وێڕای سڵاو و ڕێز له خزمه‌ت هه‌موو ئاماده‌بووانی هێژا،
سپاس و پێزانینی بێ‌ئه‌ژمار ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی ئۆستووره‌ی مووسیقای کوردی، گوڵی سه‌رتۆپی سترانبێژانی موکریان، مامۆستا “ماملێ”ی دڵان و کۆڕگێڕانی خه‌ڵاتی زێڕینی ماملێ ده‌که‌ین بۆ ئه‌رکه‌کانتان و
پیرۆزبایی تایبه‌ت له ژه‌نیاری پایه‌به‌رزی مووسیقای کوردی، مامۆستا عه‌لی‌ئه‌کبه‌ری مورادی به بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی ماملێ، هیوادارین ته‌مه‌نیان به‌رز بێت و هه‌رده‌م له گۆڕه‌پانی پاراستن و په‌ره‌پێدانی که‌له‌پووری گه‌له‌که‌ماندا شان و شکۆ به هه‌موومان ببه‌خشن.
یاران یار مه‌یو یاران یار مه‌یو
دووسان مزگانی ده‌نگ یار مه‌یو
سه‌دای که‌ش و کوو، به‌رّ و بار مه‌یو
مزگان مزگانه‌ن خاوه‌نکار مه‌یو
ده‌نگ و سۆزی پیرۆزی ته‌مووره به هۆی ئایینی به‌رزی یارسان، ئایینی کۆنی کوردان، و هه‌روه‌ها به هۆی هه‌وڵ و تێکۆشانی بێوچانی یارانی ئه‌مه‌گناس و به‌هه‌ستی وه‌کوو مامۆستای پایه‌به‌رز عه‌لی‌ئه‌کبه‌ر مورادی ئه‌وڕۆ هه‌ر له ناوچه جیاجیاکانی کوردستانه‌وه: “کرماشان و هه‌ولێر و ئامه‌د و مه‌هاباد و مه‌ریوان”ه‌وه بگره هه‌تا چوارقوڕنه‌ی جیهانی گرتووه‌ته‌وه و لاپه‌ڕه‌یه‌کی زێڕینی بۆ میرات و که‌له‌پووری کوردی له پانتایی مێژووی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگدا تۆمار کردووه.
مامۆستا مورادی، پارێزه‌ر و درێژه‌ده‌ری فه‌رهه‌نگی کۆنی کورده‌واری واته مه‌قام و مووسیقای ته‌مووره، به باشی توانیویانه ئه‌م به‌زم و ڕه‌زمه که‌ونارایه زیندوو ڕابگرن و له ڕێگای په‌روه‌رده و په‌ره‌پێدانه‌وه، ئه‌م مه‌شغه‌ڵه به ده‌ستی نه‌وه‌کانی ئه‌وڕۆ و داهاتوو بسپێرن. هه‌وڵه‌کانی مامۆستا مورادی هه‌ر له دامه‌زراندنی ته‌مووره‌یانه(خانگ ته‌میره) له بانزه‌لانی داڵاهۆ له ساڵی ١٣٩٦ی هه‌تاویه‌وه بگره هه‌تا به‌ڕێوه‌بردنی ده‌یان کۆنسێرتی مووسیقا له وڵاته جیاجیاکانی جیهاندا، بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و ئه‌لبۆمی مووسیقایی تایبه‌ت به ته‌مووره، نووسینی کتێب و لێکۆڵینه‌وه له‌م بابه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها فیرکاریی و په‌ره‌پێدانی سازی ڕه‌سه‌نی ته‌مووره و مه‌قامه کوردییه‌کانی ده‌گرێته‌وه و هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه، زۆرجار بێ‌به‌رامبه‌ر و له‌سه‌ر ئه‌رکی جه‌نابیان به‌ڕێوه‌چووه و ئێسته‌ش له شێواز و ئاراسته‌ی جۆربه‌جۆردا درێژه و به‌رده‌وامی هه‌یه….
هه‌موو ئه‌م هه‌وڵه ماندوویی‌نه‌ناسانه‌ی مامۆستا مورادی، جێگه و پێگه‌یه‌کی به‌رز و بێ‌وێنه‌ی به مامۆستای دڵان به‌خشیوه و وای کردووه که زڕه‌ی ته‌مووره‌که‌یان سنووره‌کانی گاواره و داڵاهۆ و، به‌گشتی کوردستان تێبپه‌ڕێنێت و له ڕووبه‌ری هه‌موو جیهاندا هۆگر و لایه‌نگر بدۆزێته‌وه. هه‌ر بۆیه مامۆستا پاش تۆمار و بڵاوکردنه‌وه‌ی ٧٢ مه‌قامی ڕه‌سه‌نی ته‌مووره بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی جیهانی گێره‌می نێودێر ده‌کرێت و دواتر له لایه‌ن گۆڤاری ناسراوی ساین لاین(Sing Line)ه‌وه وه‌کوو یه‌کێ له ٥٠ ژه‌نیاری مه‌زن و سه‌رتری جیهان ده‌ناسێندرێت. له ئێرانیشدا مامۆستا له لایه‌ن وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگه‌وه دۆکتۆرای فه‌خری پێ ده‌بخشرێت و دواتر له شاری سلێمانی وه‌کوو براوه‌ی خه‌ڵاتی بله، شان و شکۆ به هه‌مووان ده‌به‌خشێت. ئێسته‌ش هه‌نگاوی شیاوی ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگیی ئه‌ده‌بی مه‌ریوان بۆ به‌خشینی خه‌ڵاتی ماملێ به مامۆستای هێژا و دلۆڤان، کارێکی به‌نرخ و هه‌ڵبژاردنێکی هوشیارانه‌یه که ئه‌مه‌گناسیی و پێزانینی شاری دوانزه‌سواره، شاری خه‌بات و تێکۆشانی مه‌ده‌نی بۆ تێکۆشانی کۆڵنه‌ده‌رانه‌ی مامۆستا عه‌لی‌ئه‌کبه‌ری مورادی له پێناو پاراستن و بووژانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و مووسیقای کوردی‌دا به‌باشی ده‌نوێنێت.
