Skip to content

قەیرانی موزیکی  کوردی لە دیازپۆرا – شاهۆ حوسەینی

موزیک لەهەر کۆمەڵگایەکدا بنەما و کۆڵەکەیەکی گرینگی نەتەنیا شووناسی کلتووری و کۆمەڵایەتی و کە شووناسی سیاسی کۆمەڵگاشە، لەڕاستیدا موزیک لە هەر کۆمەڵگایەکدا نوێنگەی مێژوو، بەها و نۆڕمە کۆمەڵایەتی، کلتووری، سیاسی و دەرخەری هەستی هاوبەشی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگایە، لەهەمان کاتیشا زایەڵەی ئاڵوگۆڕیە کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسێکانی ناو کۆمەڵگایە. بۆ وێنە موزیکی حیماسی کاتێ گەشە دەکات و پەرەی زیاتر دەستێنێت وە یان کۆمەڵگا زیاتر بەهای پێ دەدات، کە کۆمەڵگا تووشی قەیرانی سیاسی، نیزامی دەبێت و ئەهوەنی و بوونی نەتەوەیی و سیاسی کۆمەڵگا تووشی قەیران دەبێت، ئەمە دەتوانێ بەهۆی هێرشی هێزێکی دەرەکی و دەرکەوتنی شەڕی ڕاستەوخۆی نیزامی بێت، یان بەهۆی دەرکەوتنی دۆخی شۆڕش لەناو کۆمەڵگادا بەدژ دەسەڵاتی حاکم و دیکاتاتۆڕدا.

لەلایەکی‌تر موزیک لەتەنیشت دیاردەکانی‌تیری کۆمەڵگا ڕایەڵ و کەرەسەیەکی گرینگی لێك‌گرێدەرەوەی کۆمەڵگا و سازکردنی یەکگرتوویی لەناو کۆمەڵگادایە. هەرکاتێ کۆمەڵگا تووشی قەیران و هەڕەشەی لەناوچوون دەبێتەوە، موسیقا دەتوانێ ببێتە کۆڵەکەیەکی گرینگی پاراستنی شووناسی کلتووری و نەتەوەیی.

موزیکی کوردی دیازپۆرا

Shaho Huseini
شاهۆ حوسەینی

دۆخی سیاسی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان بۆتە هۆکارێکی گرینگ کە دیازپۆرای کورد بەشێوەیەکی بەربڵاو پەرە بستێنێت، کێشە و قەیرانی سیاسی کورد لەگەڵ دەسەڵاتە حاکمەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان دەوامێکی مێژوویی هەیە و بە درێژسیی ئەم مێژوو لە بەربەرەکانی و بەرخۆدانە کوردان بۆ پاراستنی گیان و گەیاندنی دەنگی خەباتی شووناسخوازانەی کورد بە جیهان بەرەوە ڕۆژئاوا و زۆر وڵاتی‌تر کۆچیان کردوە و وەک پەنابەر گیرساونەوە. لەم ناوەدا بەشێکی گرینگ و بەربڵاوی ئەم کۆچە لەخۆگری هوونەرمەندانی پایەبەرزی کورد بوە کە لە دیازپۆراش لەلایەک بۆ پاراستنی شووناسی کلتووری و نەتەوەیی کوردانی دیازپۆرا و لەلایەک‌تر بۆ هێز و وەرە بەخشین بە خەبات لەناوخۆی کوردستان چالاکی و خەباتی هوونەریان بەردەوام بوە، بەتایبەتی دەرکەوتنی میدیای سیمایی کوردی واتە ماهوارە، توانی بە کەمترین بەربەست هوونەرمەندانی دیازپۆرا لەگەڵ ناوخۆ گرێ بداتەوە و تا ساڵیانێکی دوور و درێژ بەرەیەکی شۆرشگێر لە هوونەرمەندان بە تایبەتی کەسانی وەک مامۆستایان ناسر ڕەزازی، نەجمەدین غوڵامی، شوان پەروەر، شێریڤان، ڕەحمەتیان تاهیر خەلیلی، عەلی زەندی و ….. لەم بەستێنەدا چالاکی باشیان هەبوە، بەڵام زۆر دەمێکە لەگەڵ چوونە سەری تەمەن و کەم بوونەوەی کار و چالاکی هوونەری ئەم بەڕێزانە بەتایبەتی لە دیازپۆرا بۆشایی و قەیرانێکی گەورە بەناوی قەیرانی موزیکی کوردی دەبینرێت، ئەوەی وەک موزیک و کۆنێسێرت دەردەکەوێت، لە سێ تووخمدا کێشەی قوڵیان هەیە: یەکەم قەیرانی مێلۆدی کە بەرهەمی غیابی ئاهەنگسازی پرۆفێشناڵی کوردیە، لەڕاستیدا ئاهەنگ‌سازی لەناو کوردا لە لاوازترین ئاستدایە، ئەو موزیکانەی بەرهەم هاتوون بەشیکی زۆریان لاسایی‌کردنەوەیەکی نزم لە موزیکی نەتەوەکانی‌ترە. دووهەم قەیران غیابی هوونەرمەندی خاوەن هزر و ئاگایی کوردانەیە، گۆرانی بێژ تەنیا ناشێ خاوەن دەنگ بێت بەڵکە پێویستە ئاگایی و فامی کلتووری و کۆمەڵایەتیشی لەهەمبەر کۆمەڵگاکەی خۆیدا هەبێت، هەر چەند کە لەبەستێنی دەنگیشدا قەیران هەیە و زۆر دەگمەن دەنگ لەم ساڵانەدا دەرکەوتوون. سێهەم قەیران، قەیرانی شێعر و ناوەرۆکی موزیکی کوردیە، لەگەڵ ئەوەدا ئەدەب و بەستێنی شێعری کوردی دەوڵەمەند و پڕە لە شێعری پڕ ناوەرۆک و دەوڵەمەند بەڵام کەڵک وەرگرتن لە شێعر و ناوەرۆکی لاواز، هۆکارێکی‌تر بوە کە موزیکی لاواز بەرهەم بێت.

