ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی٢٣/١/٢٠٢٤ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی شاری هەولێر بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە هونەرمەندان، ڕووناکبیران و کەسایەتییەکانی سەربەخۆ و حیزبی و حکومی، خەڵکێكی بەرفراوانی هونەردۆست و بەشێک لە ئەندامانی ماڵباتی ماملێ و دەستەیەک لە هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک مامۆستایان (عەزیز شاروخ، ئەحمەد ئیسلامی، سمایلی شاهی، شەفیع خزری، د.ئیسماعیل مستەفازادە، عەزیز کەنگەرلوو، شەهباز شاهینپوور، بێهروز ڕەزایی، فاڕووق ڕەجەبی، عەلیڕەزا مەحموودی، محەممەد ئەمین ئازەریون و ئارتین ئازەریون، کاکە ئیسماعلیلی) و چەندین هونەرمەند و كەسایەتییانی هونەری لە شارەكانی سلێمانی و دهۆك و كەركوك و ڕانیە و قەڵادزێ و سۆران و ئاكرێ و ناوچەكانی دیكە و پارچەكانی تری كوردستان ئامادەى ڕێورەسمى ساڵیادى ٢٥مین ساڵیادى کۆچى دوایی هونەرمەند مامۆستا محمد ماملێ بوون.
ڕێوڕەسمەکەی ئەمساڵ بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتى ڕۆشنبیرى لاوان، بەڕێوەبەراتى گشتى هونەر و ڕۆشنبیرى هەولێر بە سپۆنسەری سەرەکی کۆمپانیای سەفیر بە سەرپەرشتی ڕێزدار کاک سەفیر ئەحمەد خاڵە، هەروەها ڕێکخراوى پەرەپێدانى کارى ڕاگەیاندن و ناوەندی ٤٩ کتێب بەڕێوەچوو.
سەرەتاى یادەکە بەخولەکێک وەستان و بەسرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب بە دەنگی مامۆستا محەممەدی ماملێ بۆ ڕێزلێنان لە خوێنی شەهیدانی کوردستان هەروەها گیانى شەهید (پێشڕەو دزەیی و ژینای كچی) کە لە ڕێکەوتی ١٥\١\٢٠٢٤ شەهیدكران دەستى پێکرد.
بڕگەی یەکەمى مەراسیمەکە پێشکەشکردنى وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان بوو کە لەلایەن ڕێزدار (ئاریان سەڵاحەدین) بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتى هەرێمى کوردستان پێشکەش کرا. دوای ئەوە فیچەرێك پێشان درا كە تێیدا یادى بەشێك لەو هونەرمەندانە كرایەوە كە لەكاروانی هونەریی مامۆستا محەمەد ماملێدا مۆسیقایان لەگەڵدا ژەنیوە. پاشان هەریەکە لە هونەرمەندان عەزیزی مەحمود کوێخا قەڵادزەیی (عەزیزی ماملێ) و سامان فەتاح (سامان ماملێ) و سیروان حوسێن و عەلیڕەزا مەحموودی لە شاری سنەی سەربەرزەوە بە چەپکێک گۆرانی کۆڕەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.
بەداخەوە گەشتی فرۆکەی هونەرمەند (شڤان پەروەر ) بەهۆی کێشەی تەكنیكییەوە بەدواكەوت و ئەوەبوە مامۆستا نەیتوانی لە کاتی خۆیدا لە ڕێوڕەسمەكەدا ئامادە بێت، لەبەر ئەم هۆكارە بەڕێزیان لە فڕۆکەخانە و لە ئاڵمانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی نارد بۆ مەراسیمەكە و تێیدا وێڕای داوای لێبووردن و هۆكاری ئامادەنەبوونەکەشی خستەڕوو هەروەها خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەمەڕ ڕێكخستن و پێشکەشکردنی (خەڵاتی ماملێ)ی ٢٠٢٤ بۆ بەڕێزیان و حەسرەتی خوراد کە نەیتوانی لە بۆنەکەدا بەشدار بێ.
ئینجا فیچەرێك لەسەر ژیان و خەباتی هونەری مامۆستا شڤان پێشكەشكرا. هاوكات لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامەکە خاتوو (ئاهورا) داوا لە وریا ماملێ کرا بەنوێنەرایەتی خانەوادەی ماملێ بفەرموون بۆ وەرگرتنى سێ چەپکەگوڵ بە نیشانەی ڕێزگرتن کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبییری لاوان و لایەنەكانیتر ئامادەکرابوو پێشکەشیان بکرێ. چەپکەگوڵەکان لەلایەن بەڕێزان کاک هێمن هەورامی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و کاک مەتین بارزانی پێشکەش بە هەر یەکە کاک عەبدوڵا ماملێ و وریا ماملێ کران.