شاعیری پایه‌به‌رزی کورد مامۆستا په‌رته‌و کرماشانی له وه‌سیه‌تنامه شیعرییه‌که‌یدا ده‌ڵێت:
کوشریامه وه ناحه‌ق هه‌ێ روو هه‌ێ روو
شــه‌ۊه خۊنینه‌گـه‌م که‌یــنه تــــوک چوو
وه دار مـەێو ئــه‌ڕام تـه‌رمێـگ بســازن؛
ته‌مۊره‌گه‌ێ «مۆرادی» شین که‌رم بوو
دیاره ته‌مووره‌گه‌ی مورادی هه‌ر به‌ته‌نیا ده‌نگ و سازێکی ئاسایی نییه به‌ڵکوو هه‌ڵگری دیرۆکێ له ڕه‌نج و ئازاری نه‌ته‌وه‌که‌مانه که له گێژاوی مێژوودا به‌ره‌وڕووی بووته‌وه و به‌رده‌وام له ساز و ئاوازی ژه‌نیار و هۆنراوه‌ی هۆنه‌ر و هۆزانڤانه‌کانماندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. سه‌روبه‌ری که‌لامی پیرۆزی یارسان و قام و مه‌قامی مووسیقای کوردان، باسی جوانی، ژیندۆستی، ئاکاری مرۆڤانه و ڕێزگرتن له سروشت و ژن و ژیانه. سوڵتان مه‌ڕه‌مۆ:
دەخیلەن پەریت نەشانۆ یەک تیر
مەلان و مووران هەنەن لانەگیر
حەرامەن دەست، پەی کەمان بەردەن
ڕازی نەویانیم وە نەخچیر کەردەن
لێره‌دا ته‌مووره‌گه‌ی مورادی هه‌ڵگری ئه‌و نه‌ریته به‌رزه‌یه و ده‌کارین وه‌کوو ئه‌مانه‌تدار و ڕاسپارده‌ی ده‌نگی سوڵح و ئاشتی له پانتایی هه‌موو جیهاندا نێودێری بکه‌ین.
باوه‌ری وه‌جا باوه‌ری وه‌جا
یاری چوار چێوه‌ن باوه‌ری وه‌جا
پاکی و ڕاستی، نیستی و ڕ‌دا
قه‌ده‌م وه قه‌ده‌م تا وه مه‌نزڵگا
له دیوانه گه‌وره‌دا مه‌ڕه‌مۆ: يارديده‌كانی بنيامين سازه، پيرموسی سيمه، داوو ئاوازه؛ واته له هه‌ناوی زڕه‌ی ته‌موورێ و هووره چڕین و موور هاوردنه‌وه، حه‌قیقه‌ت و تیشکی خاوه‌ندکاره خۆی ده‌نوێنێ؛ هه‌ر بۆیه پێویسته هه‌موو کوردێک گوێ بۆ ئه‌م ئاوازه ئه‌هووراییه ڕابگرێ و ترپه‌ی دڵ و سۆزی هه‌ناسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م فه‌رهه‌نگه مرۆڤدۆستانه و ئاشتیخوازانه‌دا ته‌با و هاوته‌ریب بکات.
وه به‌زم ياری، وه هه‌ی‌گيان هه‌ی‌گيان
ته‌نبوور بنوازان، تا كران سيران
هیوادار و گه‌شبینین به‌وه‌ی زڕه‌ی که‌لامی حه‌قیقه‌ت و مرۆڤدۆستی که له زاری ته‌مووره‌گه‌ی مامۆستا مورادییه‌وه به‌رز ده‌بێته‌وه، له هه‌موو لایه‌که‌وه وه‌کوو په‌یامی ئاشته‌وایی و مرۆڤدۆستیی بخوێنرێته‌وه و ئێمه‌ی کوردیش به دڵ و به گیان گوێبیستی بین و بیکه‌ین به فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتێکی پته‌و بۆ پاراستن و پێشکه‌وتنی گه‌له‌که‌مان.
دوکتۆر مه‌سعوود بینه‌نده و دوکتۆر بەیان کەریمی
له کۆتاییدا سپاسێکی زۆر و زه‌وه‌ند ئاڕاسته‌ی خه‌ڵاتی ماملێ و پیرۆزباییه‌کی کوردانه له ژه‌نیاری بێ‌وێنه‌ی مووسیقای کوردی مامۆستا عه‌لی‌ئه‌کبه‌ر مورادی ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر بوو به مایه‌ی شانازی و شکۆداریی بۆ هه‌موو کوردێک له پانتایی ئه‌م جیهانه‌دا.