Skip to content

خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢١ پێشکەش بە مامۆستا “دڵشاد سەعید” دەکرێ.

خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندی کورد، ماوەی ١٢ ساڵە چالاکە و لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌وە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەریی کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە.

ئەو مەڵبەندە وێڕای گشت چالاکییەکانی وەک لە پێناسەکەیدا هاتووە، بێلایەن و سەربەخۆیە و لە بواری مادییەوە شانازیی بەخۆیەوە دەکات کە سەری بڵیندە و پشتی بە بەرکی خۆی بەستووە و هەروەها لە بواری مەعنەویشەوە قەرزداری هەموو دڵسۆزانی میللەتەکەیەتی.

لە ماوەی ساڵانی پێشوودا، لە هەر چوارپارچەی کوردستان، مامۆستایان و هونەروەران:
١- قالە مەڕە‌‌‌‌‌‌

٢- ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری)

٣-  عەباس کەمەندی

٤- عەزیز شارووخ

٥- ناسر رەزازی

٦- زۆزان

٧- تیپی موسیقای سلێمانی

٨- مەزهەر خالەقی

٩- خەلیل خەمگین

١٠- حوسێن سەفامەنێش

١١- محەممەد ڕەزا دارابی،

ئەو خەڵاتیان پێشکەش کراوە.

لە درێژەی چالاکی ساڵانەی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ،  مامۆستای ڤایۆلینژەن و موزیسیانی گەورەی گەلی کورد، دوکتور “دڵشاد محەممەد سەعید”  هەڵبژێردراوە تا خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢١یان پێشکەش بکرێ.

لێهاتوویی و خزمەتەکانی بەڕێزیان بە موزیکی کوردی و هاوکات بە موزیکی جیهانی ئەوەندە زۆرن کە ڕەنگبێ گەر بماهەوێ ئاماژە بە هەموویان بکەین دێڕەکانمان زۆر لەوە کە هەیە ڕێچکە بگرن. هیوادارین بە ئاماژەپێکردنی ئەم چەند خاڵەی ژێرەوە، بتوانین شیاویی ئەم هونەرمەندە گەورەیەی کوردمان وێنا کردبێت.

  1. لە قۆناغێکی مێژووی موزیکی ھاوچەرخ لە باشووری کوردستاندا و بەتایبەت (ناوچەی) بادینان، مامۆستا دڵشاد سەعید بووەتە داینامۆ و بنیاتنەری گروپی ئۆرکێسترایی. دیارترین ئەو کارانەی لەو سەردەمە ئەنجانی داون، دامەزراندنی (تیپی مۆسیقای دھۆک)ە، جگە لە بەرھەمەکانیان وەک پێویستیەکی کلتوری و ھونەری، بووەتە ھۆی ئەوەی، کە بە دەیان هونەرمەند کاری تێدا بکەن و ببنە سەرکردەیەک بۆ نەوەکانی داھاتووی خۆیان و دەیان ھونەرمەند پێبگەیەنێ.
  2. ئەو ئۆرکێسترایەکە مامۆستا دڵشاد بونیاتنەری بووە، بووەتە ئافرێنەری دەیان بەرھەمی ناوازە و هەروەها بە تۆمار کردنی چەند شاکارێکی گۆرانییەکی دێرینی کوردی و داڕشتنەوەیان بە شێوەی ئۆرکێستڕاڵی و زانستی. مامۆستا دڵشاد سەعید بە چەشنێک کاری تێیدا کردوون، کە تێیاندا ئەوەی سەلماندووە کە میلۆدی کوردی توانایی ھەیە لە لوتکەی ئەکادێمیبوندا کاری لەسەر بکرێت و لە فۆرمە جیھانییەکاندا جێی بکرێتەوە. دەتوانین بڵێین: پێش بەڕێزیان ھیچ ھونەرمەندێک تا ئەو ئاستە، خۆی لە کاری بەو جۆرە نەداوە. بە بڕوای ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ ئەو کۆمەڵە شاکارەی کە لە مێلۆدی و موزیکی کوردی بەرھەمی ھێناون، دەکرێت وەک شاکارێک ناویان ببرێت و لە دونیای موزیکی جیهانیدا نوێنەرایەتی موزیکی کوردی بکات.
  3. لەو ماوەیەدا کە لە دهۆک سەرۆکی تیپی موسیقای ئەو شارە بوو، ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا لە بەشداریکردنی کچان و ژنانی کورد تا لە گۆڕەپانی موزیک دا چالاک بن و نش‌ونما بکەن، کە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی گەورەی کولتووری بوو.
  4. دەست و پەنجەی سەر کەمان یا ڤیۆلینی مامۆستا دڵشاد سەعید، کە پەروەردەی قوتابخانەی ئەکادێمی موزیکی کلاسیکی رۆژئاوایە، لە هەمانکاتدا ئاوێتەیە بە ڕۆح و بەرامەی موزیکی کوردی، خاوەن ناسنامەیەکی تایبەت بە خودی ھونەرمەندە و بووەتە ژانڕێک لە موزیکی کوردی کە زۆر لە لاوانی کورد لە خۆشەویستی بۆ هونەریی ئەو هونەرمەندە دەست بۆ کەمان دەبەن و فێری دەبن.
  5. ھونەریی ئەو، بووەتە پردێکی نێوان موزیکی کوردی و موزیکی جیهانی، بە چەشنێک کە نووسینەکان و لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە موزیکی کوردی لە هەندێک لە زانکۆکانی جیهانی وەک سەرچاوە بەکار دەھێنرێت و بۆ ئەو فێرکارانەی کە لەبەشی موزیکی ڕۆژهەڵاتی ئیش دەکەن، وەک وانە دەگوترێنەوە یان دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا.

پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە مامۆستا دڵشاد و لە گشت لایەنگرانی هونەریی کوردی دەکەین. هیوادارین تەمەنیان درێژ و هەگبەی هونەریان دەوڵەمەندتر بێ.

هەروەک ئاگادارن هەموو ساڵێک بە پێی توانامان بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەندی ساڵ مەراسیمێکی ڕێزلێنان و پێزانین لە لایان مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌وە ئامادە دەکرێت. ئەمساڵیش بەتەما بووین تا لە بۆنەیەکی شایاندا ئەو خەڵاتە پێشکەش بە مامۆستا دڵشاد سەعید بکەین، مخابن کە ئەمساڵ لەبەر هۆکاری پەتا و نەخۆشی (کۆڕۆنا) و بۆ پاراستنی سڵامەتی هەموولایەک ئەو دەرفەتەمان بۆ نالوێت بەڵام، بە نوێنەرایەتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ و بە نوێنەرایەتی هەموو ئەو کەسانەی کە پێیانوایە مامۆستا دڵشاد سەعید شایانی ئەو خەڵاتەیە، چەند بەڕێزێک دەبنە میوانی مامۆستا دڵشاد و خەڵاتەکەی پێشکەش دەکەن.

ژیانی هونەریی مامۆستا دڵشاد سەعید

هونەرمەندی گەورەی کورد، دوکتور “دڵشاد محەممەد سەعید” ساڵی ١٧/٠٣/١٩٥٨ لە دھۆک لە دایک بووە و قۆناغەکانی خوێندنە سەرەتاییەکانی لەو شارە تەواو کردووە. بە هۆی زیرەکی و لێهاتووییان لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا و لە ساڵی ١٩٧٢ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا وەردەگیرێت. لە ساڵی ١٩٧٥ هاوکات دەگەڵ درێژرپێدانی بە خوێندن، هاوکاری بەشی کوردی و عەڕەبی ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی بەغدای دەستپێکردووە و لە ساڵی ١٩٧٧ بڕوانامەی دیپڵۆمی لە بواری موزیک وەردەگرێ.   لە ڕێکەوتی ٢٢/٠٤/١٩٩٧٩ تیپێکی موزیکی پێکهێنا و بە ناوی (تیپی کۆڕاڵ و موزیک) بەشداری لە دوو فێستیڤاڵی هەولێر و بەغدادا کردووە و لە هەردووکیاندا پلەی یەکەمی وەدەست هێناوە.

پاش ئەوەی خوێندی مۆسیقای لە بەغدا تەواو دەکات، دەگەڕێتەوە زێدی خۆی و لە ڕێکەوتی ٣١/٠٥/١٩٧٩ ئۆرکێسرتای سەنفۆنیکی دھۆکی دامەزراندووە کە بە فۆڕمێکی جیاواز لە رێگەی تێکەڵکردنی میوزیکی نەریتی کوردی و شێوازی رۆژئاوایی کاریکردووە.

ساڵانی ١٩٨٤ تا ١٩٨٨ لە زانکۆی وێلز لە بریتانیا(University of Wales)  ماستەری مۆسیقای وەرگرتووە.

چەند کارێکی بۆ ئۆرکێسترا داڕشتووە لەوانە کارێک بەناوی “باخچە” کە ساڵی ١٩٨٩ لە مێهریجانی بابل پێشکەش کراوە. کارێکی تری ئەو هونەرمەندە ساڵی ٢٠١٠ لە (Konzerthaus)ی شاری ویێنی وڵاتی نەمسا(ئوتریش) پێشکەش کراوە. چەند دانراوێکی بۆ ئامێری کەمان داڕشتووە. هەروەها کۆمەڵێک گۆرانی بۆ هونەرمەندانی کورد نووسیوەتەوە و ئامادە کردووە.

یەکەم ئاڵبۆیان کە وەک شاکارێکی بەنرخی مێلۆدییە کوردییەکان و هەروەها خوڵقاندنی چەند بەرهەمی ناوازەیە بە ناوی AWAZÊ KURDÎ (Variations on Kurdish Melodies for violin) بڵاو کراوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥ ئافرێنەری سەنفۆنیای بەناوبانگی (پێشمەرگە و شەنگال) بوو کە بۆ کارەساتی شەنگال و هەروەها گیانبازییەکانی پێشمەرگە لە خاکی نیشتمان ئامادەی کردبوو و لەلایان ئۆرکێسترای نەتەوەی وڵاتی “چێک” پێشکەش کرا.

لە ساڵی ٢٠١٨ بڕوانامەی دوکتوڕای (PHD) لە زانکۆی (Mozarteum University Salzburg, Austria) وەردەگرێت.

ئێستا لە نەمسا دەژیت و لەوێ مامۆستای مۆسیقایە.

پڕ بە دڵ پیرۆز باییان پێ دەڵێن و هیوای لەشێکی ساغ و تەمەنێکی دڕێژیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

مەڵبەندیی هونەریی ماملێ

14-01-2021

بابەتی پێوەندیدار