Skip to content

هیجری بولبوول – ڕەسوڵ غەفورنیژاد – بە یادی ماملێ

لێئۆ نیکۆلایۆویچ تۆڵستۆی گەورە نووسەری جیهانی و خەڵکی ڕووسیە لە پەڕتووکێکی خۆیدا بەناوی (هونەر چییە؟)دا دەڵێ:

(هونەر تەنیا کاری ئافراندنی جوانی و چێژ نییە بەڵکوو، هونەر ئامانجی باڵاتری هەیە)[1]

ئەو وتەیە ڕەنگە زۆر گەورە نووسەر و فەیلەسووفی زەمەنی خۆیان باسیان کردبێ و ئێمە نەمانخوێندبێتەوە بەڵام، هونەری ڕاستەقینە وایە و هەردەم پێشڕەو و جیا لە چێژیی ڕۆحی کە دەیدات بە مرۆڤەکان پەیامی هیوا و ئاشتی پێیە و لە ناخۆشترین و خۆشترین ڕۆژەکاندا هاوڕی و هاودەممانە و ڕۆڵی و ئاڤانگارد لە کۆمەڵگادا دەگێڕێ.

لەو ڕۆژانەدا کە پەتای کۆڕۆنا بەرۆکی بە مرۆڤایەتی گرتووە و ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر گۆی زەویدا کێشاوە و کەس لە داهاتووی خۆی دڵنیا نییە، ڕۆڵ و ئەرکی هونەر و هونەرمەندانی ڕاستەقینە و دەروەست دەستپێدەکات. ئەو هونەرەی لێوڕێژە لە هەستی جوانییە، هیوابەخشە و هێوەرکەرەوەیە.

ڕێک لەو ڕۆژە ناخۆش و تووشانەدا، هونەرمەندی لاو و دەنگخۆش کاک “ڕەسوڵ غەفورنیژاد” بە هاوکاری و ماندووبوونی هونەرمەندی ناوداری کورد “سیامەک فەڕۆخسێرێشتی” بەیاد و ڕێزلێنان لە تەمەنێک خزمەتە هونەرییەکانی هونەرمەند “محەممەدی ماملێ” چەند گۆرانییەکی ئەو هونەرمەندەیان سەرلەنوێ بە موزیکێکی دەگمەن داڕشتۆتەوە و هونەرمەند ڕەسوڵ غەفورنیژاد دەیانڵێتەوە. کاک ڕەسوڵ ناوی ئەو بەرهەمە جوانە کە لە یەکەمین چرکەیدا، ماندووبوون و ئەڤین بە هونەری نیشتمان تێیدا بەدی دەکرێت و شەپۆل دەدات، نێو ناوە (هیجری بولبول)

ئەو موزیکە تێکەڵاوێکە لە سێ گۆرانی هونەرمەندی کۆچکردوو محەممەدی ماملێ بە ناوەکان:

١- (دوولبەری چاومەست/ بولبوولی سەرمەست کە شێعری مامۆستا هاشم نانەوازادە یە)

٢- ( بۆ لێمزیزی، لەسەرچی تۆراوی؟ کە شێعری مامۆستا هاشم نانەوازدە یە)

٣- (وەرە وەرە با بچینە ناو شلێران کە شێعرەکانی ئی محەممەدی ماملێ یە)

لە پرسیارێکدا سەبارەت بە چۆنیەتی ناو هەڵبژاردنەکەدا ئەو هونەرمەندە ئاوا وەڵامی دایەوە:

یەکەمجار ویستم کە ناوی بنێم (بولبوولی سەرمەست) کە هەم ئاماژەیەک بوو بە دەنگە بولبوولئاساییەکەی مامۆستا ماملێ و هەمیش ناوی یەکەمین گۆرانی بوو لەو بەرهەمەدا، پاشان بینیم کە ئەوە بێدادییە لە مافی ئەو دوو گۆرانییە تر و بۆیە ناوەکەم گۆڕی و کردم بە (هیجری بولبوول)  کە مەبست لە کۆچی هەتایی مامۆستا ماملێیە و لە ڕاستیدا ئەو گۆڕانییەم لە خۆشەویستی ئەو نەمرە و بۆ ڕێزلێنان لە تەمەنێک خزمەتی ئەو هونەرمەندە گوتوەتەوە کە پێشکەش بە نەتەوەی خۆی کرد. ئەوەشم بە پێویست زانی کە بەرهەمەکە پێشکەش بکەم بە مەڵبەندی هونەریی ماملێ تا ئەوان بە دڵی خۆیان بڵاوی کەنەوە چوون بە یەکەم سەرچاوەی پاراستنی ئاسەوارە هونەرییەکانی ماملێی دەناسرێت و دڵسۆزانە لە خەمی هونەر و هونەرمەندانی کورد دان و ناوی ماملێ بۆ خزمەت بە گەل و نیشتامنەکەیان بەکار دێنن.

