Skip to content

“هێمن شێخە” بە ڕاکردن لە خانێ ڕا تا گڵکۆی ماملێ، شێواندی گڵکۆی ئەو هونەرمەندەی شەرمەزار کرد.

ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩ (١٢/٠١/٢٠٢١) ماڕاتۆنیست و وەرزیشوانی بەهەڵوێست و چالاکی مەدەنی، بەڕێز “هێمن شێخە” خەڵكی خانێ‌ی قارەمان (پیرانشار)، بە مەبستی شەرمەزار کردنی شێواندنی گڵکۆی هونەرمەند محەممەدی ماملێ چالاکییەکی ڕاکردنی بەڕێوە برد.

بەڕێزیان بۆ پێشاندنانی خۆشەویستی بۆ هونەری کوردی و بەها نەتەوەییەکانی نیشتمان لە فەلەکەی مامۆستا ھێمنی شاری پیرانشارەوە بە مەودای ٨٩ کیلۆمیتر تا سەر مەزاری مامۆستا محەممەدی ماملێ لە گردی ناوداران لە شاری مەھاباد لە سەرمای نیزیک بە خاڵی مانگی بەفرانباردا ڕێپێوانی کرد.

لە درێژەی ئەو ڕێگایە دا بەردەوام لەلایان شارۆمەندان و ڕێبواڕانی ڕێگای نێوان ئەو شارانە، بە نیشانەی پشتگیری لەو کارە مەزن و کوردانەیە، بە شێوەی جۆراوجۆر هاندەریی خۆیان بۆ کاک هێمن پێشان دەدا.

کاتژمێر ١٥:١٥ خولەک لە دەستپێکی شاری مەهەباد و لە فەلەکەی مامۆستا هەژار موکریانی، بە ئامادەبوونی مێدیاکاران و جەماوەری خەڵکی مەهاباد و بەشێک لە بنەماڵەی مامۆستا ماملێ پێشوازییەکی گەرم لە پاڵەوان کاک هێمن شێخە و هاوڕێیانی کرا.

لە پاشان بە مەبەستی بەکۆتایی گەیاندنی پەیامەکەیان و بۆ گەیێشتن بە گردی ناودارانی کورد لە مەهاباد، درێژەیان بە ڕاکردنەکەیان دا و لە ڕێگا کەوتە بەر شەپۆلی چەپڵەلێدان و هانادانی خەڵکی ناو شار تا گەییە بوداق سوڵتان.

لەوێ بە ئامادەبوونی مێدیاکاران و بەشێک لە خەڵکی دڵسۆزی مەهاباد و بەشێک لە خەڵکی نیشتمانپەروەری پیرانشار کە بۆ پشتیوانی لەو هەڵوێستەی قارەمان هێمن شێخە و بۆ شەرمەزارکردنی شێواندنی گڵکۆ ماملێ لە پیرانشارەوە هاتبوون بۆ مەهاباد، هەروەها بە ئامادەبوونی بەشێک لە بنەماڵەی ماملێ، پێشوازی لە کاک هێمن کرایەوە.

لەپاشان کاک عەبدوڵا ماملێ هەم وەک کوڕی گەورەی مامۆستا ماملێ و هەم وەک نوێنەری مەڵبەندی هونەریی ماملێ، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا سپاس و پێزانین لەو هەڵوێستە جوامێرانەیەی کاک هێمن کرد و لەوحی ڕێزلێنانی ئەو مەڵبەندی وەک وەفایەک بۆ ئەو قارەمانی پێشکەشی کاک هێمن شێخە کرد.

لە کۆتاییدا دەنگخۆش و چالاکی هونەریی، کاک “پویا دەستڕەنج” بە گوتنەوەی گۆرانییەکی ماملێ لەسەر مەزاری ئەو هونەرمەندە کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.
ئێمە وەک مەڵبەندی هونەریی ماملێ پڕ بە دڵ سپاسی قارەمان، کاک هێمن شێخە دەکەین کە بەو هەڵوێستە جوامێرانە و میرخاسانەیان توانیان ئەو پەیامە دووپات بکەنەوە کە گەلی کورد بۆ بەها بە نرخەکانی نەتەوەی خۆی ئامادەیە هەموو نرخێک بدات و پشتوانی دەبێ.
نمونەیان هەر زۆر و تەمەنیان درێژ و لەشیان ساغ.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ

لە کامێرای پیرانشار ڕووداوەوە. بەشی یەکەم

لە کامێرای پیرانشار ڕووداوەوە. بەشی دووهەم

لە کامێرای هاژەوە.

وێنەکان

بابەتی پێوەندیدار