Skip to content

فیلمێکی مێژوویی لە مامۆستایان هەژار و ماملێ

بە بۆنەی کردنەوە و وەڕێخستنی ماڵپەڕی فەرمی مەڵبەندی هونەری ماملێ، بەڕێوەبەرایەتی ئەم پێگەیە خوازیار بوو یەک لە فیلمە مێژووییەکانی خۆی وەک دیارییەک پێشکەش بە هەر کوردستانییەک بکا. ئەم فیلمە لە زۆر بوارانەوە گرنگی تایبەتی هەیە کە هەر کەس لە ڕوانگەی تایبەتەوە بە پێی تەوەری جۆراوجۆر دەتوانێ سەرنجی بداتێ. مەخابن بە هۆی کێشەیەک کە لە ئامرازی فیلمهەڵگرتنەوەدا لەوکاتدا هەبوو، ئەم فیلمە هەندێک خەوشەی هەبوو. ساڵانێکی زۆریش کە ئەم فیلمە لە سەر ”تەیپ” مابۆوە و بواری دیجیتاڵکردنی نەبوو، کۆمەڵێک کاریگەری نێگاتیڤ کەوتبووە سەر ئەم فیلمە. ئێمە پاش هەوڵێکی زۆر توانیمان کە بەشێک لەو فیلمە درێژە لە فەوتان دەرباز بکەین و بیخەینە بەر چاوی جەماوەر، کە هیوادارین کەڵک و گرنگی بۆ هەموان هەبێ. ئەم فیلمە لە هاوینی ساڵی ١٩٨٩ی زایینی لە ماڵی مامۆستا محمد ماملێ تۆمار کرابوو.

بلیمەتی ئەدەب و زمانی کوردی، مامۆستای مامۆستایان، عبدالرحمن شەڕەفکەندی ناسراو بە مامۆستا هەژار موکریانی لەم کۆڕەدا لە سەر چەند تەوەری گرنگی پێوەندیدار بە ناسنامەی نەتەوەی کورد دوا و جار نا جاریش بیرەوەری خۆشی خۆیانی بە تام و چێژێکی تایبەتییەوە گیڕاوە. هێژایان صدیق حیدری (وەزیری تەبلیغاتی دەوڵەتی جمهوری کوردستان)، سعید هومایون (خوشکەزای پێشەوای کوردان، جەنابی حضرتی محمد همام قاضی سەرۆک کۆماری کوردستان)، عبداڵڵە شەڕەفکەندی(برای مامۆستا هەژار موکریانی و گیانبەخت کاک دوکتوور صادق[سعید] شەڕەفکەندی) و چەند لە دۆست و هاوڕێیانی نزیکی مامۆستا محمد ماملێ و مامۆستا هەژار موکریانی لەو کۆڕەدا بەشدار بوون و مەجلیسێکی کوردەواری خۆشیان پێک هێنابوو.

بینەری ئەم فیلمە بە دڵنیاییەوە خۆی توانایی هەیە کە باسە کولتوورییەکان، ئەدەبییەکان و زۆر مژاری دیکە لەم فیلمە هەڵێنجێ. ئەوەی کە لەم فیلمەدا سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە مامۆستای مامۆستایان، جەنابی عبدالرحمن شەڕەفکەندی زۆر بە دڵفرەوانی و دڵسۆزییەوە لە سەر کەسایەتی و توانایی شاهزادەی ئەدەبی کوردی، مامۆستا هێمن موکریانی دوا. ئەم فیلمە مێژووییە یەکەم جارە کە لەبەر چاوی گشتی بڵاو دەکرێتەوە لەم چەشنە بەڵگانە لە داهاتوودا فرەتر دەبینینن، بە مەرجێک کە ئێوەش هاریکاری بکەن و ئێرە بە پێگەیەکی شیاو بۆ بڵاو کردنەوە ئەو بەڵگانە بزانن کە ڕەنگە لای ئێوەش هەبێ. گەر تێبینی و سەرنجێکتان لە سەر ئەم فیلمە هەیە، کەیفخۆش دەبین کە ئەم پێگەیەشی لێ بێبەر نەکەن و دەگەڵمان دابەش فەرموون.

هەر بژین

مەڵبەندی هونەری ماملێ

٢٢ی ٤ی ٢٠١٢ی زایینی

بابەتی پێوەندیدار