Skip to content

پەیامی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی کاک سەفیر ئەحمەد خاڵە.


بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاک سەفیر ئەحمەد خاڵە کەسایەتی ناسراو و خۆشەویستی ڕانیە و دەڤەری بیتوێن و کوردستان، دۆستی ٥٥ ساڵەی بنەماڵەی محەممەدی ماملێ، هونەردۆست و نیشتمانپەروەری، پیاوچاک و مێرخاس، تاسەباری کردین. کاک سەفیر لە ڕۆژە سەختەکاندا پشتیوانی شۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو  و بە سەر و ماڵ، ئەوەی لەدەستی هات کردی و بە ئەرکی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری خۆی دەزانی. پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ لە ڕۆژهەڵات، دەگەڵ هونەرمەند محەممەدی ماملێ پێوەندییەکی توندوتۆڵی هەبوو و لە هەندێک پێوەندی نهێنی ئەو هونەرمەندە دەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات ئاگادار بوو و لە نێوانیان پەیامی دەهێنا و دەبرد. هەموو کاتێک خۆی بە ئەندامێکی ماڵباتی محەممەدی ماملێ دەزانی و لە زۆرلە ئەندامانیان بۆ ماملێ زیاتر هەستی بە بەرپرسیارەتی دەکرد. هەموو ساڵێک لەسەر ئەرکی خۆیان کۆڕیادی بۆ ماملێ ساز دەکرد و دەیگوت: زەحمەتە تا من مابم یادی ماملێم لەبیر بچێت و نەیگرم. بەرێزیان یەک لەو خەمخۆرانە بوو کە پارەکە نەیهێشت شیرناپاکان ماڵی ماملێ لە مەهاباد هەڕاج بکەن. ئەوانە و دەیان خاڵی پڕشنگداری تر لە ژیانی کاک سەفیر وێردی سەر زمانانە کە گەر لێرە بیانووسین، بە دەیان لاپەڕە ڕەش دەکاتەوە.

ئێمە وەک ناوەندی هونەریی ماملێ و بنەماڵەی هونەرمەند محەممەدی ماملێ، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لەپێشدا لەخۆمان، پاشان لە بنەماڵەی سەربەرزی کاک سەفیری ئەحمەد خاڵە، حاجی خانم، براکان و کوڕ و کچەکانی دەکەین. سێبوری دڵی تاسەباریان بە ئاوات دەخوازین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر و هەرمان.  

Safir Xala

بابەتی پێوەندیدار