Skip to content

پەیامی سەرەخۆشی مەڵبەند لە بنەماڵەی بەڕێز کاک عەزیزی خاڵندی

محەممەدی ماملێ و عەزیزی خاڵندی

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممۆ ٢ی گەلاوێژ ١٣٩٩ی هەتاوی، هەواڵی کۆچیدوایی هونەردۆست و میرخاسی مەهابادی کاک “عەزیزی خاڵندی”مان پێگەییشت. ئێمە لە “مەڵبەندی هونەریی ماملێ” وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆمان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم هونەردۆستانی کورد دەکەین و لەم کۆستە دا خۆمان بە هاوبەش دەزانین.
کاک عەزیز کەسێکی عاشق بە هونەر و کۆکردنەوەی ئاسەوار و دەقە کوردیەکان بوو و هەروەها یەک لە دۆستە بەوەفا و نیزیکەکانی هونەرمەند محەممەدی ماملێ بوو کە لە سایەی مشووری ئەو بەڕێزەوە توانرا کۆمەڵیک بەرهەمی دەنگی و ویدیۆیی لە ماملێ تۆمار بکرێت و ئێمە ئێستا بینەریان بین و چێژیان لێ ببینین. ئەو بەڕێزە لە دۆخێکدا قۆڵی بۆ ئەو کارانە هەڵماڵیبوو کە لەبەر کەشی داسەپاوی سەربازی و ئەمنیەتی بەسەر کوردستان و سابڵاغدا، کە کەڵ بە موو بەند بوو و هونەرمەندان لەو پەڕی گوشار دابوون. کاک عەزیز نەترسانە و دڵسۆزانە هەستی بە بەرپرسیارەتی کرد و بە هاوکاری کۆمەڵێک هونەرمەند توانیان دیمەنگەلێک و گۆرانیگەلێکی نایاب لە ماملێ تۆمار بکات.

بە خۆشییەوە مەڵبەندی هونەری ماملێ لە ساڵانی پێشوودا لە بۆنەیەکی خۆماڵی و دۆستانەدا توانی ڕێزێکی بچووک لە گەورەیی ئەو مرۆڤە مەزنە بگرێت و سپاسی خۆی لەمەڕ ئەو زەحمەتانەی بۆ هونەری کوردی بەگشی و بۆ ماملێی خۆیان کێشابووی، لێ بکات.
دیسانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەین و هیواداری باری خەم لەبەر دەرگایان جێ خۆش نەکات. ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر.

مەڵبەندیی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار