Skip to content

لە ڕۆژی لەدایکبوونی م.ماملێ دا، دوو تابڵۆی هونەری پێشکەش بە ماڵی ماملێ لە مەهاباد کرا.

١٢ی جۆزەردانی ٢٠٢٣، ٩٨ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی هونەرمەند کورد مامۆستا محەممەدی ماملێ‌یە. ئەمڕۆ پێنجشەممۆ ١١ی جۆزەردانی ٢٠٢٣ لە ڕووداوێکی کوردانەدا، هونەرمەندی شێوەکار کاک “ئیرەج قادری ئازەر” ٢ تابڵۆ کە پۆرترەی مامۆستا ماملێ‌ن، پێشکەشی کردووە بە ماڵی ماملێ لە مەهاباد. یەک لەو تابڵۆیانە چوار ساڵ پێش نەخشاندبووی و لە وێنەکەی لە سۆسیالمێدیا بە یادی ماملێ بڵاوی کردبۆوە و ئەمڕۆش لە ماڵی ئەو هونەرمەندە هەڵیهاوەسی. بەو بۆنەیەوە تاقمێکی چەند کەسی لە هونەرمەندان و شارۆمەندانی مەهاباد بە پێشوازی ئەو هەڵوێستەی هونەرمەند ئیرەج  قادری ئازەر چوون و بۆ دەستخۆشکردن لەو کارە جوانە لە ماڵی ماملێ بەشدار بوون و هەردووک بۆنەیان پیرۆز ڕاگرت.

هونەرمەند ئیرەج قادری ئازەر (ژیلەمۆ)

هونەرمەند ئیرج قادری ئازەر کە نانسناوی (ژیلەمۆ)ی هەیە،  لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. بە هۆی کارەکەی باوکی لە زێدی خۆی دوور کەوتۆتەوە و لە شارەکانی مەراغە، سنە، و تەورێز گەورە بووە.  لە منداڵییەوە خولیای شێوەکاری بووە و باوک و دایکی گەورەترین هاندەری بوون. لە تەورێز لە ژێر دەستی مامۆستا کامڕان کامڕانی ڕاهێنانی لەسەر شێوەکاری بە (ڕەنگ و ڕۆن) دەگەڵ کراوە. هاوکات لە بەشی ئەندازیاری دەرسی خوێند و بوو بە ئەندازیاری پیشەسازی.
کتێبی ناڵەی جودایی گەورەترین کاریگەری لەسەر ڕۆحی داناوە تا شێوەکاری بکاتە ژانڕێک بۆ خەبات و گەشەی هونەری کە هەوێنەکەی نەتەوە و خەڵک خۆی بێ. زۆر تابڵۆی دەگمەنی ئافراندووە کە دەتوانین ئاماژە بە تابڵۆی ڕەشەکوژی خەڵکی سابڵاخ لەلایەن ڕووسەکان، تابڵۆی قەڵای دمدم، تابڵۆی کۆسە مەڕەنجان، تابڵۆی پیاوانی نەسووتی پاوە، تابڵۆی ژنانی بەهار و ….چەندین تابڵۆی تر بکەین.  

ئەو سەبارەت بە هەڵبژاردنی ناسناوەکەی دا دەڵێ: بۆیە ناوی ژیلەمۆم هەڵبژارد چون وێکچوونێکی باش لە نێوان ژیلەمۆی ئاگر دەگەڵ ناوەرۆک و مەبەستی کارەکانی خۆمدا دەبینم بۆ بووژاندنەوە و وێنا کردنی کولتوور و ئەدەبی خاکەکەمدا.  

👆 بەشی یەکەم 👆
👆 بەشی دووهەم 👆
👆 بەشی سێهەم 👆
👆 بەشی کۆتایی 👆

وێنەکان

بابەتی پێوەندیدار