Skip to content

پاشی تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵان، ئاڵبۆمیکی گۆرانی لە ماملێ، بە ناوی “ڕێژنە” بڵاو دەکرێتەوە.

بۆ وا درەنگ؟

ساڵی ١٩٩١ی زایینی دوای کارەساتی دڵتەزێنی کۆچ و ڕەوی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، کۆمەڵێک هونەرمەندی لێهاتووی ئەم دەڤەرە پەڕیوەی شاری مەهاباد بوون و لەوێندەر گیرسانەوە.

ئەم هونەرمەندانە پاش ماوەیەکی کوورت وەها کەوتنە بەردڵان و وەها تێکەڵاوی ڕەوشتی گەرم‌وگووڕی خەڵکی ئەم شارە بوون کە جیاکردنەوەیان لە خەڵک و  پێکهاتەی ئەم شارە چەتوون دەهاتە بەرچاو، بەجۆرێک، کە دەتگووت هەر لەم شارە لەدایک بوون.

ڕێزدار کەریم تەلایی، خاوەنی “ئێستێریۆ تەلایی” کە جێپەنجەیان لە پاراستن و ئارشیوکردنی بەرهەمە هونەرییەکانی کورد و کوردستان دا دیار و بەرچاوە، پێشنیاری کارێکی نوێ و جیاواز لە کارەکانی پێشووتر بە هاوکاری ئەم پۆلە هونەرمەندەی باشوور و هەندێک لە هونەرمەندانی شاری مەهاباد بە ماملێ کرد. ماملێش زۆر بە دڵخۆشی و ڕێزەوە ئەم داوایەی لە کاک کەریم قەبووڵ کرد و قۆڵیان هەڵماڵی بۆ کارێکی نوێ.

پاشان بۆ ماوەی چند ڕۆژێک ڕاهێنان و کارکردن لەسەر گۆرانییەکان لە ماڵی کاک کەریم و لە ئێستێدیۆ تایبەتییەکەیاندا، توانرا کە دوو ئاڵبۆم لە گۆرانییەکانی ماملێ بە دەنگی ئەم هونەرمەندە تۆمار بکرێن کە ئاڵبۆمی یەکەمیان بە ناوی “زەمانە” لە نەورۆزی ساڵی ١٩٩٢ دا بڵاو کرایەوە.

کاک کەریم تەلایی وای بڕیار دابوو کە ئاڵبۆمی دووهەم، واتە ئەم ئاڵبۆمەی کە ئێستا لە خزمەت ئێوەی بەڕێز دایە، بۆ نەورۆزی ساڵی ١٩٩٤ بڵاو بکاتەوە بەڵام، کۆمەڵێک هۆکاری کاریگەر و ناخۆش کە بۆ ژیانی تایبەتی کاک کەریم هاتنە پێش، بڵاو کردنەوەی ئەم ئاڵبۆمەی وەدواوە کەوت.

 بەداخەوە کە ئێستا نەخۆشی بەرۆکی بەم نیشتمانپەروەر و دڵسۆزەی گەل گرتووە و باری نالەباری ژیان وای کردووە کە کاک کەریم لە توانای دا نییە ئەم ئاڵبۆمە وەک گشت کارە بەنرخەکانی پێشووتریان پێشکەشی گەلی خۆی بکات، بۆیە “مەڵبەندی هونەریی ماملێ”ی ڕاسپاردووە تا لە ڕێگای ئەم مەڵبەندەوە کە ئەرکی پاراستن، کۆکردنەوە و  بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ماملێ‌ی گرتۆتە ئەستۆ، ئەم ئاڵبۆمە پێشکەش بە خاوەنی سەرەکیی خۆی، واتە  پێشکەشی بە گەلی کوردی بکاتەوە.

