Skip to content

تازەکردنەوەی گۆرانییەکی کۆنی کوردی بە دەنگی ماملێ لە لایەن هونەرمەند دڵزار عابدی

گۆرانی “بەهارە” کە زیاتر بە “مەکەن مەنعی عاشقان” ناسراوە، یەک لە گۆرانییە هەرە کۆنەکانە کە تەمەنی نیزیک بە ٢٠٠ ساڵ دەبێ. لەپاش پەیدابوونی کەرەسەی تۆماریی دەنگ، محەممەدی ماملێ یەکەم کەس بوو کە ئەو گۆرانییەی زیندوو کردەوە و لە مردن ڕزگاری کرد. شێعرەکانی ئی مامۆستا ئەحمەدی کۆرە (١٧٩٢ – ١٨٧٧ز). هۆنراوەی بەهارە لەناو شاعیرانی ئەوسەردەمدا زۆر باو بووە و هەرکام لە شاعیران بەهارەیەکیان هۆنیوەتەوە بەڵام بەهارەی مامۆستا ئەحمەدی کۆر بەناوبانگترین بەهارەیە هەم لە ئاستی درێژ بوونی شێعرەکە، هەم لە ڕوانگەی ناوەرۆک و بەربڵاوبوونی دیمەنەکانی ناو شێعرەکە، هەروەها لە بواری دڵدارییەوە کە زۆر ناسک و ئەویندارانە بەهاری کوردستانی لە قالبی خۆشەویستیدا گونجاندووە.لە ساڵی ١٩٦٢ ڕۆژهەڵاتناسی گەورەی ئاڵمانی – ئامریکایی بەڕێز “دیێتر کریستیانسن” دێت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە موکریان ئەو گۆرانییە بە دەنگی ماملێ و بە تاری هونەرمەند ئەسکەر تۆمار دەکات و وەک شاکارێکی گۆرانی کوردی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات و لە زانکۆکانی ئامریکا دەیناسێنێ کە بە خۆشییەوە کۆی ئەو لێکۆڵینەوانە لە لایان زانکۆ میشیگانەوە بۆ فرۆش لەسەر پلاتفۆڕمی ئامازۆن دانراوە.بەداخەوە هیچکات بۆ ماملێ نەلوا تا بە ئۆرکێسترایەکی باش و ئیمکاناتی باش ئەو گۆرانییە کە یەک لە شاکارەکانی موزیکی کوردییە، تۆمار بکات.کورد دەڵێ: (قەدری زێڕ لای زێڕینگەرە) ئێستا موزیکزان و شارەزای موزیکی کوردی کاک دڵزار عابدی ئەو گۆرانییەی بە دەنگی ماملێ تازە کردۆتەوە و گووراندویەتی. ژەنینی ئەو گۆرانییە بە ئامێری پیانۆ بیچم و کاراکتێرێکی تر دەدات بەو گۆرانییە کە چێژ و تامەکەی دەباتە ناو ژانڕێکی تر کە چێژوەرگرتن لێێ هەم تازەیە و هەم جیهانیتر.دەستی کاک دڵزار خۆش بێ و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازین و هیوادارین کاک دڵزارەکان زیاتر لە دایک بن و کورد لەو قۆناغەی ڕزگار کەن لەو بەتاڵنبردنەی فەرهەنگ و موزیک و مێژوومان لەلایان نەتەوە دەستەڵاتدارەکانەوە.

بابەتی پێوەندیدار