Skip to content

دڵسۆزێکی نیشتمان

کاک عوسمان ئاغا ئەمیر عەشایری (شاوەلە)

کورد زۆر جاران ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات کە باشە ئەوە سەدان ساڵە دەمانچەوسێننەوە، دەمانتوێننەوە، دەمانسوتێنن و  دەمانفەوتێنن و … باشە، بۆ بەرگە دەگرین؟ بۆ هەر ماوین؟ بۆ ڕەگمان وا بەهێزە؟ بۆ ئێستاش هەناسە دەدەین؟

وەڵامەکان ڕەنگە زۆر هۆکار بێ بەڵام یەک لە بەهێزترین هۆکارەکان، هەبوونی دڵسۆزان و خەمخۆرانی بواری هونەر و وێژەیە بە تایبەت ئەو کەسانەی کە مێژوو و وشە و ڕەسەنایەتیان بۆ پاراستووین. ئەو پارێزەرانە دەتوانێ بەیتبێژێک، حەیرانبێژێک، بەندبێژێک، گۆرانیبێژێک، شاعیرێک، یا کۆکەرەوە و پارێزەرێکی ئاسەوارە ئەدەبی و هونەرییەکان بێ.

کاک عوسمان ئاغا ئەمیر عەشایری (شاوەلە) یەک لەو خەمخۆرانەیە کە دڵی بۆ هونەر و گۆرانی گەلەکەی لێدەدات و بە سەر و ماڵ لە هەوڵی کۆکردنەوە و پاراستنی مێلۆدی و گۆرانی کوردیدا بووە، بەتایبەت گۆرانییەکانی ماملێ. بەڕێزیان بە یەک لەو ئاڕشیودار و کۆکەرەوانەی دەناسرێ کە خاوەن دەوڵەمەندترین خەزێنەی گۆرانییەکانی ماملیێ‌یە. ئەو کۆکراوانە لە درێژایی تەمەنیاندا و بە تەرخانکردنی تێچوویەکی خەیاڵی کەڵەکە بووە. لە ناوی دا کۆمەڵک گۆرانی ماملێ هەیە کە سەر بە زەمەنی کۆنن و کاتێک بووە کە قەوان و گرامافۆن باوی نەماوە، گشت فرۆشگاکانی قەوان مایەپوچ ببوون و ڕێڵە و زەبت پێشکەوتووترین تێکنۆڵۆژی سەردەم جێگای قەوانی گرتبۆوە. ئەو کەرەسە تازانە تەنیا دەوڵەمەندەکان توانایان هەبوو بیکڕن و هەیانبێ. ئەوانیش هەوڵیان دەدا دەنگی هونەرمەندانی بەناوبانگی سەردەمی خۆیانی پێ تۆمار بکەن.

کاک عوسمان ئاغا ئەمیر عەشایری (شاوەلە) و کوڕەکەی کاک سامڕەند

کاک عوسمان کە خۆی سەر بە عەشیرەتی بڵباس و مامەشە، لە کۆنەوە دەستڕۆییشتوو و هومام بوون. لە لایەکی تریشەوە دۆستایەتی و تێکەڵاوی محەممەدی ماملێ دەگەڵ ئەو عەشیرەتە وەها گرێدراو ببوو کە وەک یەک بنەماڵەیان لێهاتبوو. لەبەر ئەو تێکەڵاوییەوە، ماملێ کۆمەڵێک گۆرانی و بەرهەمی هەیە کە دەگمەنن و لەلای زۆر لە ئەندامانی ئەو تایفەیە پارێزراوە بەتایبەت کاک عوسمان ئەمیر عەشایری (شاوەلە) کە جێی سەرسووڕمان، سپاس و دەستخۆشییە.

بێگومان هەر یەک لەو گۆرانییانە کۆمەڵێک زانیاری و بەدەستەوە دەدات و کۆمەڵێک شیعر و هەڵبەست زیندوو دەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر مێژووی ئاواز و ڕووداوەکان. بۆیە ئەو ماندووبوونانەی کە کاک عوسمان و کاک عوسمانەکان کردوویانە خۆی کوردایەتییەکە ڕەسەن، کە خەمڵیوە و بە نیشتمانپەروەرییەکی بێهاوتا.

لێرەدا یەک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان لە ناو ئاڕشیوی کاک عوسمان دا دۆزراوەتەوە کە ماملێ لە درێژایی تەمەنی دا  یەکەمجارە بە تەنیا دەیڵێتەوە. ئەویش گۆرانی (عەمرم کەتانە)یە. لە ساڵەکانی دواتردا ئەو گۆرانییە بە دووقۆڵی هاورێ دەگەڵ مامۆستا مەلا حوسێن عەبدوڵازادە گوتراوە و ماملێ سەربەندی بۆ گێڕاوەتەوە بەڵام تا ئێستا نەبیستراوە کە ماملێ ئەو گۆرانییە بە تەنیا بڵێتەوە. سپاس لە کاک عوسمان و ئاڕشیوە دەوڵەمەندەکەی کە ئەو گۆرانییەی تێدا بوو. هیوای تەمەندرێژییان بۆ بە ئاوات دەخوازین و دەستیان بە گەرمی دەگوشین.

بابەتی پێوەندیدار