ئێمە وەک “مەڵبەندی هونەریی ماملێ” ئەم هەڵوێستەی کاک کەریم بە هەوڵوێستێکی کوردانە و  نیشتمانپەوەرانە پێناسە دەکەین و ئەو پەڕی سپاس و ئەمەکناسیی خۆمان ئاراستەیان دەکەین. بۆیە بڕیارمان داوە کە ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئەم ئاڵبۆمە بگرینە ئەستۆی خۆمان و لەم ڕێگەیەش دا گەر داهاتێکی ماددیش دەستەبەر بکرێت، دەیخەنە خزمەتی دڵسۆزان و تێکۆشەرانی بواری موزیک و هونەرەوە.

لێرەدا ڕوو دەکەینە کڕیارانی خاوەن هەڵوێست و دڵسۆز، چوون دەزانین ئەم کەسانەن لە کۆپی کردن خۆدەپارێزن و ئامادەن ئەم بەرهەمە بکڕن تا خزمەتێک بە ئەدەب و وێژەی کوردەواری بگەیێنن.

جێی خۆیەتی کە سپاسێکی هەراو بکەین لە ڕێزداران کاک کەماڵ و کاک فاروق  فەرهاد، هەروەها کاک داود زەهابی کە کوردانە و دڵسۆزانە بۆ  ئامادەکردنی ئەم ئاڵبۆمە تێکۆشان و ماندوو بوون.

وێنەی کەسانی وەک کاک کەریم بۆ کورد هەر لە گەشە دا بێت و لەشساخی و تەمەندرێژییان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

بەوپەڕی ڕێز و سپاسەوە

مەڵبەندی هونەریی ماملێ

ڕێژنە
دە ئافراندنی هەر بەرهەمێکی هونەری دا مافی ئافرێنەرە تا ناوی بەرهەمی خۆی بنێت. مافی ئەوە تا داکۆکی لە بەرهەمەکانی خۆی بکات بەڵام، بە هۆی دۆخی تایبەتی ئەم  ئاڵبۆمە کە خاوەنی سەرەکییەکەی (محمەممەد ماملێ) لە ژیاندا نەماوە، ئەم پرسە گەلێک لەسەر شانمان قورسایی دەکرد کە گەلۆ ناوی ئەم ئاڵبۆمە بنێین چی؟
 پاشی ڕاوێژێکی زۆر گەیێشتینە ئەم ئەنجامە کە ناوی بنێین “ڕێژنە” کە ناوی یەک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی ماملێ‌یە  و ناواخنی ئەم ئاڵبۆمەشەکە هەڵبەستەکەی یەک لە شاکارەکانی مامۆستای گەورە و ناسکهەست “هێمن موکریانی”یە. بەم شێوەیە لە  ڕێگەی ئەم ئاڵبۆمەوە یادێک دەکەینەوە لە پاشای شێعری کوردی مامۆستا هێمن و ئەم پەیامە دووپات دەکەینەوە کە نەمردوون و هان لە دڵماندا.  
یادیان بەخێر و ڕەوانیان شاد.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

دەتوانن بە کرتە کردن لەسەر ئەم دێڕانە گوێبیسی کۆپلەیەک لە گۆرانییەکان بن.

ئەم ئاڵبۆمە لە گشت تۆمارگە مووتەبەرەکان دا بەردەست دەبێت.

بۆ کڕینی پێشوەخت، پێوەندی بەم شوێنانەوە بکەن:
ڕاستەوخۆ پێوەندی بەئیمایلی سایتەکەمانەوە بکەن: info@mamle.net

١- ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەهاباد……..ستێریۆ ئەسرین، تەلەفۆن: 04442245652
٢- باشووری کوردستان قەڵادزێ……….ماڵی ماملێ، تەلەفۆن: 07501080375
باشوری کوردستان سلێمانی…………..تەلەفۆن: 07701557697
٣- ئەوڕوپا، سۆئێد، ………………………تەلەفۆن: 0046735764292
٤- ئەوروپا، نۆڕوێژ، ……………………….تەلەفۆن: 004740626326
بڕیار وایە ئەم ئاڵبۆمە لە ٢١/٥/٢٠١٧ی زایینی واتە ٣١/٢/١٣٩٦ی هەتاوی بڵاو بکرێتەوە.

بابەتی پێوەندیدار