Skip to content

مێژوویەکی نەبیستراو لەسەر زیندانی کرانی هونەرمەند محەممەدی ماملێ لەسەر ئاڵای کوردستان (١٣٢٧ه – ١٩٤٨ز)


ساڵی ٢٠١٦ زیندوویاد مامە جەعفەرم دەگەڵ ئامۆژنی بەڕێزم بە سەفەرێک تەشریفیان هاتە وڵاتی سوئێد. ئەو سەفەرە زۆر خۆش و بەپیت بوو. تاسەی چەندین ساڵەمان شکا. چەند ڕۆژان بەیەکەوە بووین و دەگەڵ مامە جەعفەرم هەڵگێروەرگێڕی بیرەوەرییەکانمان کردەوە و یادی گەورەکانی پێشووترمان لە دڵدا دنە دایەوە. بە خۆشییەوە زۆربەی ئەو باس و خواستانەم بە کامێراکەم تۆمار کرد کە لە داهاتوودا لە کۆی کتێبەکەی بەردەستمدا چاپیان دەکەم تا مێژوویەکی ڕاستەقینە و بەڵگەمەند لە بنەماڵەمان بەتایبەت لە باوکم دەرکەوێ.

دەقی باسەکە؛

بابم، محەممەدی ماملێ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا تەمەنی ٢١ ساڵان بوو. وەک خۆی بۆی باس دەکردین، ئەو و مامە هاشمم چەکی پێشمەرگایەتیان هەڵگرتووە. مامە هاشمم کە ئەوکات تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، وەک شۆفیری کامیون (گەڵابە) لە وەزاڕەتی پێشمەرگە جێ دەگرێ کە لە وێنەیەکی بەناوبانگدا کە لە ژێرەوە دایدەنێم مامە هاشمم دیارە و دەگەڵ نەمر حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی بەرەو جەبهەی سەقز بەڕێوەن. باوکیشم سەرەتا لە سازمانی جەوانان ئەندام دەبێ . بە هۆی ئەوەکە بەژنی ماملێ لە بەژنی هاوڕێکانی بەرزتر بوو، ئاڵایەکی کوردستانیان دابوو بە محەممەدی ماملێ تا لە کاتی ڕێچکەی سازمانیدا و لەپێش ڕێچکە هەڵیگرێ. پاشان کە ئەو سازمانە تێکەڵ بە کۆمەڵەی ژ.ک و لەپاشان حزبی دیموکڕاتی کوردستان دەبێ، لە دەستەی پێشمەرگەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی دایدەنێین، دواتر کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی شاری مەهاباددا لە لایەن دەوڵەتی کوردستانەوە ڕادیۆ لە مەهاباد داندرا، باوکمیان لەو ڕادیۆیە جێگیر کرد تا بە گۆرانی و سروود بەشداری ڕادیۆکە بێ. ڕادیۆکە هەموو بەرنامەکانی بە ڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچوون و بە بڵیندگۆ (موکەبیرە) لە چەند شوێنی شار جێگیر کرابوو تا دەنگەکە خەڵک بیبیسێت. لەو ڕادیۆییەدا خوالێخۆشبووان مامۆستا هەژار موکریانی، عەلی خوسرەوی و ڕەحمان ئووەیسی بێژەر و نووسەری ڕادیۆکە بوون و چەند دەنگخۆشێکیش جارجار گۆرانی و سروودی نەتەوەییان دەگوت کە یەکیان محەممەدی ماملێ بوو. ئیتر تا کۆتایی تەمەنی کۆمار، ماملێ لەوێ خزمەتی کرد.


ئەوە هەمان وێنەیە کە لە بابەتەکەدا باسم لێکرد. ئەو کەسەی لە بازنەی دایە مامە هاشممە. لە ئەسڵدا ئەو شۆفیری کامیۆنەکەیە بەڵام وا وێدەچێ کە بۆ وێنە گرتنەکە لە پشت فەرمانەکە هاتبێتە خوار . تەنانەت باوکم هەمیشە  ئەو وێنەیە کە لە کتێبی ویلیام ئیگڵتندا بوو و مامۆستا محەممەد سەمەدی وەریگەڕاندۆتەوە، پێشان دەداین و قامکی لەسەر شۆفیرەکە دادەنا و دەیگوت ئەوە هاشمی برامە. بەڵام لەبەر ئەوە وێنەکە لە کتێبەکەدا بچووک بوو و چۆنییەتیشی باش نەبوو، بە باشی دەرنەدەکەوەت کە کێ، کێیە؟ ئەو وردە زانیارییانەش بەڕێز کاک حەسەنی قازی بۆی باس کردم کە بەو بەڵگەیەیە ئەو لەبەردەستی دایە وا وێدەچێ قسەی کاک حەسەن دروست بێ. بە هەموو پێوەرێکیش ئەو کەسەی کە لە بازنەکە دایە وەک مامە هاشمم دەچێ نەک شۆفیرەکە.

خوالێخۆشبوو مامە جەعفەرم لەو گرتەیەدا باس لە ڕووداوێک دەکات کە یەکەمجارە دەیبیسین کە ماملێ لەپاش تێکچوونی کۆماری کوردستان، ئاڵایەکی ئەو کۆمارەی هەڵگرتووە و لای خۆی پاراستوویەتی و نەیویستووە بکەوێتە دەستی عەجەمی داگیرکەرەوە، بەڵام کەس یا کەسانێک خەبەر دەدەن بە ئەڕتەش و سەربازی شاهەنشاهی کە ئەوە محەممەدی ماملێ یەک لەو ئاڵایانەی هەڵگرتووە و شاردوویەتییەوە. سەربازیی شای بە ماڵە باپیرم وەردەبن و باوکم لە ماڵ دەهێننە دەر و دەیگرن. ئیتر لەمەوبەولاوە خۆتان بیسەری باقی ڕووداوەکە بن لە زمان خوالێخۆشبوو مامە جەعفەرمەوە. پێویستە بڵێم کە لەو کاتەدا مامە جەعفەرم ٧ ساڵی تەمەن بووە و پوورە “توبا”شم ٩ ساڵ. ڕۆحی کۆچکردووان شاد و تەمەنی پوورە توباشم زیاد و سایەی لەسەرم بێ.

تا لەبیرم نەچۆتەوە: دەمویست ئەو بابەتە بۆ دوێنێ کە ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بوو دابنێم، بەڵام کاتم کەم هێنا و نەمتوانی. کورد گوتەنی ماسی هەرکات لە ئاو بیگری تازەیە. بۆ کوردیش کە بەردەوام بۆ وەدەست هێنانی مافە ڕەواکانمان لە خەبات و تێکۆشانداین ، هەموو ڕۆژێ، ڕۆژی ئاڵا و هێما نەتەوەییەکانمانە، بۆیە بمبوورن کە ڕۆژێک درەنگتر بڵاوی دەکەمەوە. پیرۆز و شەکاوێ بێ ئاڵای سێ ڕەنگ و درەوشاوەی کوردستانهەر بژین و هەر هەبن

وریا ماملێ


بابەتی پێوەندیدار