کاک سەفیر ئەحمەد خاڵە کە سپۆنسەری سەرەکی مەراسیمەکە بوو بەداخەوە ڕۆژێک پێش مەراسیمەکە بە هۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەبوو و لەژێر چاودێری پزیشكدا بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەی دوکتۆرەکان ئامۆژگارییان پێدابوو کە دەبێ لە پشووی تەواودا بێ بەڵام ئەو خۆی نەگرتبوو و بەو حاڵەیەوە خۆی گەیاندە بەرنامەکە. خەڵات و چەپکەگوڵێکی ڕێزلێنانی وەزاڕەتی ڕۆشنبیریی و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە لایەن بەڕێز ئاریان سەلاحەددین پێشکەش بە ڕەنج و ماندووبوونەکانی كاك سەفیر کرا کە بەشێوەی جۆراوجۆر بۆ گەشەی هونەر و خزمەت بە مێژووی هونەری مامۆستا محەممەدی ماملێ دەیگرێتە ئەستۆ.
ئینجا داوا لە بەڕێز مامۆستا عەزیز شارۆخ کرا بێتە سەر شانۆ و لە بری مامۆستا شڤان پەروەر خەڵاتەكە وەربگرێ. پارێزگاری هەولێر بەڕێز (ئومێدخۆشناو) خەڵاتی زێڕینی (ماملێ)ی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و تابلۆی ڕێزلێنانی مەڵبەندی هونەریی ماملێی لەبری مامۆستا شڤان پەروەر پێشکەش بە مامۆستا عەزیزی شاروخ کرد تا بە ئەمانەتەوە بیگەێنێتە دەستی مامۆستا شڤان پەروەر، دوای بەئەمانەت وەرگرتنی خەڵاتەكە مامۆستا عەزیز شاروخ وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا پیرۆزبایی لە مامۆستا شڤان پەروەر کرد و بەخشینی خەڵاتەكەی بە شیاو زانی بۆ ئەو هونەرمەندانەی بە ڕێگای ڕاستدا دەڕۆن و مامۆستا شڤانی بەو هونەرمەندە پێناسە کرد کە هەردەم لەسەر ڕێگای ڕاست بووە. پاشان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو داوای لە کۆڕی مۆسیقا کرد کەوا گۆرانییەک دەڵێت و ئەوانیش هاوکاری بن. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەو گۆرانییە لەلایەن مامۆستا عەزیز و کۆڕی موزیک نەکرابوو، ئەو پێشکەشکردنە جێى خۆشحاڵى ئامادەبووان بوو.
لە دوا بڕگەدا داوا لە خاتوو دکتۆرە کوردستان موکریانی یادگار و کچی مامۆستا گیوی موکریانی کرا بۆ ئەوەى چەپکە گوڵی ڕێز کە بۆ مامۆستا شڤان پەوەر ئامادەكرابوو بدرێ بە مامۆستا عەزیز شاروخ. هەروەها چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، (بەڕێز نیاز نووری) و چەپكەگوڵی تیپی موسیقای سلێمانی (مامۆستایان شووشە بابە، زانا مەحمود هەژار و دوکتور عادل مەلا کەریم) پێشكەشكران، هەروەها لەلایەن هونەرمەند کاڵێ حەسەنزادە، سۆران ئازەربار، لە “گروپی گەنجانی کوردستان زۆن” لەلایەن بەڕێز دلێر دلێرین چەپکە گوڵێکی پێشکەش کرا.
دوابەدوای ئەوانەش لەلایەن وریا ماملێ پەیڤێكی كورت پێشکەش بە بەمیوانانى یادەکە کرا و تێیدا سوپاسی گشت کارگێڕان و بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمەی کرد.
لە کۆتاییدا هەریەکە لە هونەرمەندان عەزیزی مەحمود کوێخا قەڵادزەیی (عەزیزی ماملێ)، سامان فەتاح (سامان ماملێ) بۆجاری دووەم چەپکێک گۆرانی جوانیان پێشکەشی میوانانکرد و لەناو خۆشیی و بیرەوەریی جواندا بەسەرکەوتوویی یادەکە کۆتایی هات.
شایانی باسە ڕێکەوتی ٢٤/١/٢٠٢٤ واتە ڕۆژێک دواى ڕێوڕەسمى یادى ماملێ، لەهۆڵی هۆتێل ئەربیل ڤیوو، خەڵاتی ماملێ ٢٠٢٤ لەلایەن نووسەر و ڕۆژنامەنووس (عوسمان ڕانیەیی) بە نوێنەرایەتی هونەرمەند مامۆستا عەزیز شاروخ و مەڵبەندی هونەری ماملێ پێشکەشى هونەرمەند (شڤان پەروەر)کرا هاوکات تابلۆی ڕێزلێنان لەلایەن کاک عەبدوڵا ماملێ و چەپکە گوڵی ڕێز و خۆشەویستی لەلایەن بەڕێز شەونم ماملێ پیشکەشى مامۆستا شڤان پەروەر کرا. جێى باسە لەلایەن تۆڕی میدیایی ڕووداو و کاناڵی کوردستان ٢٤ ڕاستەوخۆ ئەو مەراسیمە خنجیلانەیان بڵاو دەکردەوە، شایانى باسە هونەرمەند شڤان پەروەر لەپەیڤێکى کورتدا ئەوپەڕی پێزانین و خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە دەربڕی و سپاسی ئامادەکارانی کرد.
کۆی وێنەکانی مەراسیمی خەڵاتی ماملێ ٢٠٢٤ بۆ مامۆستا شڤان پەروەر لە هەولێر