Skip to content

پەیامی مەڵبەنی هونەری ماملێ بۆ کۆچی مامۆستا شوکروڵڵا بابان

نەورۆز سەرەڕای هەموو تایبەتمەندییەکانی کە بۆ نەتەوەی کوردی هەیە، لە کاتێکدا تام و چێژی تەواوی لێ وەردەگیرێ کە گوێچکەکان شل دەبن بە دوو دەنگی بە سۆز و هەست بزوێنی مامۆستایان حسن زیرەک و شکرالڵه بابان.

شکرالڵه بابان کە گەلانی غەیری کورد بە نووسەری
دەناسن، لە ناو کورددا زۆرتر بە دەنگی خۆش و خوێندنەوەی پسپۆڕانەی شێعری کوردی یادی کراوە.

بەرواری ١٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٢ی زایینی هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوایی ئەم گەورە پیاوە، پەژارەیەکی دیکەی خستە سەر ئازارەکانی دیکەی نەتەوەی کوردەوە کە لەم ڕۆژانەدا بەو پەڕی خۆی گەییشتووە.[1]

شکرالڵه بابان ئەردەڵانییەکی سۆرانیوێژ بەڵام هاوکات شارەزا لە زاراوەی هەرە کۆنی کوردستان بوو. لەو کەسانە بوو کە زۆر کەسی لە کاری بێژەری و هونەریدا بار هێنا و لە تەنیشت کاری هونەرییەوە پێنووسیشی بە دەستەوە دەگرت. سێ پەرتووکی ”صلاح الدین ایوبی” قارەمانی کورد، گوڵزاری کوردستان و فەرهەنگی فارسی کوردی لە ئەم مامۆستایە بە چاپ گەییشتوون.[2],[3] شکرالڵه بابان لە دەنگ و ڕەنگی کرماشان، سنە، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، مەهاباد و طهران کاری کردبوو.[4] دەگەڵ هونەرمەندی بێ وێنە و خۆشەویستی کوردستان، مامۆستا حسن زیرەک، یای میدیا زەندی (هاوسەری مامۆستا حسن زیرەک)، محمد کمانگر، یای مستورە زەندی، یای مهری بابامیری و منصور ئەردەڵان بۆ ماوەیەکی زۆر کاری کردبوو.[5] شۆڕشگێرانی کورد جیا لەم مامۆستایە، ڕێز و حورمەتێکی تایبەتییان بۆ هێژا کاک عبدالڵه بابان هەیە کە سامانی خۆشی خستە خزمەت بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە دژی کۆماری اسلامی ایران.[6]

مەڵبەندی هونەری ماملێ وێڕای سەرەخۆشیکردن لە نەتەوەی کورد و ئەڤیندارانی هونەر و دەنگی مامۆستا بابان، بە پێویستی دەزانێ دوو بیرەوەری ئەم مرۆڤە نازدارە دەگەڵ جەماوەر دابەش بکا.

جارێکیان حکومەتی بنبڕکراوی پاشایەتی لە دەڤەری موکریان دەستی کردبۆوە بە دەستبەسەرکردنی دووبارەی نیشتمانپەروەرانی کورد. مامۆستا محمد ماملێ و زۆر کەسی دیکە لەم شارە ئاوارە بوون و لە کوردستاندا بڵاو بوونەوە تا وە دەست حکومەت نەکەون. ماملێ ڕێی لە کرماشان کەوتبوو و بە نزیکان و بنەماڵەی ڕاگەیاندبوو کە گەر لەوێ بواری ماندنەوە نەبێ، لە ڕێی قەسری شرینەوە بەرەو باشووری کوردستان دەڕوا.

بە دوای ئەوەدا کە مامۆستا بابان پێ دەزانێ مامۆستا ماملێ لە کرماشانە، دەیدۆزێتەوە و داوای مانەوەی لێ کردبوو. هەر لەو ماوەیەدا لە کرماشان دوو بەرهەمیان بە یەکەوە ئامادە کردبوو کە پێشتر بڵاو بوونەتەوە.

جارێکی دیکەش مامۆستا بابان لە ساڵی ١٣٤٨ی کۆچی هەتاوی دیسان میوانی مەهاباد بوو. لە پاش ئەوە کە میواندارییە پەیتا پەیتاکانی ئەو بێژەرە خۆشەویستە کۆتایی پێ دێ، چەند بەرهەمێکی دیکەی لەوێ تۆمار کراون کە لە دادێ دا هەر لەم پێگەیە بڵاو دەبنەوە.[7] مەڵبەندی هونەری ماملێ کۆچی دوایی مامۆستا شکرالڵه بابان بە پەژارەیەکی قورس بۆ کاروانی هونەری کوردی دەزانێ و ئاواتەخوازە جێگەی ئەو دەنگە زولال و بەسۆزە پڕ بێتەوە.

ڕۆحی شاد بێ و وێنەیان زۆر.Serçawekan:


[1] http://nnsroj.com/detiles.aspx?id=3451&ID_map=23

NNS Roj kurte mêjûyekî cwan u rêkî le ser mamosta Shokrollah Baban nûsîwe ke detwanin lem bestereda bîxwênnewe.

[2] Brrwane raportî NNS ROJ

[3] Brrwane mêjûy radio krmaşan, Le taqe jmarey fesl-namey Enîstîtoy Kurd le Têhran be çap geyîşt. Her weha brrwane nûsînî Mistefa Wîsmoradî her lem pêwendiyewe.

[4] Brrwane dîmaney Fuad Baban degell Mîlad Kerîmî

[5] Zaniyarêkan le serçawey jmare 4 wergîrawn.

[6] Be pêwîst zanrawe naw le başekan bhênîn, emanîtr bayexîyan nê.

[7] Dîmaney kak Wirya Mamlê degell hêja kak Xane Mamlê

Photo © Faruq Qubadî

.تێبینی: ئەو بەرهەمانەی مامۆستا شکرالڵه بابان کە لە دەقی پرسەی مەڵبەنددا ئاماژەی پێ کراوە، لە داهاتوودا بڵاو دەبنەوە. بەرهەمەکان لە ئارشیوی هێژا کاک خانەی ماملێ وەردەگیرێن

بابەتی پێوەندیدار