Skip to content

“محمد ماملێ” لە لووتکەی نەمری و هەڵوێستی بەرزیدا

774510_484553894937917_1303831104_o

نووسینی: عوسمان رانیه‌یی
خۆر له‌كازیوه‌دا چه‌ندجوانه‌ كاتێك چه‌پك چه‌پك تیشكی زیوینی له‌ئاسۆوه‌ په‌خشی سه‌رزه‌وی ده‌كات له‌ خۆرنه‌وازیشدا هه‌ر به‌و جوانییه‌ی جیهانێكی زێڕین پێش ئاوابوون ده‌خوڵقێنێت، په‌یكه‌ری هونه‌ری كه‌سانێكیش له‌وه‌ها تابلۆیه‌ك ده‌چێت كه‌ جوانیی رۆژله‌هه‌ردوو شێوه‌یدا ده‌خه‌مڵێنێو له‌ناخیشدا وه‌ك ده‌ریایه‌ك تژین له‌ جوانی ومرواری. ئه‌وانه‌ پالێت و پێكهاته‌ی ژیانی

ره‌وانشاد (محمدماملێ‌) بوون كه‌ساڵانێك وه‌ك سه‌روویه‌كی به‌ژن زراڤ له‌ناو گه‌له‌كه‌یدا كه‌م ژیا و كه‌ڵ ژیا كاروانی هونه‌ریشی به‌هه‌مانجۆر كه‌ هه‌رده‌م روو له‌ئاسۆ و پشتی له‌تاریكی بووه‌ ، كه‌سانێكیش كه‌ شاره‌زاییه‌كیان له‌و زاته‌ نییه‌ مافی خۆیانه‌ بپرسن به‌ڵگه‌وهۆكارچییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و گووتنانه‌ به‌رسڤ هه‌موو ئه‌و ئاكار و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وییه‌ نه‌مرانه‌ن كه‌رۆژله‌دوای رۆژ وه‌ك دووڕ و گه‌وهه‌ر له‌ قوڵایی ده‌ریا دڵی ئه‌و مرۆڤه‌وه‌ له‌سه‌ر زاری هاورێ‌ و هاوژیانه‌كانی ئه‌و دێنه‌ گووتن.ئێواره‌یه‌كی ساردوباراناوی زستانی ئه‌مساڵ له‌خزمه‌ت مامۆستاو رووناكبیر “ئه‌سعه‌د سیراجه‌ددینی”دا بووم له‌شاری هه‌ولێر ، له‌درێژه‌ی باس و خواسی هوونه‌ریماندا نۆره‌هاته‌ سه‌ر تاوتوێی رۆڵ و پێگه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ هونه‌ریه‌كانی كورد له‌دیدی ئه‌و مامۆستا هێژایه‌ له‌وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تی و به‌هره‌ی هونه‌رمه‌ند “محمد ماملێ‌” مامۆستا سیراجه‌ددینی چه‌ند هه‌ڵوێستێكی مێژوویی له‌مه‌ڕ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ خسته‌ روو ، به‌لانی كه‌م بۆمن تازه‌و نه‌بیستراوبوون و ره‌نگبێ‌ لای زۆربه‌شمان نه‌زانراوبن، ئه‌و گێرایه‌وه‌و گووتی له‌ناوه‌راستی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌ورانی شۆرشی كورد له‌ باشووری وڵات بوو ئه‌وسا ئێمه‌ له‌ خزمه‌ت مامۆستا شوكروالله‌ بابان له‌رادیۆ كرمانشا كارمان ده‌كرد، نامه‌یه‌ك له‌ده‌زگای ئه‌منی ئه‌و كات بۆ رادیۆ هات له‌مه‌ڕ یه‌كێك له‌ گۆرانیه‌كانی كاك محمدی ماملێ‌ به‌ناوی(ڕاوكه‌ری به‌دخو)گوایه‌ ئه‌و گۆرانیه‌ سیاسی بووه‌ و مه‌به‌ستی شاهنشا و رژێمه‌كه‌ی بووه‌ له‌وه‌ڵامدا ئاغای بابان نوسیبوویه‌وه‌ نه‌خێر ئه‌و گۆرانییه‌ دووره‌ له‌سیاسه‌ت و ته‌نیا به‌رهه‌مێكی فۆلكلۆرییه‌ .به‌م جۆره‌ گۆرانیه‌كه‌ له‌سانسۆری ئه‌منی ده‌ربازی ده‌بێت و دواتر كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌و باسه‌یان زانی و چه‌ندجارێكیتر ماملێ‌ ئه‌و گۆرانییه‌ی به‌شێوازی جوانتر دووباره‌ كرده‌وه‌ زیاترچووه‌ ناو دڵی خه‌ڵكی و پێشوازییه‌كی باشتری لێكرا له‌لایه‌ن گوێگرانیه‌وه‌. هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری ماملێ‌ و هه‌ڵوێسته‌ نیشتیمانیه‌كانی ، مامۆستا سیراجه‌ددینی فه‌رموویان له‌ساڵه‌كانی 1970دابوو پرۆگرامی (كاروانی شیعرومۆسیقا)مان بۆ تلفزیۆنی كوردستان له‌ شاری سنه‌ ئاماده‌ ده‌كرد ، راسپێردرام كه‌ بچم بۆ مهاباد و به‌رنامه‌یه‌ك بۆ كاك محمدی ماملێ‌ تۆمار بكه‌ین،دوای به‌خێرهێنانێكی گه‌رم و میواندارییه‌كی دۆستانه‌(ماملێ‌) پێی گوتین “به‌ڵێنم داوه‌ به‌رهه‌م بۆ ده‌زگای ده‌وڵه‌تی تۆمار نه‌كه‌م زۆریشم پێ ناخۆشه‌ قسه‌ی ئێوه‌ ده‌شكێنم به‌ڵام به‌ڵێنێكه‌و داومه‌ و ناتوانم لێی پاشگه‌ز ببمه‌وه‌”ئێمه‌ش له‌ناخه‌وه‌ سوپاسی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یمانكرد و دواتریش به‌شیوازی جیاجیا هاوكاری یه‌كمان ده‌كرد، له‌ئێستادا خۆزگه‌ ده‌خوازین ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی فه‌رمیش نه‌بوایه‌ به‌ڵكو لابه‌لا ئه‌و كاره‌ بكرایه‌وئێستا وه‌ك شوێنه‌وارێكی هونه‌ری گرنگ له‌ ئارشیوی هونه‌ری كوردی دا به‌رهه‌مێكی ناوازه‌مان ده‌بوو به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی نیشتیمانی و خه‌سڵه‌تی به‌رزی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ی كورد بووه‌ به‌رامه‌به‌ر به‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و رژێمه‌ له‌دۆزی ره‌وای كورد به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌وكات ده‌ورانی شۆرشی مه‌زنی ئه‌یلول بووه‌و هه‌موانیش ده‌زانین رژێمی شای له‌ناوچوو چ رۆڵێكی به‌دكارانه‌ی گێرا له‌و شۆرشه‌ ئازادیخوازایه‌ی گه‌لی كورد دا.سڵاو له‌رۆحی نه‌مروبه‌رزه‌فڕی محمدی ماملێ‌ له‌ساڵیادی كۆچباربوونی و كاروانی هونه‌ری پڕ له‌رێبواربێت.

بابەتی پێوەندیدار