Skip to content

(هەی یارێ یارێ) گۆرانیەکی نەبیسراو بە دەنگی مامۆستا ماملێ

لە درێژایی تەمەنی هونەری خۆیدا، کۆمەڵێک هونەرمەند و لێزان پاڵپشتی  محمدی ماملێ بوون.  بەم جۆرە لە لایەک خزمەتیان دەکرد بە زمانی کوردی کە لە سەر هەڵدێری تواندنەوە بوو، لە لایەکیترەوە هونەری گۆرانی کوردیان پێ دەوڵەمەند دەکرد.  زۆر جار ماملێ دەبوو بە سەرەتا و هۆیەک  بۆ مامۆستا هێمن تا  تابڵۆی “بازی بێریان”بنەخشێنی[1]. گەلێک جاریش ژانی ئەوینی دوکتورهاشمی شیرازی دەبوو بە سەنفۆنیای “زەمانە”.  کیژی کوردی نازەنین لالە بەدەستان  بە هاوارە و هاوارە، پەیامی دڵی هاشم نانەوازادەیان دەناردە قوتابخانەی ماملێ تا ئەویش دەستەو مڵانی شیرنی وەفایی بکا  …
ڕەنگە  کەم کەس بزانێ کە گۆرانی (کیژە کوردەکەی دم بە پێکەنین) کە مامۆستا ماملێ لە ساڵەکانی دەیەی حەفتای زانینی بۆ یەکەم جار پێشکەشی کرد، بەرهەمی مامۆستا ڕەشید فەیزنیژادە. هونەرمەندیکی گەنج، دەرهاتوو، باوەڕ بە خۆ و لەسەر دڵان کە زۆر زوو کەوتە بەر سرنجی هۆنەرمەندان و هونەردۆستان.
جۆرە هاودڵییەکی هونەری لە لایان مامۆستایان فەیزنیژاد و ماملێوە هەست پێ کرا و هاوکاری هاوبەش لە لایان هەردوو هونەرمەندەوە  رووی لە زیاد بوون دابوو کە تا درێژخایەن هەر بەردەوام بوو. مامۆستا ڕەشید بە دابەشکردن و ژەنینی هاوبەش روحێکی تازەی وەبەر گۆرانییەکانی مامۆستا ماملێ دەنایەوە.  بە هۆی نەبوونی هەلی گونجاوی هونەری بۆ هونەرمەندان لە ژێر دەستەڵاتی رژێمی دڵڕەش و ناحەزی کۆماری ئیسلامی ئیراندا ، بە ناچاری لە ژێرهەردی ماڵ و لە شوێنی دووردەست کاری هونەرییان درێژە پێدەدا و چەند هونەر دۆستێکی نیشتیمانپەروەر لەم هونەرمەندانە بە خاوەن دەرکەوتن و ئاسانکاریان بۆ دەکردن.
ژێر هەردی ماڵی کاک عزیز خالندی لە مەهاباد مەکۆی ئەم هونەرمەندانە بوو کە توانییان کۆمەڵێک بەرهەم چێ بکەن وبەشێک لەم بەرهەمانە بە شێوازی نافەرمی بکەوێتە دەستی هونەردۆستان. هەر لەم سات و کاتەدا گۆرانی (هەی یارێ یارێ) لە لایان مامۆستا ڕەشید فەیزنیژادەوە ساز و پێشکەشی بە مامۆستا ماملێی کرد.
کۆچی لە ناکاوی مامۆستا ڕەشید بۆ تاراڤگە لە لایەک  و نەخۆشی ئالزایمێری مامۆستا ماملێ لە لایەکیترەوە ، دوو هۆکاری هەرە سەرەکی بوو تا ئەم گۆرانییە نەتوانێ بە جۆری پێویست، بە دەنگی مامۆستا ماملێ پێشکەش بە قوتابخانەی هونەری کوردەواری بکرێ.  ئەم گورانییە کە کاتی خۆی وەک ڕاهێنان تۆمار کراوە، هەردوو هونەرمەند بە دەنگی خۆیان دەیڵێنەوە و کاری لە سەر دەکەن. ئێمەش وەک مەڵبەندی هونەری ماملێ، دیکەینە دیاری بۆئێوە  میوانانی ئەم پێگەیە.

بۆ بینینی ئەم گۆرانییە لە یوتیوب، کرتە لێرە بکە

Serçawe:
[1]

بابەتی پێوەندیدار