Skip to content

ساغکردنەوەی مێژووی وێنەیەک (٣)

دیسان وێنەیەک کراوەتە ئامانج و بە زۆر دەیانهەوێ مێژووی بشێوێنن. کەس یا ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن دیار نییە کە بۆ وا دەکەن یان چ مەبەستێک لە پشت ئەو هەڵوێستەیە؟ وێنەکە مێژووی دیارە و ١٣ ساڵە لە ماڵپەڕی فەرمیی ماملێ (www.mamle.net) بڵاو کراوەتەوە و لۆگۆی ئەو ناوەندەشی لەسەر.

کابرا هاتووە بێئەوەی تەنانەت یەک زانیاری لەسەر ئەو وێنەیە بدرکێنێ و بەردەنگی لێ ئاگادار بکاتەوە و تێمانگەیێنێ کە ئەو وێنەیەی لەکوێ بووە و کەسەکانی ناو وێنەکە کێن، هەر بە هەوەس ناو لەسەر کەسەکانی ناو وێنەکە دادەنێ. سازکردنی مێژووی ساختە و دوور لە ڕاستی جگە لەوەی مێژووی هونەری کوردی پێ چەواشە دەکرێ، هیچی تری لی شین نابێ.

ئەو وێنە زۆر کۆنە و (ڕەنگە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٣٨ تا ١٣٤٢ گیرا بێت) لە باغێکی دەوری مەهاباد چرکێندراوە. لە بەدواداچوونێکی ورد کە مەڵبەندی هونەریی ماملێ بۆی کردووە و دەگەڵ کاک عەزیزی ماملێ (خانە)، کاک حەسەنی قازی و کاک عەبدوڵڵای ماملێ ڕاوێژ کراوە. ئەو کەسانە بە هۆی تەمەنیانەوە توانایی ئەوەیان هەیە کە کەسەکان بناسنەوە و مێژووی ئەو وێنەیە ساخ کەنەوە. لەو وێنەیەدا ئەو کەسانە دەردەکەون:

دانیشتوو کە پێچ و کڵاوی لەسەرە، محەممەدی ماملێیە، ئەوی تر کە دانیشتووە تا ئێستا نەناسراوەتەوە، هەروەها ئەو خانمە کە لە لای ڕاستی وێنەکە دەردەکەوێ نەناسراوەتەوە، وا پێدەچێ کە ئەو دوو کەسە میوانی غەوارەی فارس یان ئاذەری بووبن. ئەوەی لە پشت سەری ماملێ ڕاوەستاوە  کاک قاسم گەنجەلی (وەفا) ـیە و ئەوەی سیغارەکەی بۆ هەڵدەکات کاک (سمایلی گەنجەلی)ـیە کە نیزیکترین دۆست و هاوڕێی و هەروەها بەیەکەوە دەگەڵ ماملێ لە کۆنترین یاریزانانی تۆپی پێی مەهاباد بوون. ئەو کەسەی کە پێچ و کڵاوی لەسەرە و لەپەنا ژنەکە ڕاوەستاوە هەندێک دەڵێن عەلی یاوەرە  (ڕەهبەر) و هەندێکیش دەڵێن مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادەیە بەڵام، هەموویان هەر بە دوودڵی لەسەر مەلا حوسێن قسە دەکەن و زیاتر قامک بۆ عەلی ڕەهبەر ڕادەکێشن. ئەوەی لەو وێنەیەدا دەنگۆی لەسەرە ئەوەیە کە دەڵێن ئەو کەسەی لەپەنا ژنەکە ڕاوەستاوە نەمر مامۆستا حەسەن زیرەکە کە بە هیچ شێوەیەک وا نییە و ئەو بەڕێزانە ڕەتی دەکەنەوە.

وێنەیەکی کاک عەلی یاوەر (ڕەهبەر) لەو سەردەمدا.

بابەتی پێوەندیدار