Skip to content

“لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتارێ” خوێندنەوەی مامۆستا هێمن و قەتاری ماملێ

ئەو فیلمەی دەیبینن یەک لە دەگمەن فیلمەکانە کە لە هونەرمەندان مامۆستا هێمن و مامۆستا محەممەدی ماملی و مامۆستا محەممەدی دانیش بەجێ ماوە. ئەو فیلمە لە شاری مەهەباد و لە ژێرزەمینی ماڵی هونەردۆست کاک عەزیزی خاڵندی لە کەش و هەوایەکی دژواری ئەمنیەتی و ترسێنەردا تۆمار کراوە. ئەو سەردەم هیچ کە موسیقا و ئالاتی موسیقا گەورەتری تاوان ئەژماردە دەکرا، کامێرای فیلم هەڵگرتنیش خۆی دەبوو بە بەستێنەی دەیان تاوانای هەڵبەستراو کە دەتواندرا خاوەنی کامێراکە تا لێواری لەسێدارەدان بەرێ. لەو گرتەیەدا مامۆستا هێمن موکریانی بە شیعر بەشداری دەکات و چەند وتەیەکی گرینگ پێشکەش دەکات و م.ماملێش بە گۆرانی کۆڕەکە دەڕازێننەوە. وەک مامۆستا هێمن دەفەرموێ لە غەریبایەتی و لە تەنیایی خۆیاندا یەک لە هەڵبژاردەترین شیعرەکانی خۆی هۆنیوەتەوە کە هەوێنەکەی قەتار و دەنگی ماملێ بووە. ئەو شێعرە ناوی (یادم بکەن) ـە کە تێێدا ئاوات دەخوازێ بە دەنگ و قەتاری محەممەدی ماملێ یادی مامۆستا هێمن بکرێتەوە. ئەوەی کە گرینگی ئەو گرتەیە دەباتە بان ئەوەیە کە بە زیندوویی خۆی مامۆستا هێمن ئاواتەکەی دێتە دی و خۆی شیعرەکە دەخوێنێتەوە و ماملێش قەتارەکەی بۆ دەڵێ.

زۆر بەداخەوە بە هۆی نەبوونی کەرەسەی باشی تۆماری دەنگ و ڕەنگ چۆنیەتی دەنگ و ڕەنگی ئەو دانیشتنە زۆر لاوازە بەڵام چ لە بایخی دانیشتەکە کەم ناکاتەوە یەک لە یادگارییە هەرە بەنرخەکانە لەو دوو هەنەرمەندە کە بۆمان بە یادگار ماوەتەوە.

بابەتی پێوەندیدار