Skip to content

بڵاو کردنەوەی چەند دیمەنێکی تازە لە ماملێ(سۆران کرباسیان)

محمد ماملێ تەنێ خزمەتکاری کولتوور، نەریت و ناسنامەی نەتەوەی کورد نەبوو. ئەو لە پێش هەموو شتێکدا تاکێک بوو لە خزمەت ئازار و پرسی نەتەوەکەیدا. کۆڕەوی کورد و ئازارەکانی توناکردنی کورد، ماملێی بردە نێو بێ دەنگییەکی درێژ خایەن. ئەو هەرکات لە کاتی ڕووداوە دڵتەزێنەکاندا، هەڵوێستی خۆی بە دوور کەوتنەوە لە ئاوازخوێنی دەردەبڕی و بە دڵ، ڕەشپۆشی و ماتەمینی خۆی نیشان دەدا. ئەو دەیزانی کە هەڵس و کەوتی لە کۆمەڵگادا لە ژێر چاوانە و هەر بۆیە خۆی و بنەماڵەکەی هەرکات ڕەچاوی هەر چەشنە هەل و مەرجێکیان دەکرد کە نەکەونە بەر ڕەخنەی کۆمەڵگاوە. حاشا لەوە ناکرێ کە ناوبانگی ماملێ بەرپرسایەتییەکی قورسی خستە سەر شانی هەر ماملێ ناوێک و هەر بۆیە ئەم بنەماڵەیە، خۆشەویستییان لە ناو گەلدا ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی سەند و بایەخیان زۆرتر بوو.

ماوەیەکی زۆر پاش ئەوە کە برینی کۆڕەوی خوشک و براکانی باشووری کوردستانیش ساڕێژ کرابوو، لە زەمەنێکدا کە بواری خزمەتی کولتووری زۆر لە ژێر گوشار و زەختی حکومەتدا بوو، هونەرمەندانی کوردی باشوور و ڕۆژهەڵات لە شاری مەهاباد قۆڵی خزمەتیان بە یەکەوە هەڵماڵی و کۆمەڵێک کاری جوان و مێژووییان بۆ هونەری کوردی تۆمار کرد. ساڵی ١٩٩٢ی زایینی هونەرمەندان دڵزار یاسین، سەرتیپ سەردار، عدنان کریم، ڕەوەز کۆیی، حسین رهبر، محمد دانش و چەند هونەرمەندێکی دیکە هاوکارییان دەگەڵ مامۆستا محمد ماملێ کرد و کۆمەڵێک بەرهەمی باشیان بە یەکەوە بەڕێوە برد. ئەم دوو فیلمەی کە لە ژێرەوە خستراوە بەر چاوی ئێوەی هێژا، لە کۆمەڵە بەرنامەکانی ئەو کاتن کە لە لایەن یەک لە ئۆگرانی هونەری ماملێ ڕا لە ناوخۆی نیشتمانەوە بە دەستمان گەییشتووە. ئێمە هەر لێرەوە پێزانینی خۆمان بەرانبەر ئەو هێژا دڵسۆزە دەردەبڕین و سپاسوێژی خۆمان دووبارە دەکەینەوە. بەم هیوایە گەر ئێوەش بەرهەمێکی مێژوویی ئاواتان لە لایە، هاریکاری ئەم پێگەیە بفەرموون و ڕێگە بدەن لێرە بخرێتە بەر چاوی گشتی.

هیوام وایە گەر لە سەر ئەو هونەرمەندانەی ناویان هاتووە، زانیاری یان بیرەوەریتان لایە، لە بەشی بۆچوون ڕا بۆ ئەم پێگەیەی بنێرن. هەر کام لەم هێژایانە خزمەتێکی زۆریان بە ناسنامەی نەتەوەی کورد کردووە و پێویستە زۆرتر بناسرێن.

هەر بژین

سۆران کرباسیان

١٥ی ١٠ی ٢٠١٢ی زایینی

کێژە کوردەکەی دەم بە پێکەنین

بابەتی پێوەندیدار