Skip to content

ڕاپۆڕتی خەڵاتی ماملێ ٢٠٢٥.

هـەوای سیاماڵ وێنەی جارانەن | پەی سەمتی “زەهاو”، “زەردە” و “یارانەن (مەولەوی کورد)

مەریوان و ڕووداوێکی کوردانە و پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٥


Design Uten Navn (1)
“عەتا وەلەدی” و “کازیوە سەعیدزادە”

کۆڕی بەخشینی ساڵانەی خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٥، ڕۆژی ١٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی كوردی(١٤٠٣/١٢/١٠) لە تالاری ئوتێل خورشید بە بەشداریی هونەرمەندان، شاعیران و نووسەرانی شارەکانی کرماشان، ئیلام، سنە، سلێمانی، سەقز، بۆکان، مەهاباد، مەریوان و کامێران، لەلایەن لێژنەی بەڕێوەبەری ئەو کۆڕەوە بەڕێوەچوو. پۆلێک لە چالاکانی مەریوان وەک ئەرکێکی نەتەوەیی لە هەڵمەتێکی کوردانە لە تەنیشت زرێبارێ لە ڕەنگی ملوانکەی شیندا، ڕووداوێکی شاز و شیاوی تایبەتیان بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە بە مامۆستای گەورەی تەموور و مەقاماتی کوردیی یارسان عەلی‌ئەکبەر مورادی خولقاند.

کۆڕەکە كاتژمێر ٢:٣٠ خولەكی پاش نیوەڕۆ بە بەشداریی هۆگرانی مۆسیقای کوردی، دەنگی مامۆستا ماملێ و تەموورەکەی مامۆستا مورادی دەستی پێ‌کرد.

سەرەتای کۆڕ هەردوو پێشکەشکار “عەتا وەلەدی” و “کازیوە سەعیدزادە” وێڕای بەخێرهاتنی گەرموگوڕی بەشداربووان، لەلایەن ناوەندی ماملێ و لێژنەی بەڕێوەبەرەوە، خۆشحاڵیان دەربڕی کە دراوسێیەتی هەناسەکانی شێعر و کراسە شینەکەی زرێبار، لەم ڕەشەمەیەدا هەناسەی شێعر و ئاوازی ئەو حەزرەتی وەفاییەی وا گا دەگریا و گا دەسووتا و غەرقی ئاو و ئاور بوو و سپاردنی ئەو بەشەی میراتەی بە میرزا سەعیدی ماملێ و لەوێوە بۆ گەرووە بێگەردەکەی مامۆستا محەمەد ماملێی گرێ داوەتەوە بە کەلام و شێعری حەزرەتی سەی یاقووی مایەشتی و تەموورەی کوردیی یارسانی و کرماشانی شیرینمانەوە.

لە دەسپێکی کۆڕدا پەیامی ناوەندی ماملێ لەلایەن «ڕێزدار شۆڕش سەعیدزادە» خوێندرایەوە.

پاش پەیامەکە گرووپی مۆسیقای نیشتمان بە سەرپەرشتیاری شۆڕش سەعیدزادە ٣ گۆرانییان لەلایەن هەردوو خاتوونی گۆرانیبێژ «نەزیرە» و «پەرەند»ەوە بەشێوازی کۆڕ پێشکەش کرد.

Mamle 2025 (1)
گرووپی مۆسیقای نیشتمان

دامەرزێنەر و ڕێبەری ئۆرکسترای فیلارمۆنیکی موکریان و براوەی خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ڕێزدار كاوە فەقێ‌زادە لە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مۆسیقای کوردی و مامۆستا محەمەد ماملێ و لە درێژەی وتەکانی جوان و بەنرخەکانیدا کردە میوانی مۆسیقای یارسان و ڕۆڵی مامۆستا مورادی لەو بەشەی مۆسیقای کوردیدا.

Kawe Feqiyezade
كاوە فەقیەزادە

شاعیری ڕێزدار «ئەیووب حەقبین» لە کاتی سفری پێگەیینەوە تا داموەرێنە پاییزێک، بەشداربووانی سپاردە هەناسەیەکی تازەی غەزەلی ئەمڕۆی کوردیمان.

