Skip to content

شرۆڤەیەک لەسەر هۆنراوەی “شاری دڵ”

نووسین و ئاماده‌کردنی: ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

شاری دڵ

من دەڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانە، دەچم!
عەقڵ ئەڵێ نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە، نەچی!
من دەڵێم نوختەیی ئەو ڕەوزەیی ئیمانە، دەچم!
ئەو دەڵێ نا، ڕەشەجێ ڕاوگەیی شەیتانە، نەچی!
من دەڵێم مەسکەن و ئارامگەیی جانانە، دەچم!
ئەو دەڵێ سەربەسەری تێکچووە، وێرانە، نەچی!
من دەڵێم جێگەیی هەر شێت و جنوونانە، دەچم!
ئەو دەڵێ نا، زەدەیی پەنجەیی پەریانە، نەچی!
من دەڵێم مەرکەزی ئەسڕاڕی حەریفانە، دەچم!
ئەو دەڵێ جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە، نەچی!
من دەڵێم وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە، دەچم!
ئەو دەڵێ کونکونە، جێگەی سەرەپەیکانە، نەچی!
لەو هەموو چوون و نەچوونە سەری سوڕ ما “کامیل”
من دەڵێم جوانە دەچم، ئەو دەڵێ واجوانە نەچی

گۆرانی شاری دڵ

کێشەی نێوان مێشک و دڵ، یان عەقڵ و هەست کێشەیەکی لەمێژینی مرۆڤە. لە ئەدەبی کۆنی ناوچەکەدا دڵ بە مەرکەزی هەست و مێشک بە ناوەندی عەقڵ دانراوە. شاعیران و هەستیاران ویستوویانە بکەونە شوێن دڵیان و هەست بە سەر عەقڵ و مەنتیقی ویشکدا زاڵ بکەن. فەیلەسووف و ئەهلی کەلام سێ ودوویان نەکردووە لەوەی بکەونە شوێنی عەقڵ و خۆ لەوە بپارێزن کە جڵەوی کارەکانیان بدەنە دەست هەستێک کە ناتوانرێت سوغرا و کوبڕای مەنتیقی بۆ بچێنرێت و ئاکامی ڕوونی لێ وەربگیرێت.

enwer soltani
مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی

عارفانی مەزنی مێژووی ئیسلام لە نێوهەموو گەلانی ناوچەکە و یەک لەوان کورد دا، دڵیان بە کانگەی ئەوین و ئاوێنەی زاتی خودا زانیوە و خۆیان لە “عاقڵان” واتە بەرماڵ بەشان و تەسبێح گێڕان بەدوور زانیوە کە توێکڵ و واتای قاڵبییان لە ژیانی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە و تەنیا بە نوێژی ڕواڵەتی و حەجی خشت و بیناوە خەریک بوون و نەچوونەتە حەجی دڵ واتە لە قووڵایی واتای ژیان و شوێن و پێگەی مرۆڤ لە کەون و مەکان تێنەگەیشتوون . مرۆڤێک کە لە بنەڕەتدا ئیشڕاقی نووری خودایە و تەنانەت وەک هەموو دیاردەیەکی دیکەی کائینات بەشێکە لە زاتی ئەو و بەم پێیە دەتوانێت عەینی ئەویش بێت. “انالحق” گوتنی مەنسوور و دەست لە ملی سەگ کردنی شیبلی و “السلام یا اللە!” پێگوتنی، دوو نموونەی ئەو هەڵوێست و باوەڕەن.

لە شیعرەکەدا، شاعیر هەڵوێستی ڕوونە، ئەو دەیەوێت بەرەو شاری دڵی بڕوات و لە هەموو ماوەی وتووێژەکەدا لە سەر هەڵوێستی خۆی دەمێنێتەوە. ئەو دڵ بە باغ و گوڵستان، باخی بەهەشت، ئارامگەی جانان، شوێنی شێت و مەجنوونان، مەرکەزی ئەسڕارێ حەریفان و مەئمەن و قەڵغانی کاتی مەترسی دەزانێت بەڵام لایەنەکەی دیکە واتە عەقڵی سەر، وەک مڵۆزمێک لەبەرانبەریدا دەوەستێ و تەفسیرێکی جیاواز لە تەعبیرەکانی ئەو بە دەستەوە دەدات. عەقڵ، واتە هەموو مزگەوت نشینان کە نوێژ دەکەنە بەرتیل و بەخودای دەدەن بۆ ئەوەی لە ئاگری جەهەننەمیان بپارێزێت، شاری دڵ بە شاروچکەی ڕاپەڕینی سەرخۆشان، ڕەش، جێ ڕاوگەی شەیتان، شێواو و وێران، زەدەی پەنجەی پەریان جێگەی تەماعی حەسوودان و کونبووی سەری پەیکان دادەنێن و پێی دەڵێن دوورکەوەوە، نەکا بچیە شوێنێکی وا مەترسیداری بێ متمانە، وەرە لای خۆمان و لەبیری داهاتووتدا بە، پاشەکەوت بکە و دواڕۆژت دابین بکە!

دیاردەی گرنگ لە شیعرەکەدا ئەوەیە شاعیر لە مەقتەع واتە دوافەردیدا هیچ بڕیارێک نادات و ئەو پرسیارە ئەزەلی و ئەبەدییە بێ وەڵام دەهێڵێتەوە کاتێ دەڵێ سەرم سوڕ ماوە و نازانم چ بکەم؟ من دەڵێم بچم ئەو هەر دەڵێ مەچۆ! ئەگەر شاعیر لێرەدا بیویستایە هەڵوێست بگۆڕێت یان بڕیاری کۆتایی بدات چارەنووسی شیعرەکەش دەگۆڕا و شاعیر دەبووە مرۆڤێکی خۆخۆشەویستی ملهوڕی زۆرداری خۆ بەسەر خوێنەرداسەپێن کە لە جیاتی ئەوان بڕیار دەدات و پێیان دەڵێ چی بکەن باشە. بەڵام ئەو سەید کامیلەی ئێمە دەیناسین بەو کەسایەتییە ناسک و هەستیارەوە، ڕێبازێکی وا دوور لەچاوەڕوانی هەڵنابژێرێت، بەپێچەوانە، لەسەر هەڵوێستی خۆی دەمێنێتەوە و سادقانە دەڵێ: من وام پێ جوانە بچمە شاری دڵەوە لە کاتێکدا بەرانبەرەکەم کۆڵ نادات و وەک چۆن لەسەرەتادا گوتوویەتی، لە کۆتاییشدا هەر دەڵێ واجوانە نەچی! ئەوەش ڕێژەیی بوون (موتڵەق نەبوون) ی فیکری مرۆڤ و دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و لە ئەنجامدا، ئەزەلی و ئەبەدی بوونی پرسیارەکە دەگەیێنێت و دەریدەخات کە هەڵوێست و خواستەکانی مرۆڤ یەک چەشن و یەک شێواز نین و ژیان بەو ناتەبایی و دژایەتییانەوە واتا پەیدا دەکات، ئەوەش دیالکتیکی ژیانە.

(ڕەوانشاد مامۆستا موحەممەدی ماملێ بە دەنگە خۆش و ئاوازە بۆلبۆلاسا و شنە بەهەشتییەکەیەوە ئەم شاکارەی پێشکەش بە هەمووان کردووە)



بابەتی پێوەندیدار