موەفەق ئیبراهیمی
ئێوارە ڕۆژێکی پاییزی،هەورێکی ڕەش بە ئاسمانی شارەوە،نمەنمەی باران و شوێنی پیاسەکردنم هەر وەکوو جاران تەنیشت گۆرستانی ناوداران،شوێنێکی ئارام و دڵگر جێی حەسانەوەم
دەنگی دڵۆپەکانی باران لە کاتی کەوتن بە سەر زەوی و گەڵا هەڵوەریوەکانی ناو دارستانی گۆڕستانەکە جوانترین و دڵڕفێنترین مۆسیقای خوڵقاندوە .
لەپڕ دەنگێک هات ،هەموو گیانم تەزی،مچوڕکێکی بەهێز هەموو لەشی داگرتم.دەنگێکی ئاشنا و پڕ لە جوانی دەنگێک خۆشتر لە دەنگی باران و هەموو باڵندە دەنگ خۆشەکان،دەنگێک پڕ لە بیرەوەری(ئەی بارانەو بارانە ئەی هەوای چۆمی مەجید خان)ئەی داد وبێداد لەو دەنگە خۆشەو لەم گۆرانیە،
جا وەرە سەیریکە تەنیایی و پیاسەو باران تێکەڵاوی دەنگی ماملێ بێ دەبێت بە چی؟ئەویش بۆ منی شەیدای دەنگ و هونەری ماملێ،بۆ منێک کە زۆر سات و زۆر شەوەکانی تەمەنم لە گەڵ ئەو دەنگە تێپەڕیوە و لە هەر سووچێکی ماڵەکەمدا وێنەیێکی هەڵهاوەسراوە.
پێ و شوێنی دەنگەکەم گرت، دیتم لاوێکی کەم تەمەن لەسەر مەزاری ماملێ دانیشتوەو پاڵی وە دیوارەکە داوەو،مۆبایلێک بە دەستەوەو گۆرانیەکە گوێ دەداتێ و خۆشی زەمزەمەی دەکاتەوە.
پاڵم وەپاڵیدا بێ ئەوەی هیچ بڵێم و هیچ بڵێ لەتەنیشت یەکتر دانیشتین تا گۆرانیەکە تەواو بوو،هەناسەیێکی لە قوڵایی دڵەوە هەڵکێشاو وتی توخوا حەیف نیە ئەو دەنگە بمرێ؟ئەو قسەم زۆر بەدڵەوە قورس و گران هات وتم ماملێ نەمرە وەک هەموو گەورە پیاوەکانمان وهەموو ڕۆژێ کە گزینگی خۆر لە خۆر هەڵاتی سابڵاغ لووتکەی چیا سەرکەشەکان دەنگێوێ چریکەی دەنگی هەرمانی ماملێ لەناخی دڵی کیژ و لاوەکانی نیشتماندا تاکوو نیوەشەو دەنگ ئەداتەوە،
ماملێ لەناو دڵی هەموو کیژو لاوانی ئەم نیشتمانەدا جێی هەتاهەتایی هەیە و خۆشەویستیانە.
ماملێ دەنگێکە پڕ لە ئەوین و جوانی و ئەوین و جوانیش قەت نامرێ و تەواوی نایەت،ماملێ وێنەیێکە جوانتر لە بەهار و گوڵ وکوێستان،پەلکەزێڕینەیێکە دوای باران لە ئاسمانی ئەدەبی کوردەواریدا.
چریکەی ئەو دەنگە جوانەی ماملێ بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوەو هێوەرکەرەوەی دڵانی پڕ لەناسۆری دڵ بریندارانە،ماملێ باخەوانی هونەری کوردیە و گۆرانیەکانیشی هەموو گوڵ و ڕیحانەی بۆن خۆشن کە بۆن و بەرامەیان سەرتاسەری کوردستانی خەمڵاندوە،
چاوم لە لاوەکە کرد دیتم زەنگۆڵ زەنگۆڵ فرمێسکەکانی تێکەڵاوی دڵۆپەکانی باران دەبوو و بەسەر گۆنەکانیدا دەهاتنەخوار
چاوی لێکردم و وتی بڕیارم بێ و سوێندبێ بە گۆڕی ماملێ لەمەو بەدوا نەڵێم ماملێ مردوە و هەمیشە بە زیندویی یادی دەکەم.ماڵئاواییم لێکردو سەربەرەژێر بوومەوە بەرەو ماڵ.