Skip to content

هونەرمەند قادر ئاغایی (قودرەت) کۆچی دوایی کرد.

بە پێی هەواڵیی هەواڵدەری “هاژە”، قادر ئاغایی ناسراو بە (قودرەت) ئاغایی ژەنیاری بەناوبانگی نایە، بەربەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد. ئەو هونەرمەندە لە دایکبووی ساڵی ١٣٠٦ی هەتاوییه و ژەنیاری بۆ هونەرمەندان حەسەن زیرەک، محەممەدماملێ، سەید محەممەد سەفایی و زۆربەی هونەرمەندانی سەردمی خۆیان کردووە. هونەرمەند قودرەت ئاغایی لە تەمەنی مێرمنداڵێیەوە دەستی بە ژەنینی ئامێرەکانی زەرب، نایە، تووزەلە و زوڕنا کردووە، لە ماوەی تەمەنیدا لە زۆربەی فێستیواڵەکان بەشداری کردووە و وەک هونەرمەندێکی بەتوانا ڕێزی لێ گیراوە. ماوەی سێ مانگ بوو تووشی نەخۆشی ببوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد. بڕیاره تەرمی ئەم خوالێخۆشبووە لە بەشی هونەرمەندانی گۆڕستانی مەهاباد بە خاک بسپێردرێ.

ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ وێڕای ڕێز و ستایش بۆ تەمەنێک لە خزمەتەکانی ئەو هونەرمەندە کە بە هونەریی کوردی کردی، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی  قادری دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. هیوادارین دوایین خەمیان بێ.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار