆشی و ئافەرینە کە وێڕای هەموو کێشەکانی،  ژیانی بە بەردەوامی درێژە دەدا و زۆرجار لە مرۆڤی سڵامەتیش سەرکەوتووتر و بەختەوەرترە.

هونەرمەند شاهین ڕەحمانپوور

شاهین مێرمنداڵێکی تەمەن حەفدە ساڵە،  حەفدە ساڵە ڕووبە ڕووی نەخۆشی سی پی (ئیفلیجی مێشکی) بۆتەوە و حەفدە ساڵە لەگەڵ ئەم نەخۆشییە ژیان دەکا،  لە ماوەیە ئەم حەفدە ساڵەدا زۆر جار دڵتەنگ بوو،  گریا،  پاڕاوە کە بۆچی بۆ خودایە گیان من ئاوەم بۆ من وەک هاوڕێیەکانم ناتوانم هەڵبێم و هەزاران بۆی دیکە…

سەدان جار بیستوومە کاتێک سەیری یاری تۆپێن دەکا لەکن خۆی دەڵێ منیش ئەگەر بە پێی خۆم ڕۆیشتبام دەبوومە یاریزانی تۆپێن و تۆپێنم دەکرد،  بەڵام ئەو دەیهەوێ ببێتە ئەندازیار دەیهەوێ ببێتە نیگارکێش دەیهەوێ ژیانی خۆی و دەورووبەری ئاڵاوی ڕەنگ و هونەر بکا دەیهەوێ دەیهەوێ دەیهەوێ … شتێک زۆر من و بنەماڵەکەم دڵخۆش دەکا ئەویش ئەوەیە کە هەمووکات ورەی بەرزە،  بەرزتر لە حەوت تەبەقەی ئاسمان قاییمتر لە کێو بێ وچان تێدەکۆشێ ۆ سەربەستی و سەربەرزی و هەوڵ دەدا. ڕاستە هێندێک کات مرۆڤ بێ هیوا دەبێ دەگری دەناڵێنێ،  شاهینیش لەم بارودۆخە دا بووە بەڵام دیسانیش هەڵساوەتەوە دیسانیش لە ناخی خۆیدا بڕیاری داوە بەردەوام بێ و وەدوای حەزەکانی کەوێ و هەوڵیان بۆ بدا،  هەر لە تەمەنی کەمەوە قەت حەزی لە مۆسیقای فارسی نەبوو تەنانەت ئەگەر ئێمەش گوێمان دەدایە لێمان تووڕە دەبوو و دەیکرد بە گۆرانی کوردی ئەویش چ گۆرانییەک هەموو گۆرانی ڕەسەن و کۆنەکانی پێخۆش بوو و ئێستاش بیرگەی مۆبایلەکەی پڕ پڕە لە دەنگی ڕەزازی و حەسەن دەرزی و ماملێکەی دڵان و حەسەن زیرەک و زۆربەی هەرە زۆری گۆرانیبێژە کوردە ڕەسەنەکان دەناسێ و گوێ دەدا پێیان و بۆ خۆی لە دونیایەکی جوانی کوردیدا سەیر دەکا و من لە شاهینەوە فێر بووم کە بەڕاستی هەموو شتێک بە کوردی خۆشە تەنانەت هەناسە هەڵکێشانیش.

لەو ساڵانەدا ڕۆژانێکی خۆش و ناخۆشمان تێپەڕ کردووە بەڵام ورەی شاهین و هونەر و دەستڕەنگینی شاهین و تێکەڵاوی لەگەڵ ڕەنگەکان و دڵخۆش بوونی بەو کارە بۆتە هۆکارێک تا ئێمە هیچ کات هەست بەوە نەکەین شاهین کەمییەکی هەیە و فەخری پێبکەین و شانازی پێوە بکەین بە بوونی بە هاتنی،  ڕووناکای ی ماڵی مە هۆی بوونی مە سەرمەشقی ئێمە بۆ بەردەوامی و کۆڵنەدەری تەنیا شاهینە و کەسانێک وەک شاهینن ئێمە تەنیا بە ئەسپایی دەستمان گرت تا بڕوا و بەردەوام بێ و هیچمان بۆ نەکردووە بۆ ئەو پلەی ئێستا تێیدایە بە پێچەوانە بەڵام شاهین زۆر کاری بۆ ئێمە کردووە بۆ من و خوشکە بچووکەکەم بۆ دایک و بابم فێری ئومێدی کردووین،  فێری وەی کردووین دەبێ بژین و بەردەوام بین،  فێری کردووین وشەگەلێک بە نێوی ناتوانم و نابێ و ناکرێ بوونی نییە و ئەگەر بتهەوێ دەتوانی و دەبێ و دەکرێ…

نووسینی: شەیدا ڕەحمانپوور

ئێمە وەک مەڵبەندی هونەریی ماملێ پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە کاک شاهین دەکەن کە شێلگیرانە و ماندوویینەناسانە، هونەری جوانی خۆی لەپێناو کورد و ڕەسەنایەتی کوردی تەرخان دەکات و ڕێز لە هونەرمەندانی نەتەوەکەی خۆی دەگرێ.  پیرۆزباییان لێدەکەین و هیوادەخوازین کە بەردەوام بێت و بە وێنەکانی کە دەیانکێشێتەوە ئەو دوو وانەیەمان فێر بکات کە کە دڵسۆزی فەرهەنگ و ڕەسەنایەتی خۆمان بین و گەر بمانهەوێ، دەتوانین و دەبێ و دەکرێ.
هەر بژین و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

دەستکردی هونەرمەند کاک شاهین ڕەحمانپوور

بابەتی پێوەندیدار