ڕاپۆڕت: ئاسۆ وەلی
لە بیست و چوارەمین ساڵ یادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە و ناوداری کورد مامۆستا ( موحەمەدی ماملێ ) لە شاری هەولێری پایتەخت، لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری هەولێر و بە هاوئاهەنگی دەگەڵ ڕێکخراوی پەرەپێدانی کاری ڕاگەیاندن و بە سپۆنسەری کۆمپانیای سەفیر، هەروەها بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەند و هونەردۆست و ماملێ دۆستان یادی ئەو کەڵە هونەرمەندە بەرز ڕاگیرا .
دوای بەخێرهێنانی ئامادەبوانی یادەکە و هەریەک لە بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و پارێزگاری هەولێر ووتەیان پێشکەش کرد و ڕۆڵ و جێ دەستی ماملێ و خانەوادەکەیان لەناو هونەری کوردیدا بەرز نرخاند .
دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری بەخشرا بە هەریەک لە ( عەلی جافری ) و ( جەعفەری ئەمینی ) کە ساڵانێکی زۆر هاودەمی مامۆستا ماملێ بوونه و بە ئامێری زەڕب و سەنتوور، لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا لەگەڵی بەشدار بوونە .
لە کۆتاییدا بە هاوکاری گرووپی مۆسیقای ماملێ، هەریەک لە هونەرمەندان ( چیای ماملێ ) و ( سامان عومەر ) و ( سوڵتان عەباس ) بە چەند گۆرانیەکی ناوازەی ماملێ یادەکەیان جوانتر کرد و هەست و سۆزی ئامادەبوانیان بۆ چەند ساتێک لەگەڵ دونیای هونەری ڕەسەنی کوردی و دەنگ و سەدای ماملێی مەزن ئاوێتە کرد .
وتەی بەخێرهێنان لەڕێوڕەسمی یادی ٢٤ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەند (محەممەدی ماملێ) لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووس ( عوسمان رانیەیی) بەڕێوەبەری رێکخراوی پەرەپێدانی کاری راگەیاندن و ئەندامی دەستەی سەرپەرشتی یادی ماملێ. هەولێر23-1-2023
بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی خۆشەویست، خوشکان برایانی بەڕێز، ماملێ دۆستان، ئێوارەتان باش
بەناوی دەستەی بەڕێوەبردن و ڕێکخەرانی ئەم یادەوەرییە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ڕێکخراوی پەرەپێدانی کاری راگەیاندن، بەخێرهاتنێکی گەرمی هەموولایەکتان دەکەین. خۆشحاڵین لەم ئێوارە کۆڕە و لەکەشێکی پڕ لە وەفاداریدا ڕێزبگرین لە٢٤مین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی نەمر مامۆستا ( محەمەدی ماملێ ).
خۆمان بەبەختەوەر دەزانین، بەڕێز و پێزانینێکى زۆرەوە یادی گەورە هونەرمەندێکی گەلەکەمان بکەینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرزڕاگرتنی گیانی پیرۆزی هونەرمەند و ئاوڕدانەوەیەک لە خەبات و تێکۆشانی هونەری و ئەو گەنجینە بەنرخەی کە ماملێی هونەرمەند لە ماوەی ژیانیدا پێشکەشی گەلەکەیکرد. هاوکات ئامانجێکى تری یادکردنەوەکەمان پاراستنى سامانی کەلەپوورى نەتەوەییمان و بەهێزکردنی پردی پەیوەندی و قوڵکردنەوەی گیانی برایەتی نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کوردە لەهەر بەشێکى کوردستان و لە هەرکوێیەکی جیهان بن.
بەڕێزان ئەمەجاری یەکەم نییە لەهەرێمی کوردستان یادی هونەرمەندانی پارچەکانی دیکەی نیشتیمان دەکرێتەوە، بەڵکو بەردەوام ئەو بزاڤە رۆشنبیرییانە لەئارادابوون، کە پێشتر لەباشووری کوردستان یادى شاعیرانى ناودار روناکبیرانی گەلەکەمان کراوەتەوە بەبێ جیاوزی ڕێزییان لێگیراوە. وا ئەمڕۆکەش لە هەولێری پایتەخت و لە ژێر چاودێرى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، یادی هونەرمەندى مەزن مامۆستا محمەدى ماملێ دەکەینیەوە و بۆ چەند ساتێک ئاوێزانى هەستی جوانی هونەریی و چریکەى دەنگ و ئاوازە ڕەسەنەکانى ماملێى عاشق بەخاک و نیشتیمان دەبینەوە.
لەکۆتاییدا جێی خۆیەتی سوپاسێکی گەرمی هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکەین کەهاوکاربوون لەسازکردن و بەڕیوەچوونی ئەم یادەوەرییە. هاوکات سوپاسی گروپی کۆمپانیاکانی(سەفیر ئەحمەد خاڵە) دەکەین، کە ئەرکی سپۆنسەری گشتی ئەو یادەیان گرتە ئەستۆ، نموونەیان زۆربێ و کوردستان ئاوەدان و ئێوەش هەرشاد و بەختەوەربن.