Skip to content

سپاس و پێزانینی بنەماڵەی ماملێ

سپاسنامە

بە داخ و كەسەری زۆر، ڕۆژی ٧ی مانگی فێوریەی ئەوساڵ، خۆشەویستمان هێدی (خالید) ماملێ ماڵ ئاوایی لە ژیان كرد و بنەماڵە و دۆستان و نزیكانی لە خەم و پەژارە هاویشت. بەڵام بە بەختی گەورە، كۆمەڵگای كوردەواری لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵات بە هانامانەوە هاتن و كوڵیان لە دڵ هەڵگترین و سێبوورییان لە جێی دانا، تواندنەوەیان لێ پەرتەوازە كردین و توانایان لە دەروونمان دا بەرز كردەوە. گشت لایەنەكان، لە تاكەكان هەتا كەسایەتیەكان، لە پێكهاتەكان هەتا ڕێكخراوەكان، لە مێدیاكان هەتا ئەنستیتوەكان لە ڕێ و ڕەسمەكان دا لەگەڵمان بوون و پشوویان پێ بەخشین. هاوڕێمان بوون و هەنگاویان وەبەر ناین. هاودەنگمان بوون و ڕوویان سوور كردین. هاوبەشمان بوون و سوكناییان بۆ دەستەبەر كردین، هاوخەممان بوون و خۆڕاگرییان بە دیاری بۆ هێناین. وتە بە نرخەكان و وشە جوانەكان و هەلس و كەوتەكانیان بوون بە هەوێنی دڵگەرمی و دوور خستنەوەی ماتەمینیمان.
بە هەست و هەناو و بە بڕوایەكی پاراو جوانترین سپاس لەگەڵ سڵاو پێشكەشی هەموو ئازیزان و خۆشەویستان لە كورد و غەیرە كورد دەكەین، بە تایبەت ئەوانە كە لە ڕێگای دوورەوە لە وڵاتەكانی ئورووپایی بۆ بە شداری لە ڕی و ڕەسمەكانمان دا سەفەری فەرانسەیان كردبوو. ئاواتەخوازین هیچ كاتێك تووشی پەژارە و ئازار و مەینەت نەبن.
سپاسی زۆر ئاراستەی مێدیاكانی كوردستان دەكەین كە بە دڵسۆزی و دڵپاكی هەواڵەكانی كۆچی دوایی هێدی ماملێ یان بڵاو كردەوە و بە كات و سات ئاگادارییان لە ناو كۆمەڵگا دا دابەش كرد.
پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێز كاك كەنداڵ نەزان دەكەین كە بە دڵفراوانی هەلیان بۆ ڕەخساندین كە لە ئەنستیتۆی كوردی پاریس كۆڕی دانیشتن و كۆبوونەوەی ڕێزگرتن لە هێدی كۆچ كردوومان بەڕێوە بەرین .

بنەماڵەی ماملێ لە دەرەوەی وڵات
پاریس، ١٣ ی مانگی فێوریەی ٢٠٢٣

بابەتی پێوەندیدار