هونەروەران کاک “زانیار” و کاک “یاران” دوو لاوی خودان بەهرەی هونەریین کە سەرەڕای تەمەنی کەمیان، ڕێگایەکی دوور و درێژی هونەری توێشەبەرەیانە. هۆنینەوەی هەست و سۆزیان بە زمانی شیعر و هەڵبەست، ئەوەمان پێشان دەدات کە بنچینەی ئەدەبیی ئەو دوو هۆنەرە چەند لە زەبر و دارایە. لە کارێکی هاوبەشیاندا بە ناوی (لە خزمەت ماملێیا)، ماملێ بووەتە هەوێنی شیعریان و دیمەنێکی تەژی لە جوانی وێنا دەکەن. با بەیەکەوە خوێنەر و میوانی هەستی پاراوی ئەو دوو لێهاتوویە بین.
لە خزمەت ماملێیا

زانیار
لە دەنگی ماملێ بەولاوە، چ دەنگێ نایەتە بەر گوێ
دەڵێی ئاوێکە بۆ ئاوری خەراباتی دڵی پڕ سوێ!

یاران
برا حازربە ڕۆژێ وادەیی ماملێ دەبێ یەعنی
دەگەینۆ پێی هەتا بۆمان بڵێ یەک دوو قەتاری نوێ!

زانیار
بڵێی ئەو ڕۆژە بێ یاران، لەنێو گوڵزاری جەننەتدا؟
هەتا ئەو ڕۆژە بێ ئۆقرەم، دڵیش بۆ لەحزەیەک نانوێ

یاران
دەبینین و دەگەین پێی جا لەخزمەتیا دەڵێین: فەرموو
لەبۆ جەرگی من و زانە وەرە پێداکە تۆزێ خوێ!

زانیار
کە وا بوو من دەڵێم: ئۆخەی! گەیشتمە خۆشەویستی خۆم
بە سۆزی دەنگ و گریەی من، لە باخی دڵ گوڵان دەڕوێ

یاران
بڵێین ئەمڕۆ و سبەی، تاکوو قیامەت خاتیمەی نایێ
ئەوا یاران بەبێشەرمی لەخزمەت ماملێیا دەدوێ!

زانیار
بەڵێ وا چاکە سەر کز کەم، لە ئاستی سۆزی دەنگی وی
کە بڵمەی شیعری من لە کوێ و کە گۆڵمەی دەنگی ئەو لە کوێ!

یاران
بەناوی خۆم و تۆوە من دەڵێم: یاخوا برا ئێمە
بەساقەی دەنگی پیتی میم و ئەلف و میم و لام و یێ!
10ـی تەممووزی2021
