Skip to content

خوایە وەتەن ئاواکەی

لەم بەشەدا فیلمێک خستراوە بەر چاوی ئێوە کە بڵاوکردنەوەی وا دەخوازێ هەندێک ڕوونکردنەوە لە مەڕ مێژووی فیلمەکە باس بکرێ.

ئەم فیلمە تەنێ بەشێکە لە چەند کاتژمێرێک زەحمەت و تێکۆشانی کۆمەڵێک هونەرمەند و هونەردۆست. بەشەکانی دیکە لە دەرفەتێکی دادێدا بڵاو دەکرێنەوە. کۆی فیلمەکان لە دانیشتنێکی نهێنیدا لە ساڵی ١٩٨٥ی زایینی (١٣٦٤ی هەتاوی) تۆمار کراون. ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو سەرو بەندە دا بەربەستی ساز دەکرد لە پەرەسەندنی بیری نەتەوەیی و هەر چەشنە خزمەتێک بە زمان و نەریتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر بۆیە دەرفەت و هەلێکی رەخساو بۆ هونەرمەندان و ئەڤیندارانی نیشتمان و گەل لە ئارادا نەبوو. هەر چالاکییەک لەم پێوەندییەوە دەبوا بە شێوەی نهێنی ئەنجام بدرێت. گەر تاکێکی کورد بە ئامرازێکی مۆسیقاوە دیترابا، لە لایەن پاستارانەوە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەستبەسەر دەکرا. هاوکات گەر کامێرایێکی فیلمهەڵگرتنەوە کە ئەوسەردەم زۆر دەگمەن کەسێک هەیانبوو بە دەستی تاکی ئاسایی کۆمەڵگاوە دیترابا، زۆر بە ساکاری بە تاوانی هاوکاری بۆ وڵاتانی بیانی تۆمەتبار دەکرا و گیانی دەکەوتە مەترسییەوە. لە کەشێکی ئەوتۆدا کە ڕێگەی خزمەت بە هونەر چەتوون ببوو، کۆمەڵێک کەسی بە ئەمەگ بە هاوکاری یەکتر توانیان کۆمەڵێک بەرهەم ئاڕشیو بکەن کە ماڵ بە ماڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕدران و تینیان بە ورەی کورد لە بەرانبەر ڕێژیمدا دەبەخشی.

لەم فیلمەدا مامۆستای نیشتمانپەروەر هێژا کاک رشید فەیزینیژاد ئەرکی ئامادەکردن و دابەشکردنی مۆسیقاکەی بە ئەستۆوە گرتبوو. بەڕێزان کاک عزیز سەیفی و کاک جەعفەر ئەمینی هاوکاری بەرنامەکە بوون. ڕەنگبێ بینەر سەیری ئەم فیلمە بکا، وا تێبگا کە ماملێ و هونەرمەندانیتر لە شوێنێکی تایبەتی  و پرۆفێشیوناڵی هونەریدا ئەم فیلمەیان تۆمار کردووە؟ نەخێر بەپێچەوانە. ئەم بەرهەمە و دەیان بەرهەمی تر لە ماملێ و دەیان هونەرمەندی تر هەر وەک ژیانی ئاسایی خۆیان، ساکار و دەستکورت و خاکەڕا تۆمار کراون. لەو سەرو بەندەدا کە هیچ جۆرە بەستێنێک بۆ پەرەپێدانی هونەری نەتەوەیی لەبەردەست دا نەبوو، ئەم هونەرمەندانە ناچار ببوون لە ژێرزەمین دا بەرنامەی خۆیان بەڕێوە بەرن. دیوار و عەرزی ژێرزەمین بە فەڕش داپۆشرابوو و پەنجەرەکانیشی بە خشت و گڵ سواغ درابون تا دەنگ و سۆما نەچێتە دەرێ و پاستار پێی نەزانن و سزا نەدرێن.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە ئەوپەڕی سپاس و پێزانینی بەرانبەر هێژا کاک عزیز خاڵەندی بنوێنین کە ئەو دەرفەتەی گونجاندبوو تا ئەم هونەرمەندانە لە ژێرزەمینی ماڵی ئەودا بەرهەمەکانیان تۆمار بکەن. زەحمەتی میوانداری و زۆر ئەرکی ئابووری بەرنامەکەش لە سەر شانی ئەو گەورەپیاوە هونەردۆستە دا  بوو کە لەو کەش و هەوایەدا ئەرکێکی نائاسایی و قورس بوو. بە واتایەکی دیکە ئەم بەرهەمانە بە بێ دڵسۆزی و هاوکاری نیشتمانپەروەرێکی وەک کاک عزیز خاڵەندی نەدەهاتە دی.

پێویستە ئاماژە بەم گرنگەش بکرێ کە ئەم بەرانەمەیە نزیکەی ساڵ و نیوێک پاش ئێعدامکردنی گیانبەخت کاک نجات ماملێ کوڕی  محمد ماملێ ئامادە کرابوو. ماملێی زامدار بە لە دەستدانی کۆرپەیەکی نازدارییەوە لە لایەک و ماملێی ئەڤینداری خزمەت بە پاراستنی هونەر و زمانی نەتەوەییش لە لایەک. کێبەرکێیەک کە هەرکات لە دەروونی زۆر هونەرمەند و نیشتمانپەروەری نەتەوەی کورددا هەبووە و زۆرینەش ئەرکی نەتەوەییان بە سەر تەنگە و چەڵەمەکاندا سەروەر کردووە. یادی ئەو ڕۆژانە بەخێر کە جەماوەر کون بە کون لە بەرهەمێکی ئاوا دەگەڕان

بابەتی پێوەندیدار