Skip to content

بەسەرکردنەوەیەکی درەنگ

19-03-2013 22-21-16

بۆ خزم و ناسیاوەکانی ماملێ  چەتوون بوو کە ماڵئاواییەکی هونەری لە ماملێ بکەن، هەر بۆیە زامی کۆچی دوایی و ماڵئاوایی ئەم خزمەتکاری نیشتمانە هەموو ئەویندارانی ناوچەی کاس کردبوو و خەمی سێی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٩٩ی زایینی بۆ ماوەیەکی درێژ موکریانی پەژۆکاندبوو. لەو زەمەندا خەمی لەدەستدانی ماملێ لە لایەک، پەرۆشی گشتی جەماوەر لە لایەکی دیکەوە بە هۆی گیران و دەستبەسەرکردنی زۆر لاو و مرۆڤی ئەمەگناسی کورد و هاوکات نەبوونی هەل و…

مەرجێکی گونجاو بۆ یادکردنەوە لە ماملێی کوردستانی لە سەر یەک کاریگەر بوون کە  کەس نەتوانێ لە موکریانی نیشتمان بۆنەیەک لە سەر ماملێ پێک بهێنێ. لە جێی خۆیدا بوو کە ماڵئاوایی لە ماملێی نیشتمانپەروەر کرابا و لەم ماڵئاواییەشدا چەند قەتارەیەکی ناسراوی بەسەر کرابانەوە. مێژووی کورد و کوردستان ئەم جوانییەی پێوە دیارە کە هەرکات ئەندامێکی تووشی خەسار دەبێ، ئەندامێکی دیکەی وە گڕ دەکەوێ و هیچکات بۆشاییەک لە خەبات و خزمەت بە نیشتمان پێک نەهاتووە. ئەم گرنگە لە هەموو بوارەکاندا خۆی نواندووە و لە ڕاستیشدا فاکتەری هەرە بەرچاوی لێکگرێبەستراویی نەتەوەی کوردە کە یەکتر بە سەر دەکەنەوە، سەر بە هەر دەڤەرێک بن و لە هەر زەمەنێکدا بن لەم گرنگە لا نادەن و یەکبوونی خۆیان دەسەلمێنن.

ئەم گرتەیەی کە لە ژێرەوە خستراوە بەر چاوتان، لە چلەی ماتەمینی کۆچی دوایی ماملێی کوردستانی هەڵگیراوە، کاتێک کە هونەرمەندانی بابانی دەگەڵ خوێندکارانی هونەرە جوانەکانی زانکۆی شارەکەی هەڵمەت و قوربانی هەستیان بەم بۆشاییە کردبوو و بە ڕێزێکی شیاوەوە ماڵئاوایی نیشتمانیان لە هونەرمەندی نەتەوەی خۆیان کرد. سەرنجی تایبەتی گەرەکە کە لەو زەمەندا کە باشووری نیشتمان بواری زۆر گونجاو و رەخساوی لە بەر دەستدا نەبوو، دیسانیش توانیبوویان کە بە دەکارگرتنی هەموو هەست و تواناییەکانی خۆیان، ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بە شیاوترین شێوە بە جێ بگەیێنن. مامۆستای هونەرمەند و هێژا، کاک سەرکار “عزت” بەڕێوەبەری گرووپی ئۆرکێستی ئەو شەوە هونەرییەی شاری سلێمانی بە دەستەوە بوو. ناوبراو لە پێناو پەرەسەندن و پێگەیاندنی گەنج و لاوانی ئەوینداری هونەری کوردیدا خزمەتێکی گەلێک بەرچاو و حاشاهەڵنەگری کردووە. مەڵبەندی هونەری ماملێ ئاواتەخواز بوو بۆ چرکەیەکیش بێ نوێنەرایەتی هەموو ئەویندارانی هونەری کوردی کردبا و لە پێگەیەکی ئاوا بەرزەوە سپاسوێژی خۆی بەرانبەر بەم هونەرمەندانەی باشووری نیشتمان دەربڕیبا. لێرەوە مەڵبەند حوڕمەت و ئەمەگناسی خۆی بەرانبەر تاقە تاقەی ئەو خۆشەویستانە دەردەبڕێ کە لەم بۆنەیەدا، گەورەییان لە خۆیان نواند و ئەو یادەیان کردەوە. سپاسی تایبەتیش بۆ ئەو ئازیزانەی کە فیلمەکەیان پاراستبوو و مەڵبەندیان لەم بەرهەمە بە نرخە بێبەش نەکرد. دەوڵەمەندی ئەم پێگەیە، لە سەر دەوڵەمەندی میوانەکانی ساغ بۆتەوە.

مەڵبەندی هونەری ماملێ
20.03.2013

Mamle Cwan

بابەتی پێوەندیدار