Ayub Haqbin
ئەیووب حەقبین

خاتوو “ڕۆژدا وەلەدی” بە تەموورەکەیەوە بە ژەندنی مەقامی لەمێژینەی هەقانی«جڵەوشاهی» خەیاڵی کردە میوان گۆران و کرند و بانزەلان و لەنێوان چەپڵەی جەماوەردا داوا لە مامۆستا عەلی‌ئەکبەر مورادی کرا بۆ پێشکەشکردنی وتەکانیان بێنە سەر ستەیج.

Rojda Waladi
“ڕۆژدا وەلەدی”

ڕێزدار «یوونس ڕەزایی» لە بۆکانی بە تامی شێعر و گۆرانی و شمشاڵ و ڕۆژنامەگەریی ئەو ساڵانەوە لە سەمای وشەی شێعریدا، ڕەنگێ لە خشتەکانی قەڵایچی دا لە بەرۆکی کۆڕەکە.

Yons Rezayi
یۆنس ڕەزایی

پاشان هونەرمەندی گەورە و ناسراوی کورد مامۆستا “ئەنوەر قەرەداغی” چەند وتەیەکی بەنرخی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و وەک سپاسێ لە وتەکانیان، وێڕای یادێ لە چالاکییەکانی مامۆستا و تیپی مۆسیقای سلێمانی و بەرهەمە ناوازەکانیان لە ٨٠کاندا، یادیش له هەناسەی کوردانەی ڤیۆڵۆنی مامۆستایان «موجتەبا میرزادە»، «سوهەیل ئەیوانی» و «دڵشاد سەعید» کرایەوە.

ڕێزدار «عەزیز ناسری» هاوڕێی دڵتەنگییەکان، غەزەلی مودێڕن و شێعری ئەمڕۆ و وەرگێڕانی پوخت و پاراو بە ڕەنگی بەیت و حەیرانی موکریانێ و بڕێجار بە تامێ مەریوان و هەورامانەوە، بەشداربوانی کردە میوانی غەزەلی مودێڕنی کوردی.

Aziz Nasry
عەزیز ناسری

گۆرانیبێژی گەنج «سینا عیلمیزادە» و منداڵە دەنگخۆشەی دراوسێی زرێبار «محەمەد فەلاحی» بە هاوکاریی «شۆڕش سەعیدزادە» میوانانی هونەری کوردییان
کردە میوانی چریکەی مامۆستا محەمەدی ماملێ لە گەرووە کوردانەکەیاندا و کۆڕیان سپاردە وچانێک بۆ تازەکردنەوەی دیدار و وێنەگرتن.

Sina
هونەرمەندی لاو محەممەد فەلاحی و مامۆستا شۆڕش سەعیدزادە

دیسانەوە گرووپی مۆسیقای نیشتمان لە مەریوان، چەند گۆرانییەکیان پێشکەشی جەماوەر کرد.

Mamle 2025 (9)

لە ڕۆژێکی لەبیرنەکراوی مەریوانی دوانزە سوارە، قەڵای هەڵۆخان، کۆساڵان و فەیلەقووسدا، ساتەکان خێراتر لە خۆیان تێدەپەڕین تا بگەنە بەخشینی خەڵاتی ٢٠٢٥ی ماملێی کوردان بە بیروهزر و دەست‌وپەنجە کوردانەی مامۆستا “عەلی‌ئەکبەر مورادی”.

«مامۆستا عەزیز شاڕۆخ» هونەرمەندی هێژای لەبەردڵان و براوەی خەڵاتی ماملێی ٢٠١١ لە مەهابادی دڵانەوە لەگەڵ ٢ ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەری کۆڕ بەڕێزان «د.مەحموود موبارەکشاهی» و ڕێزدار «ئەنوەر ڕەوشەن» خەڵاتەکەیان لە نێوان چەپڵەڕێزان و بەپێوەڕاوەستانی جەماوەری هونەردۆست‌دا پێشکەشی «مامۆستا عەلی‌ئەکبەر مورادی» کرد و «مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی» چەپکەگوڵی وەفای و پێزانینی پڕ سپاسێ تیپی مۆسیقای سلێمانی پێشکەشی مامۆستا مورادی کرد.

