لە گەزۆی تاڵی ژیان
تۆ ڕاستەقینەی،
جیاوازی،
دیاری
وەکوو دۆندی چیا
تەنانەت لە لای چەپی سینگیشم!
پشکۆی ڕەنگی قەتارە و
چریکەی گۆرانیت
زانکۆیەک
تریفەی مۆسیقا
دارستانێک مەرهە
بۆ لاپەڕەی زامەکان!
پاش گۆرانییەکانت
لە دەمم
حەرامە هەموو شەرابێک!
سنە ١٧ /١٠/ ١٤٠٣
ئاوازی ماملی
چپەی هەنگاوی؛
کەژاوەی
بیرەوەریەکان و
شەکانەوەی:
ئاڵای قەتارە بە دەم ئاسمانەوە،
نەرمە ئاوازی ماملێ
لە هەناوی تاڤگەی
شەوە درێژەکان
لە ساتەوەختی
وچان و سەفەر
نۆستالۆژیای ئەبەدییەتی
کارەساتەکان دەگێڕنەوە!
نەمرانە
بەهەشتێکە
هێور! بۆ ڕوحی مرۆڤ!
ماچێکی تەڕە
بۆ خاکی کوچەی یارەکەم…
سنە ٢٠/ ١٠/ ١٤٠٣
زرینگانەوەی یادێک
(بۆ دەنگی هەمیشە زیندووی ماملێ)
نە لە ئاسمان باریوی
دەگەڵ کلۆی بەفر و دڵۆپەی باران!
نە هەڵقوڵاوی
کانیاوی بن هەرد و کێوی!
بۆنی دەنگت
هێنای شەماڵ
روح و زەین تاساو!
چێژی لە شوڕەی
ئاو هەڵدێر دڵگرتر
شیرین تر
ئاشقانەتر لە سەوزایی بەهار!
خۆری زێڕینی
دەدرەوشێتەوە لە خەڵوەتی
تەنیایی و خەم!
تەونێک جوانتر
لە کۆلکە زێرینە و هەنار!
“….کوشتوومت ئاگات لێم نیە
ڕۆژی قیامت جوابت چیە!…..”
بە مۆسیقای یاد
روحت بە جریوە فڕی و
زایەڵەی
لە ناخ دەزرینگێتەوە!
“…یادم کە تۆ یادم کە
بە ماچێکیش دڵ شادم کە…”
شنۆ ٥ /١١/ ١٤٠٣