هونەرمەند ڕەسوڵ لەدایکبووی مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە منداڵییەوە خولیای گۆرانییە ڕەسەنەکانی کوردی بووە. لە ساڵی ١٩٩٧ەوە  نیشتەجێی وڵاتی ئوستوڕاڵیایە. لەو وڵاتە بەردەوام کۆنسێتری گێڕاوە و لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا وەک هونەرمەندی گۆرانیبێژ بەشداری کردووە بەڵام، لە ساڵی ٢٠١٧ بە فەرمی یەکەمی بەرهەمی خۆی وەک ویدیۆ کلیپ و ئاوازێکی تایبەت کە شێعری مامۆستا هێمن موکریانی بوو بە ناوی (عیشق و سەرمەستی)، دەستی بە کاری هونەری کردووە کە هونەرمەندی لێهاتووی کورد بەڕێز کاک سیامەک فەڕۆخسێرێشتی بۆی ئامادە کردبوو.

لە ساڵی ٢٠١٨  بەرهەمێکی تری پێشکەش کردووە بە ناوی (دڵداری بێدەنگ) کە شێعری مامۆستا پەشێوە و بە دووقۆڵی دەگەڵ هونەرمەندی دەستڕەنگین کاک چیا مەدەنی گۆرانییەکەی ئامادە کردووە و کاک چیا کاری دابەشکرد و باقی کارەکانی تری بۆ ئەنجام داوە.

شایانی باسە کە هاوسەری کاک ڕەسوڵ واتە هونەرمەندی دەنگخۆش “ئەسرین ڕەجەبی” لە زۆربەی بەرهەمەکاندا دووێتی ڤۆکالیستە و شانبەشانی کاک ڕەسوڵ گۆرانی دەچرێت. ئەو هاوکارییەی ئەم دوو هاوسەرە یەک لە جوانترین دیاردەکانە کە بەداخەوە لە کۆمەڵگای هونەریی کورد دا کەم بینراوە و جێی خۆیەتی دەستخۆشییان لێ بکەین و پشتیوانیان بین تا بەرهەمی بەپێزتر و ڕازاوەتر لە جاران پێشکەش بە ئاڕشیوی هونەریی کوردی بکەن.

دوایین بەرهەمیشیان ئەو گۆرانییەیە کە ئێستا پێشکەشتان دەکرێ بە ناوی (هیجری بولبوول) کە تێکەڵاوێکە لە سێ گۆرانی هونەرمەند محەممەدی ماملێ و بۆ یاد و ڕێز لە تەمەنێک خزمەتی ئەو هونەرمەندە بە هونەری کوردی کردوویەتی پێشکەش بە ڕۆحی ئەو هونەرمەندە دەکات.

هونەرمەند سیامەک فەڕۆخسێرێشت (مازیار) لەدایکبووی ئیلامە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بنەماڵەیەکی هونەرمەند چاوی بە دونیا هەڵێناوە. لە ساڵی ٢٠١١ لە وڵاتی ئیستراڵیا دەژی. وەک ئاهەنگساز و کۆمپووز لەو وڵاتە ئیش دەکات.

ئەو بەرهەمەی کە پێشکەشتان دەکرێ هونەمەند سیامەک فەڕۆخسێرێشت جیا لەوە کە کاری داڕشتنەوە و دابەشکردنی موزیکی بۆ کارەکان کردووە، هاوکات ژەنیاری ئامێری سەنتور و پیانۆ بووە و کاری میکس ماستێرینگی دەنگەکەشی لە ئەستۆ بووە.

هونەرمەندان ڕەشاد شاڵپووش بە ئامیری دیوان، فەڕدین لاهوورپوور بە شمشاڵ و زەکەریا یۆسفی بە دەف و زەرب و بەندیر و لە ستۆدیۆ (ئەحمەد میرمەعسوومی) بەشدارییان کردووە و هونەریان خوڵقاندووە.

هەروەها کۆمەڵێک هونەرمەندی کورد و تورک لە ئیستانبوڵەوە و لە (ستۆدیۆ جان) پشکی خۆیان لە جوانکردین ئەو بەرهەمە داوە بە گۆرانییەکە کە ئەو بەڕیزانەن:
هونەرمەندان شەنۆڵ ئارکون بە چەلۆ، ئوزگور ئارکۆن بە ڤیۆلا، ئۆزدەمیر گۆز، سەمیم ساکاریالی، مەرت کەمانجی، هوسەین کەمانجی و ساواش کەمانجی بە ڤیۆڵۆن (کەمان).

ئێدیت و مۆنتاژی ئەو کلیپە جوانەش کاری هونەرمەندی دەنگوش و دەستڕەنگین کاک چیا مەدەنییە.

ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ سپاسێکی زۆری هەموو ئەو هونەرمەندانە دەکەین و دەستی ماندوویان دەگوشین و هیوادارین لە کارەکانیاندا بەردەوام و سەرکەوتوو بن. [1]پەڕتووکی موزیک چییە؟ نووسینی ئێپنۆمیوزیکۆلۆجیست توانا حەمە لاپەرەی ١٦

بابەتی پێوەندیدار