مەحموود موبارەکشاهی و ئەنوەر ڕەوشەن، وەک پێزانینێک، سپاسنامەی ناوەندی ماملێیان پێشکەشی ئەو هاوڕێ خاوەن بەرهەمانەی کۆڕ و زەحمەتکێشانی کوڕەکە کرد و پێشکەشکاری کۆڕ بۆ جاری دیکەش سپاس و پێزانینی نەبڕاوەی لێژنەی بەڕێوەری کۆڕی ٢٠٢٥ و بنەماڵەی ماملێی کوردانی پێشکەشی ئامادەبووان شەیدای هونەر و وشەی کورد کرد.

بۆ چەند ساتێک مامۆستا عەلی‌ئەکبەر مورادی بە تریکەی تەموورەکەی خەیاڵی بەشداربووانی بردەوە بۆ لای جیهانی پڕ ڕەمز و ڕازی یارسان لە پردێ تا ئەو وەری سیروان و ڕەنگی ئەرخەوانی تەنیشت ٩٩ پیرەی هەورامان.

Ali Akbar Moradi
مامۆستا عەلی‌ئەکبەر مورادی

پاشان لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆڕەکە و بە نوێنەرایەتی لە خەڵکی بەشەڕەفی مەریوان، چەپکەگوڵێکی وەفا و ڕێز لە لایەن بەڕێزان کەماڵ خاوەری و جەلال سەعیدزادەوە پێشکەش بە ناوەندی ماملێ کرا کە بەڕێز کاک عەبدوڵا ماملێ وەریگرت. دواتەر لەوحێکی سپاس و پێزانین پێشکەش بە کۆمەڵێک لە کەسایەتییە هونەری، ئەدەبی، و کۆمەڵایەتییەکان کرا کە چالاکییەکانیان لە گەشەی فەرهەنگی وڵاتماندا بەرچاون. دواتەر لەوحێکی سپاس و پێزانین پێشکەش بە کۆمەڵێک لە کەسایەتییە هونەری، ئەدەبی، و کۆمەڵایەتییەکان کرا کە چالاکییەکانیان لە گەشەی فەرهەنگی وڵاتماندا بەرچاون.

Abdulla Mmale
بەڕێزان جەلال سەعیدزادە، کەماڵ خاوەری و عەبدوڵا ماملێ

پێشکەشکردنی خەڵاتەکە چەندڕۆژێک پێش جێژنی لەدایکبوونی مامۆستا مورادی، لە دایکبوونەوەیەکی تر بوو کە زرێبار سفرەی کەوەی بۆ پیرۆزباییەکەی ڕاخستبوو. چالاکی و بەشدارکردنی بەرەی لاوی ئەمڕۆ و هیوای دواڕۆژی وڵات لە کۆڕی ئەمساڵدا خاڵی جێی سەرنج و دڵخۆشی بوو.

لە درێژەی ئەم سەفەرەدا ئەوە هەناسە شێعراوییەکانی مەولەویی کورد بوو کە دەستەکانی مەهاباد و کرماشانی لە مەریواندا دەنێو دەستی یەک نابوو بۆ داهاتوو و ڕوون.
لێژنەی بەڕێوەبەری کۆڕ بریتی بوون لە بەڕێزان؛
کەماڵ خاوەری، ئەنوەر ڕەوشەن، د.مەحموود موبارەکشاهی، جەلال سەعیدزادە، عەزیز ناسری، شۆڕش سەعیدزادە و عەتا وەلەدی
هەروەها سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێوەبەران و ئەندامانی بەڕێزی ئەنجومەنی فەرهەنگی_ئەدەبیی مەریوان دەکەین کە لەو کۆڕەکەدا یارمەتیدەرمان بوون؛
هەر یەک لە بەڕێزان: ئەیووب حەقبین، عەتا وەلەدی و جەلال سەعیدزادە،ئەنوەر ڕەوشەن،کەماڵ خاوەری، عەزیز ناسری،ڕۆژدا وەلەدی و کازیوە سەعیدزادە.

Dsc04515
لێژنەی بەڕێوەبەر

پێویستە بگوترێ کە ئەم ڕاپۆڕتە بەردەوام بە گەییشتنی فیلم و وێنە و زانیاری تازە دەکرێتەوە.

فیلم و ئاڵبۆمی وێنەکان

بابەتی پێوەندیدار