Skip to content

شێواندنی گۆڕی ماملێ لە لایان ترسنۆکانەوە

بەپێی ڕاگەندراوی ئاژانسی هاژە لە مەهابادەوە، گڵکۆی خوالێخۆشبوو هونەرمەند محەممەدی ماملێ لە گردی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد شێوێندراوە. ئەو دیاردە دزێو و ناشیرنە دەمێکە لە وڵاتی ئێران بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بووەتە باو. کەسانێکی نەفس نەزم و بەتاڵ لە بەها مرۆڤایەتییەکان هەن کە ڕەحم بە مردووی گۆڕستانەکانیش ناکەن.  لەبیرمانە کە چەندین جار گڵکۆی نەمران سولەیمانی موعەینی، مامۆستا هێمن و مامۆستا هەژار بە گوللە شکێندران یان بە ڕەنگ دەیانشێواندن یان دەیانشکاندن.

sakar

ئەو کەسانەی کە هانا دەبەنە بەر ئەو کارانە، بە ئاشکرا دژایەتی فەرهەنگ و بەها پیرۆزەکانی گەلی کورد دەکەن و پەنا دەبەن بۆ ئەم کارە ناحەزە. ئەوانە تەنانەت مردووی قەبرستانەکانیش ئازاریان دەدات گەر مێژوویەکەیان بە دڵی ئەوان نەبێ.

دڵنیایان دەکەینەوە کە بەو کارە سووکانە نە مێژوو، نە کەسایەتی محەممەدی ماملێ خەوشەدار دەبێ و نە فەرهەنگ و هونەری کوردی نسکۆی بەسەردا دێت، بەڵکوو پێوەندی نێوان هونەر و هونەرمەندی دەروەست دەگەڵ میللەتی کورد پتەوتر دەکات. ئەوەی دەمێنێتەوە ڕووڕەشییە بۆ بکەران و بۆ ئامیرانی ئەو کارە ترسنۆکانەیە.

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایان بەرپرسان و هەیئەتی ئومەنای ئەو گۆڕستانە بڵاو نەکراوەتەوە.
ئێمە داوا لە بەرپرسانی شارەوانی مەهاباد و هەیئەتی ئومەنای ئەو گۆڕانە دەکەین کە بەدواداچوونێکی شەفاف بۆ ئەو کێشەیە بکەن و هەوڵ بدەن ئەو تاوانبارانە بناسێندرێن و بە سزای تاوانەکانیان بگەن و بە شێوەیەکی باشتر لەو گۆڕانە بە خاوەن دەرکەون و نەهێڵن شتی وا دووپات ببێتەوە.

بە پێویئستی دەزانین تا ڕوونبوونەوەی زیاتر لە دۆخەکە و پێشهاتەکان، بە هەستیارییەوە مامەڵە دەگەڵ دۆخەکە بکەین و گەر لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەسەرە ئەو کردەوەیە بڵاو کرایایەوە ڕوونکردنەوەی تر و هەڵوێستی تر دەگرینە بەر.

بنەماڵەی محەممەدی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار