Skip to content

(بازی بێریان) گۆرانییەکانی مامۆستا ماملێ

(بازی بێریان) گۆرانییەکانی مامۆستا ماملێ

بازی بێریان خوڵقاوی هاوار و چریکەیەکن کە هەرکات لە پێناو کورد و کوردستاندا کێشران. بازی بێریان ناوی یەکەم پەرتووکە کە ماملێی کوردانی بە سەر کردەوە.

هونەردۆستێک بە ناوی ”محمد حسن احمد” لە باشووری نیشتمانەوە هەستی بە بۆشاییەک کردبوو. وەک زۆر کەسی دەوروبەری چاوەڕێ بوون ئەم بۆشاییە پڕ بێتەوە و هەر چی ددانیان لە سەر جەرگ دانا، برینیان ساڕێژ نەکرا.

هونەردۆست نەیتوانی واز لە ئەوین بهێنێ. ڕێگەی پڕ لە تەنگ و چەڵەمەی گرتە بەر و سنووری داسەپاوی بەزاند. سەری لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەرکرد و پاشماوی بۆنی ئازادی دەوڵەتی کوردانی لە ماڵی مامۆستا محمد ماملێ هەڵمژی.

ئەو بە پەرۆشییەوە بە شوێن زانیاری بوو و ماملێی هان دەدا بیرەوەرییان بدرکێنێ. تێکستێکی زۆری کۆ کردنەوە و بە بوخچەی پڕ لە هاواری نەتەوەیەکەوە خۆی گەیاندەوە زێدە داگیرکراوەکەی. هێژا کاک ”محمد حسن احمد” دەستی کرد بە نووسینەوەی تێکست و بیرەوەرییەکان و دەستی یارمەتیخوازانەی خۆی بۆ هونەرمەندان و پسپۆڕان ڕاکێشا. مێلۆدی گۆرانییەکانیان بۆ نووسییەوە و پاش زەحمەتێکی بێ وچان توانی یەکەم پەرتووکی خۆی لە سەر ژیان و گۆرانییەکانی ماملێی ناودار بخاتە بەر دەست ئەو ئۆگرانەی کە دەمێک بوو تینوویەتییان نەشکابوو.

ئەم پەرتووکەی کە لێرە خستراوە بەر دەستی ئێوەی ئازیز، بەرگی یەکەمی بازی بێریانە. پەرتووکێک کە هاندەر بوو تا بەرهەمی بەپێزتر و دەوڵەمەندتر بە کتێبخانەی کوردی زیاد بێ و کتێبگەلی وەک <<یادی بەخێر>> ی لێ کەوتەوە.

مەڵبەندی هونەری ماملێ وێڕای دەربڕینی پێزانین و ئەمەگناسی خۆی بەرانبەر نووسەری هێژا کاک ”محمد حسن احمد”، سپاسی ئەم نووسەرە هونەردۆستە دەکا کە ڕەزامەندی خۆیان لە سەر بڵاوکردنەوەی ئەم پەرتووکە لەم پێگەیەدا دەربڕیوە.

بە سپاسی دووبارەوە