Skip to content

ڕوونکردنەوەیەکی پیویست

”محمد” ماملێ یەک لە هونەرمەندە نیشتمانپەروەرەکانی نەتەوەی کوردە کە هەڵس و کەوت و ژیان و خەباتی ئەو هەرکات بە سەربەرزی و شانازییەوە یاد کراوە. هونەرمەندێک کە لە هەموو ژیانیدا لە بەرەی گەل و نیشتماندا ماوە و بۆ چرکەیەکیش ئامادە نەبوو شەرعییەت بە حکومەتە داگیرکەرەکانی نیشتمانی بدا. جیا لە مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی، دەنگی تایبەتی ئەو ئەڤینداری تایبەت بە خۆی هەیە و زۆر ئاساییە کە لە ناو تاکی نیشتمانپەروەر و هونەردۆستی نەتەوەی کورددا وەک کەسایەتییەکی خۆشەویست ڕێزی لێ بگیردرێت. بەختەوەرانە لەم زەمەنەدا دەبینرێ کە زۆرینەی مرۆڤەکان بواری دەستڕاگەییشتن بە ئینتێرنێت و کەرەستەی دیکەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە و ئەم گرنگەش هەلی رەخساندووە تا مرۆڤەکان بە پیی حەز، توانایی و ئامانجی خۆیان، چالاکییەکانی خۆیان لە سەر هێڵی ئینتێرنێت بڵاو بکەنەوە. فەیسبووکیش یەک لە هەرە کەرەستە سەرکەوتوو و بەرچاوەکانی سەردەم دەژمێردرێت کە پێوەندی ناوبەری زۆر مرۆڤی ئەم جیهانەی ساز کردووە و وەک ئامرازێکی ناسراو بە کار دەهێندرێت. رەخسانی ئەم جۆرە بوارانە جیا لە زۆر لایەنی پۆزەتیڤ و بە کەڵک، ئەگەری ئەوەشی دەگەڵە کە لە هەندێک ڕەوشدا پرسیار، گومان یان شتی دیکەی لێ بکەوێتەوە.

یەک لەو پرسیارانەی کە چەندین جار لە پێوەندی بە چەند لاپەڕەیەکی فەیسبووک ئاراستەی مەڵبەندی هونەری ماملێ کراوە، ئەوەیە کە گەلۆ مەڵبەند خاوەنداری یەک لەو لاپەڕانە دەکا کە بە ناوی مامۆستا ”محمد” ماملێ کراونەتەوە یان نا؟

مەڵبەندی هونەری ماملێ کردنەوەی ئەو لاپەڕانە نە تەنیا زۆر بە ئاسایی دەبینێ، بەڵکوو لە هەمان کاتدا بە مەرجی لە بەر چاوگرتنی هەندێک خاڵی بنەڕەتی، دەستخۆشی خۆی لە هەموو ئەو کەسانە دەکا کە زەحمەتی کردنەوە و بەڕێوەبردنی ئەو لاپەڕانەی فەیسبووکیان وە سەر شانی خۆیان خستووە. مەڵبەند بە ڕاشکاوی ئەم ڕاستییە دەردەبڕێ کە تەنانەت ئاگاداری ئەوەش نییە چ کەسانێکی دڵسۆز و بە ئەمەگ لە پشت ئەو لاپەڕانە ڕاوەستاون بەڵام وێڕای سپاسوێژی لە هەموو ماندووبوون و چالاکییەکانیان بە پێویستی زانیوە کە وڵامیک بەم پرسیارە بداتەوە کە زۆر جاران دەگەڵی رووبەڕوو بۆتەوە.

تەنیا هیوای مەڵبەندی هونەری ماملێ ئەوەیە کە ئەم جۆرە لاپەڕانە هەرکات بە هزرێکی کوردستانییەوە بەڕێوە بچن و بە هیچ شێوەیەک ئازاری تاکێکی ئەم نیشتمانەی لێ نەکەوێتەوە. بە دڵنیاییشەوە هەر ئەو جۆرە بەڕێوەبەرییە لە کەسانێک چاوەڕوانی دەکرێ کە ڕۆژانە کاتی پڕبایەخی خۆیان بە خزمەتی هاونیشتمانەکانیان و ڕێزگرتن لە مامۆستا ”محمد” ماملێ تەرخان دەکەن بە بێ ئەوە کە بەرژەوەندییەکی شەخسی خۆیانی تێدا بێ.

سپاسی دووبارە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە بەڕێوەبەری و ناساندنی بەرهەمەکان و کەسایەتی مامۆستا ”محمد” ماملێ و هەر هونەرمەندێکی نەتەوەی کورد کۆڵنەدەرانە ماندوو دەبن و زەحمەت دەکێشن. سپاس بۆ ئەو خۆشەویستانەش کە بە پەرۆشەوە ئەو پرسیارەیان ئاراستەی مەڵبەندی هونەری ماملێ کردووە.

مەڵبەندی هونەری ماملێ هیچ لاپەڕەیەکی لە فەیسبووک نییە.

هەر بژین

مەڵبەندی هونەری ماملێ

بابەتی پێوەندیدار