Skip to content

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ مافناس کاک “خانە ماملێ”

ماوەیەک بەر لە ئێستا دیمانەیەک لە لایەن کاناڵی ئاسمانی کەی ئێن ئێن دەگەڵ مافناس عزیز ماملێ پێک هاتبوو. ئەم بەرنامە بە ئاماژەیەکی کورتی کارنامەی چالاکی ڕامیاری ئەم بیرمەندە دەست پێ دەکا. لە درێژەی وتو وێژدا باس لە ڕۆڵی بەرچاو و دڵسۆزانەی یای دانیەل میتەران (ناسراو بە دایکی کورد) و کاریگەری ئەو لە سەر سیاسەتی کورد و فەرانسە دەکرێ. سیاسەتی حکومەتی فەرانسە لە مەڕ نەتەوەی کورد و هەڵسەنگاندنی کابینەکانی جیاوازی ئەو وڵاتە لە پێوەندی بە پرسی کورد لە لایەن هێژا عزیز ماملێ دەخرێتە بەر باس. مژاری دیکەی دیمانە، کوردانی دانیشتووی وڵاتی فەرانسەن و باس لە پێکهاتە و چالاکییان دەکرێ. چ جۆرە ڕێکخراو و ئۆرگانێکی کوردی لە فەرانسە لە چالاکی دان، بە چی سەرقاڵن و چۆن کار و باری خۆیان بەڕێوە دەبەن؟ پێداویستی ڕۆژ بۆ کوردانی دانیشتوانی فەرانسە بۆ زەقترکردنەوەی پرسی کورد وەک مژارێکی جددی لەم وڵاتەدا چییە؟ گەلۆ حکومەتی کوردستان لە باشووری کوردستان ستراتێژییەکی ڕێکی لە بواری جۆراوجۆرەوە دەکار گرتووە؟
ڕۆڵی حیزب و تاکی کورد دەتوانێ چۆن بەهێزتر بێ لە دوایین پرسیارەکانی ئەم دیمانەیە بوو. وتوو وێژی ڕامیاری کەی ئێن ئێن بە بیرەوەرییەکی مافناس عزیز ماملێ کۆتایی پێ دێ.
چەند خولەکی دوایی ئەم بەرنامەیە بۆ باسی بنەماڵەی ماملێ و هونەرەوە تەرخان کراوە.

هێژا عزیز ماملێ کوڕی میرزا حسین ماملێ‌یە(میرزا حوسێن برا گەورە و مامۆستای محمد ماملێ‌ بووە). کەسایەتییەک کە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە زۆر بە ژیری خۆی پێ گەیاند و توانی لە دواییدا لە زانکۆی تاران دەست بە خوێندنی حقوق بکا. ناوبراو لە دواییدا لە شارەکانی سقز و مەهاباد وەک پارێزەر کاری کردبوو. چالاکییە سیاسییەکانی ئەو لە هەر شوێنێک تەنێ لە خزمەتی چەمکی نەتەوەیی کورددا بووە.

بابەتی پێوەندیدار