کۆنسێرتی موزیک لە دیازپۆرا

قەیرانی گشتی موزیک لە دیازپۆرا بەرهەم‌هێنی قەیرانێکی‌تر بوە، ئەویش قەیرانی کۆنسێرتە، بەداخەوە موزیکی لاواز لە دیازپۆرا، کۆنسێرتی زۆر لاوازیشی لێ‌کەوتۆتەوە، بەشیکی زۆر لە هوونەرمەندانی ڕابڕدوو یان کۆنسێرت دانانێن، یانیش ئەگەر کۆنسێرت دادەنێن دووپات و سێ‌پاتی لاوازی کارەکانی ڕابروودیانە کە بەهۆی لاواز دووپات و چەند پات کردنەوە بەهای هوونەری و ئەرزشی هوونەری کارەکانیان دابەزاوە لەلایەک و لەلایەکی‌تر گۆیی مووسیقایی کۆمەڵگای کوردیشیان تێک‌داوە و گوێچەکانیان بە موزیکی لاواز و نزم عادەت داوە و ئەمەش وای کردوە و موزیکی دەگمەنی باش و بەکەڵکیش کە دەردەکەوێت بەهای پێ‌نەدرێت و ون ببێت.

لەڕاستی‌دا غیابی ڕێکخراوەیەکی بەهێزی هوونەری کوردی لە دیازپۆرا کە بتوانێ پاڵپشتی هوونەری کوردی بێت، لەگوێن ئەو کارەی فارسەکان لە ئەمریکا کردوویانە و چەندین کۆمپانی گەورە و بەهێزی موزیکیان دامەزراندوە و توانیویانە سامان بدەن بە موزیکی فارسی، کورد نەیتوانیوە لەم بەستێنەدا کاری بەکەڵک و جێگای سرنج بکات. لەڕاستیدا دابڕاوی کۆمەڵگای کوردی بەهۆی هێژمۆنی عەقڵییەتی حزیبی هۆکارێکی گرینگ بوە کە پێشی گرتوە بە دەرکەوتنی هوونەری سەربەخۆی کوردی لە دیازپۆرا، هەر حیزبەی لە بۆنەکانی فەرمی خۆیدا بەشیکی تەرخان کردوە بە موزیکی گشت و بەمەبەستی هەڵپۆەڕکێ، ئەمەش لێکەوتەکەی بۆتە ئەوەی‌کە بەشداری کۆنێسێرت یەکەم و گریگن‌ترین چاوەڕوانی لە کۆنسێرت هەڵپەڕکێی و هەڵپەڕین و بەها و گرینگی کۆنسێرتەکان و موزیکەکان نە بە پێوانەی هوونەرەی و بەهرەی هوونەری کە بەپێوانەی هەڵپەڕین و هەڵپەڕکێ دیاری دەکرێت.

نووسینی: شاهۆ حوسەینی

بابەتی پێوەندیدار