Skip to content

میراتی دەنگی کوردەواری – مامۆستا بێهروز کوردئەحمەدی

سەری کێلی مەزارت تاکوو ڕەش بوو
لە سەر تا خواری کوردان سەر بە ھەش بوو
رەشێک وەک مێشکی قیراوی و ھەڕگ گیر
کە ھەر لایەی گزە و گەندە و بە تەزویر
رەشێک وەک ترس لە ستران و لە حەیران
لە گۆڤەندی کناچە کاتی سەیران
رەشێک وەک زکری حوویەی کۆنەدەروێش
کە پێی پێدەکەنن بێگانە و خوێش
ئەوانەی دەستی رەشیان گەیشتە لانەت
چ بێزراون، ھەموو شایانی تانەت
کە بیریان وێدەچێ تۆ وای لە بن خاک
یەقین دوورن لە فام و عەقڵ و ئیدراک
ئەوانە کوندەبوومی میچی مەرگن
کەرامەتیان نیە، بێ جان و جەرگن
لە چەشنی شەمشەمە کوێرەن، لەعینن
دژی ئاشتین، نەیارێکی بە قینن
سەخیفی گەندەباڵای کورتەماوەن
کە سەیریان کەی ھەموو بیژووی کەلاوەن
ئەوان فەرمانبەری دێوی گڵاون
بە ھەست و مێشک لە گەنداوان گلاون
ھەمان دێوی کەناری بەرزەخی مەرگ
کە ناھێڵی لە داران تاقە یەک بەرگ
بەڵام ئەو دڵڕەشانە تا ھەتایە
دەبێ داڕزن لە دەنگی لایە لایە
کە «ماملێ» وا لە قووڵایی دڵانە
ھەمان باڵندەکەی پۆپەی چڵانە
چ ڕەش نابێ بە ھیچ چەشنێک مەزاری
ئەوە میراتی دەنگی کوردەواری….
بێھروز

بابەتی پێوەندیدار