Skip to content

ماملێ لووتکەی ڕەسەنایەتی – هاژە

لە شەوانی ڕابردوودا زنجیرە فیلێکی دێکیۆمێنتاری لە هەشت بەشدا لەسەر ژیان و خزمەتەکانی هونەرمەند محەممەدی ماملێ لەسەر ناوی:

(محەممەدی ماملێ؛ لووتکەی ڕەسەنایەتی؛ )

ئەو گوڵەی مەشهووری گشت عالەم بوو کوا؟ یادی بەخێر

لە لایان تۆڕی مێدیای “هاژە” لە مەهاباد ئامادە کرابوو  و بۆ هەشت شەوان و وەک زنجیرەیەک بەدوای‌یەکدا بڵاو دەکرایەوە.

ئەو زنجیرە  دێکیۆمێنتارییە وەها بە دڵسۆزانە و وردبینانە ساز و ئامادە کرابوو کە بە شێوەیەکی بەربڵاو کەوتە بەر سەرنج و، ئافەرینی بینەرانی بەدوای خۆیدا هێنا. فیلمەکە تیشکی هاویشتبوو سەر لایەنی هونەری، کۆمەڵایەتی ئەو هونەرمەندە و تێیدا کارناسان و لێزانانی بواری موزیک و وێژە، دۆستان و هاوڕێیانی محەممەدی ماملێ و هەروەها کوڕی گەورەی ئەو هونەرمەندە بەشدار بوون  و  بە نرخاندنی لایەنە لاواز و بەهێزەکانی هونەری ئەو کەسایەتییەدا چوونەوە و گەنگەشەی وردیان بۆ دەکرد.

شایانی باسە لەو دێکیۆمێنتارییەدا بە شێوەیەکی شارەزایانە لە کۆمەڵێک فیلم و وێنە و دەنگی ماملێ کەڵک وەرگیرابوو کە نرخی ئەو کارەی تا ڕادەیەکی زۆر لەچاو کارەکانی پێشووتر کە لەسەر ماملێ کرابوو، بەرزتر دەکردەوە و دەرهێنەرەکەی کە کاک “هەرمان وەتمانی” بوو زۆر شارەزایانی چنیبوونی تا بینەر ڕۆبباتە ناو ناخی باس و ڕووداوەکان، تا ڕادەیەک کە بینەر خۆی لە زەمەن و شوێنی ڕووداوەکاندا بدۆزێتەوە.

ناکرێ و نابێ خۆ لە کاری ئێدیت و کامێراکان ببوێرین لەکاتێکدا قورسایی هەرە زۆرەکە لەسەر شانی ئەوان بوو و بە هەستیارییەکی بێوێنە وردەڕیشاڵی ڕووداوەکانیان زیندوو دەکردەوە و بینەریان لێ بەئاگا دەکرد.

ئەو چەشنە کارانە لە ناوخۆی وڵاتدا ڕەنگە بە هۆی هەبوونی هەندێک کەرەسە و ماتڕیاڵی پێویست و دیار، درووستکردنی ئاسان بێتە بەرچاوە بەڵام، قۆڵهەڵماڵین لەم چەشنە کارانە لە دۆخی ناوخۆدا، هەستیاری و هونەری تایبەت بە خۆی گەرەکە کە بەختەوەرانە ستافی هاژە ماندوویینەناسانە و نەترسانە قۆڵیان لێ هەڵماڵی و ئەرکی خۆیان بەجێ گەیان.

دیارە کەس نابێ چاوەڕوانی ئەو بێ کە لە کەشی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی ناوخۆدا، هاژە ئەسکوێ لە بنی مەنجەڵێ بدات و ئەو لایەنانەی کە لە ژیانی محەممەدی ماملێدا هەن و باس کردنیان لە وڵاتێکی بندەستدا بڤەیە، باس بکات کە هەموومان دەزانین ئیزنیان پێنادرێت و گرفتیان بۆ ساز دەبێ. سەرباقی هەموو ئەو خاڵانە هەموو ئەو کەموکووڕییانە، یەک لەو کارە دەگمەنانە بوو کە لەسەر ژیانی ماملێ ساز کرابوو.

ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ بە پێویستی دەزانین تا سپاسێکی هەراویان بکەین و دەستیان بە گەرمی بگووشین و ماندوونەبوونییان پێ بڵێین. هیوای سەرکەوتنی لەوە زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازین و داواکارین کە هەگبەی خزمەتەکانیان بە نەتەوە و نیشتیمانەکەیان، لەوە پڕتر و لەبانتر بێت.

سەرنجتان بۆ دیتنی ئەو زنجیرە  دێکیۆمێنتارییە ڕادەکێشین:

بەشی یەکەم

بەشی دووهەم

بەشی سێهەم

بەشی چوارەم

بەشی پێنجەم

بەشی شەشەم

بەشی حەوتەم

بەشی هەشتەم و کۆتایی

بابەتی پێوەندیدار