دیلە هەر کەس وا نەتوانێ هەڵبڕێ دەنگی گەلی
ترسەنۆک و سەرنەوی ڕێز بگرێ لە زۆرەملی
وێنەکەی فەرزادی مامۆستای بەری دیلخانەیە
قەت نەبوو بیکا سەری نوێ، بۆیە وا فەرزانەیە
سۆران کرباسیان ٧ی ٥ی ٢٠١٣ی زایینی
ئەمە شینگێڕی نییە، دامرکاندنی دڵێکی شکاو نییە، پەرەپێدانی نەریتی گرینۆکی نییە. ئەمە سینگی چڕژاوی شەڕەفە کە هاواری شانازی دەکا. ئەمە ورەی بەرزی تینداری قوتابییە کە وانەی ئەمەکناسی لە ڕەوشتی مامۆستاکەی فێر بووە.
مەڵبەندی هونەری ماملێ لە ساڵڕۆژی گیانبەختبوونی مامۆستای کوردستاندا وێڕای دەربڕینی هەستی هاوبەشی خۆی دەگەڵ سەرجەم کوردستانییە کەمانگەرەکان و ڕێزلێنان لە مامۆستای یەکجار هێژای کوردستان، حوڕمەت و دروود دەنێرێ بۆ خزمەت دایکی مامۆستا فەرزادی کەمانگەر کە جیا لەوە کە یەک لە جوانترین ڕۆڵەکانی گەلی سەربەرزمانی پێشکەش کردین، بەڵکوو لە پاش کارەساتی دڵتەزێنی لە سێدارەدانی ئەو تاقانەیەش، تەنیا ورەی گەلی بەرز کردەوە و گەورەتری کردین. ئەمڕۆ ڕۆژی مامۆستای کوردستانە. ڕۆژی دووپاتبوونەوەی مێژووی نەپسراوی کۆڵنەدەرانەی خەبات بەرەو ئازادی نەتەوەیەکە. ڕۆژێکە کە مامۆستایەکی بەندکراوی کورد لە ژێرخانی تاریکی زیندانەوە، چرای سەربەرزی و شەڕەفی نیشانی گەلەکەی دا. ئەمڕۆ ڕۆژی باوەڕ بە خۆ بوونە و ڕۆژی ڕێزلێنان لە مامۆستایەک کە گیانی لە پیناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوەکەی پێشکەش بە مناڵان کرد.
مەڵبەندی هونەری ماملێ لەم ڕۆژەدا بەرهەمێکی بە نرخی میژوویی پێشکەش بە ڕۆحی بەرز و بێ وێنەی مامۆستای گیانبەخت، کاکە فەرزادی هەرکات زیندووی نیشتمان دەکا. بەرهەمەکە شێعری «دایە گیان بگری لە سەر خاکم»ە کە هۆنراوەی جوان و ناسراوی مامۆستا ”شریف حسین پناهی”یە.ساڵی ١٩٩٢ی زایینی ئەو هۆنراوەیە لە ماڵی کاک ”صادق امیری” لە لایەن خودی مامۆستا ”شریف”ەوە خوێندراوە و دەگەڵ ئەویش مامۆستای نیشتمانپەروەری کورد هۆنراوەکەی خستە بەر چریکەکانی و باڵی فڕینی پێ بەخشین.مەخابن جیا لەوە کە ئەو یادگارییە بە چەند هۆکار خەوشەدار بوو، هەر لە کاتی تۆمارکردنیشدا بە هۆی نەبوونی بوار و کەرەستەی باش لە چۆنییەتێکی باش بێبەر بوو. بەڕێز هونەرمەند هیوا ”محمودی” خاوەنی کۆمپانیای MOTIFEX لە وڵاتی ئوسترالیا، لە سەر داوای مەڵبەندی هونەری ماملێ هەوڵێکی زۆری داوە تا هەندێک چۆنییەتی بەرهەمەکە باشتر بکا. هیوادارین کە سپاسوێژیمان قبووڵ بفەرموون.ڕۆحی هەموو ئەو کەسانە شاد بێ کە لە پێناو زیندووڕاگرتنی نەتەوەی کورددا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە. ڕۆحی مامۆستا فەرزادی یەکجار خۆشەویستیشمان شاد کە وانەی سەربەرزی و کۆڵنەدەری بۆ دووپاتە کردینەوە.ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان پیرۆز بێمەڵبەندی هونەری ماملێ09.05.2013
بگری
دایه گیان! بگری لەسەر خاكم! كەوا شینم دەوێ
زۆر بگریه دایه گیـان! فرمێــسكی خوێنینـم دەوێ
من گوڵی سـەد ئارەزووی ژینـم له خاكا خەوتووه
خاكی مەیدانی خەبات ڕەنگینی خوێنی من بووه
دامـەنیشـــه دایـه گیـان بۆ هاتنـی من چـاوەڕێ
دڵنیا به! بەسیەتی! بۆ دەنگی دەرگا مەگره گوێ
دایه گیان! سوێندم به فرمێسكی گەش و ئێشی دڵت
دایه گیان! سـوێندم به جـەور و مەینـەتی بێحاسـڵت
من دەمێكه جەرگی سووتاندووم هەناسەی سەردی گەل
دڵپڕی كـردووم خەمـی دەسكـورتی و ڕەنـگزەردی گـەل
من كوڕی كوردی شەهیدی ڕێی خەباتم دایه گیان
كـۆتــری خوێنیـنپـەڕی باخـی وڵاتــم دایـه گیـــان
هـــەر وەكـــوو بێـــگانەیـێ دڵ پــڕ له نـاكـامـــی و گـــرێ
لەم هەموو دەسته، نەبوو دەستێ كه بێ و دەستم گرێ
من له شاری خۆم غەریب و بۆ هەموو بێگانه خۆم
كۆتـری كـوژراوی ڕێـگای لانه خـۆم، بێلانـه خـۆم
دایه گیان! بگری لەسەر خاكم! كەوا شینم دەوێ
زۆر بگـریه دایه گیـان! فرمێسـكی خوێنینـم دەوێ
دایه گیان! ئەو كیژه وا ئەتویست به بووكی تۆ ببێت
خۆت بده پیشـانی جـارێ، با به هیــوای من نەبێـت
تاكوو بتبینێ كه ڕەشپۆشی له سەر تا پاتەوه
بەڵكـوو بڕوا، دڵنیــا بێ و مـن له بیـرەو باتــەوه
دایه گیان! بگری لەسەر خاكم! كەوا شینم دەوێ
زۆر بگریه دایه گیـان! فرمێــسكی خوێنینـم دەوێ