Skip to content

نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا دەژین

هیوا ساعیدی

کەسایەتی و ئاکار و ئەخلاق و نیشتمانپەروەری و ھونەرمەندی و وشە شیرین و جوانەکانی ماملێ لە یاد و دڵی هەموو کوردستان زیندوون و لە بیر ناکرێن،

لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ
لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتارێ
یادم بکەن یادی منی دوور وڵات
یادی منی ڕێبواری ڕێگەی خەبات
یادی منی بێبەش لەخۆشی و شادی
یادی منی سەودا سەری ئازادی

بە درێژایی مێژووی خەبات لە کوردستانی رۆژهەڵات، هونەر هەمیشە لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی ئەو شۆڕشەدا بووە، هەندێک جار ئەگەر خەباتی سیاسیی بەهەر هۆیەکەوە پاشەکشێی کردبێت، بەڵام هونەری بەرگری هەمیشە نەک سەنگەرەکانی بەرگری چۆڵ نەکردووە، بگرە بەردەوام رووەو پێشەوە هەنگاوی ناوە. مامۆستا ماملێ ھەر لە سەردەمی لاوییەوە وەک ھونەرمەندێکی ئازادیخواز و پڕلە هەستی رەسەنایەتی دەرکەوتووە و بەپێی ئەرکی کۆمەڵایەتی و کوردایەتی، خۆی پێگەیاندووە.لە سەخترین قۆناخەکانی ژیاندا، وەک بولبولێکی ئەویندار، سەری لە ھەموو ھەوار و کوێستانەکانی کوردستان داوە و مزگێنی شادی و ئازادیی بۆ ڕێڕەوانی ئەوین ھێناوە. لە ڕۆژانی خۆشیدا بە بەستە و گۆرانی، بەزم و کۆڕی ھاوقەتارانی ڕازاندووەتەوە و لە ڕۆژانی تەنگانەشدا بە قەتار و لایە لایە و نیشتمانی لاواندووەتەوە. مامۆستا ماملێ بێجگە لە کوردایەتی، سەربازی ھیچ ڕێبازێکی ئیدەئۆلۆژی نەبوو؛ ئەو تەنیا گیانبازی نەتەوەکەی بوو. یەک لەو خەباتکارانەی هونەری کوردی بووە کە بە درێژایی تەمەنی بۆ چرکەیەکیش سەنگەری بەرگریکردن لە نەتەوەکەی چۆڵ نەکرد و بوو بە قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەکردنی شۆڕشگێڕانی بواری هونەر. ماملێ تێکەڵەیەک لە رۆحی یاخیبووی خانی و لاوێچیک لە سۆفیگەری وەفایی و مشتێک لە خاکەڕایی پێشەوای تێکەڵ بە تۆمارێک لە شانازییەکانی ئەردەڵان و تاقوەسان کردبوو و لە موکریان مانیفێستی یەکبوون و کوردبوونی بەرجەستە دەکردەوە.

‌hiwa Saedi

بابەتی پێوەندیدار