Skip to content

هونەرمەند ئەسعەد ڕەزازی بەرهەمێکی نوێی بەناوی (بەهاری زمزیران) بڵاو کردەوە. بەڕێزیان سبارەت بەو بەرهەمە ئاوا دەنووسێ:

بەهــــاری زمزیران

” گیانەکەم ئەمن زۆر جاران کاک سولەیمانم بینیوە و تەنانەت ئەو ماوەیەی کە لە گاگەش بووم ئەمن پەیکی نهێنی کۆمیتەی سۆنێ و مەهابادی ،وان بووم. یازدە کەسی دەگەڵ بوو زۆر وریا و تێگەیشتوو.

یەکێکیان هەبوو بە نازناوی قەیماس خەڵکی دێهاتێ بوو بڕوات هەبێت کە قسەی دەگەڵ دەکردی هەستت دەکرد فەیلەسووفێکە.

کاک سولەیمان دەگەڵ مامۆستا محەمەدی ماملێ زۆر دۆست بوون و زۆریش ڕێزی یەکتریان دەگرت. تەنانەت جارێکیان کاک محەمەدی ماملێ هاتبووە زمزیرانێ، کە لەوێ دوو قاوەخانەی لێبوو بە نێوی قاوەخانەی قوڵەسمۆرە و زمزیران یەکتریان لەوێ دیتبوو.

پاش شەهید بوونی کاک سولەیمان مامۆستا ماملێ گۆرانی بەهاری زمزیرانی بەیادی وییەوە تۆمار کردووە کە هۆنراوەکەشی ئی حاجی هاشمی نانەوازادەگان بابی ئەم کاک پۆڵایەی خۆمانە.

ئەوجا با باسی یای پەریزاد موعینی ئازیزت بۆ بکەم کە چۆن چۆنی قارەمانانە تەرمی کاک سولەیمانی برای لە پادگانی مەهابادێڕا دەهێنیتەوە.

بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کاک سولەیمان یای پەریزاد دەڕوات بۆ پادگان کە ئەودەم ئەفسەرێکی کزی سوورکارە هەندێ دەم و چاویشی خاڵ خاڵی سووری تێدا بوو لە ژوورێکدا کە چەند کورسی و میزێکی تێدا بووە و گۆڤارێکیش لە سەر میزەکە، پەڕی یەکەمی بە ڕەسمێکی پاتریس لومومبا نەخشێندرابوو، ڕوو دەکاتە یای پەریزاد و دەڵێت: “بڕۆ ئەوە لەو ژوورەیدا کەلاکی براکەت وەربگرەوە”

یای پەریزادی دڵبریندار زۆر قارەمانانە دەگوڕێتە سەر ئەفسەرکە و دەڵێت تۆ زۆر غەڵەتت کرد ئێژی ئەوە کەلاکە. ئەوە تەرمی پیرۆزی ئینسانێکی وەکوو پاتریس لومومبایە بۆ گەلی خۆی.

هێند ئەم ئینسانە بەبیر و باوەڕە تەنانەت کاتێک دەڕوا بۆ چاوپێکەوتنی شەهید خانەی براشی (سەعید موعینی) کە لە لایەن دام و دەزگای حەمە ڕەزای پەهلەویەوە دەزگیرکرابوو لە تارانێ، پێی دەڵێت برای من نیت ئەگەر خۆڕاگر نەبیت! ئاوا بوو ئەو خانمە قارەمان و بەڕێزە.

گیانی من بڕوات بێ لەم جۆرە ژنە قارەمانگەلە کەم نین لە وڵاتی مەدا. هەست و ورەی یای پەریزاد پەریزادگەل وەک خوشکە “پێشمەرگە” لە نێو شاردا و لە ناو دەمی گورگدا جێگای نووسینەوەی هەزاران ڕۆمان و کتێبی پیرۆزە”.

ڤێسترۆس ماڵی بەڕێز کاک کەریم دانشیار ساڵی ٢٠٠٦

………………………………………………

” دوا دیداریشمان لە قەمتەرەی ڕێگای بۆکانێدا بوو کە باڵتۆیەکی زستانیم بۆ بردبوو”

گوت و بێژی تەلەفوونی لە گەڵ یای پەریزاد موعینی لە ڕێکەوتی جولای ٢٠٢٣

…………………………….

ساڵی ٢٠١١ لە هەڵکەوتێکی خۆش لە ماڵی کاک خالید شەفێعی بەڕێزدا کاک “ڕێبوار کەریمی”م ناسی. پاش زۆر قسە و باسی خۆش بۆ یەکتر گوتی: ئەگەر پێویستیت بە هۆنراوە و شتی وا هەبوو بۆ گۆرانی من تا ڕادەیەک دەستی نووسینم هەیە. هەر کە یەک دووانێ لە هۆنراوەکانی خۆی بۆ خوێندمەوە منیش پێم گوت کەوایە دەبێت یارمەتیم بدەیت کە گۆرانی بەهاری زمزیران بنووسینەوە لە سەر ئەم بەسەرهاتەو ئەم سناریۆ و بیرۆکەیەی من.

هۆنراوەیەکی لە ٢٦ نوامبری ٢٠١٢ دا بۆ من نووسی کە تاکوو ساڵی ٢٠٢٢ من چەند جار هۆنراوەکەم پێ گۆڕی و پێ داڕشتەوە.

ڕێبوارم وەڕەز کرد تاکوو دڵنیا بووم لە هۆنراوەی بەهاری زمزیران بۆ چڕین، بەڵام چیرۆکی موزیک و دابەشکردنی گۆرانیەکە مایەوە ئەستۆی مامۆستا و هاوڕێی خۆشەویستم “احمد الخطیب.”

ئەم کوڕە دڵ دەریایەشم ماندوو کرد. چوار جار بەهاری زمزیرانی بۆ تۆمار کردم. دوو جاری لە بەیاتی “ڕێ” دا دوو جاریش لە بەیاتی “می” دا ژەندوویەتی و خوێندوومە ٠٠٠

میلۆدیم گۆڕی، ڕستەکانم گۆڕی و دامڕشتەوە، ڕیتم و مەقامم پێ زیاد کرد ئیتر وای لێ هات ئەحمەدی خۆشەویست بە گاڵتەوە گوتی با لە سەر سی دییەکەت بنووسین گۆرانیەک بۆ قیامەت.

تا تەواوم کرد تەواو بووین.

گشت پەرۆش و هەوڵی من بۆ ئەوە بوو کە یەک لە هەزاری گەورەیی و قارەمانیەتی و دڵسۆزی و پێگەی خوشکان و دایکانی شۆڕش لە مێژووی کورددا وێنا بکەم ئەگەر توانیبێتم!

لە گەڵ یەک دونیا ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ڕەوانی بەرزی مامۆستا محەمەدی ماملێ و مامۆستا هاشم نانەوازادەگان.

هەر وەها سپاسێکی گەرم بۆ بەڕێزان

عەزیز (خانە) ماملێ، کەریم دانشیار، باسێت حەواری نەسەب، حسەین ئەنهاری، حاتەم مینبەری، شارۆخ تەیفووری، کاروان حەکیمزادە، وەفا کاکیلی و هۆمید محەمەدی.

هەروەها سپاس بۆ بەڕێز کاک ئەرێس زارەعی، کامران شافێعی، جەمالی دەلاک، سمکۆ کوردستانی و یونس بلووری دەکەم، بۆ دەستەبەرکردنی دیمەنی زمزیران و وێنەی نەمران.

ئەسعەد ڕەزازی ١٥ مای ٢٠٢٤ )

بابەتی پێوەندیدار