Skip to content

بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا شێرکۆ بێکەس

ئەم ڕۆژانە ماتەم و خەم بەش بە بەشی نیشتمانی داپۆشیوە. ڕۆژئاوامان بە بێ ڕوحمی دەگەڵ دڕەندەترین هێزی ناوچە لە قەیران و چەڵەمە دایە و بێدەنگیکردنێکی گشتی کۆمەڵگای جیهانیش لە مەڕ کارەساتە دڵتەزێنەکان خوێ و بیبارێکن کە بە سەر برینی قووڵمان دادەکرێ. ئەمڕۆ لە تەنیشت هەموو ئازار و ئێشەکانی نەتەوەیەکی پەژۆکاودا، ئاسمانی نیشتمانمان لێڵتر بوو. ڕۆژگار مۆنتر لە جاران هەڵس و کەوتی دەگەڵ کردین و مامۆستایەکی شاعیری لێ هەستاندین تا چیتر بۆ کوردستان نەنووسێ. چیتر ڕێگە نەدرا کە هەستی خۆی بە ووشە کوردەوارییەکان بهۆنێتەوە و مەڵهەمێک بە سەر زامەکاندا هەڵپریوێنێ.

مامۆستا شێرکۆ بێکەس کۆچی دوایی کردووە و چیتر ناتوانێ دەگەڵمان بێ. ئەوەی لێی پاش بە جێ ماوە، بەرگ بە بەرگی دیوانێکی پڕ لە هەستی کوردانەیە. ئەوەی لە پاشی جێ ماوە، هۆنینەوەی هەستەکانە بۆ قاسملوو، بۆ کەمانگەر، بۆ هەڵەبجە، بۆ باشوور و بۆ باکوورمان، بۆ سەردەشت و بۆ مێژوومان، بۆ انفال و ڕابردوومان.

مامۆستا شێرکۆ بێکەس

کۆچی دوایی شێرکۆی کوردان، مامۆستای کەسداری زێدمان، ئەو بێکەسە ناسراوەمان، دڵتەزێنە. ئەو بۆ کورد و کوردستانمان کەمی نەکرد. لە بۆ خزمەت بە هونەرمان، لە بۆ بووژانەوەی ئەدەب، لە سازانی چرکەی جوان و لاواندنەوەی دایکی شەهید دووری نەکرد. ئەمەی ئەم شەو کورد دەیبینی، گەلێک تاڵە. پڕکردنەوەی جێ پێی شێرکۆ بەس خەیاڵە.

بە جێی هێشتین هێشتا زوو بوو

ئەو  تەنێ  بۆ  کورد  زیندوو  بوو

مەڵبەندی هونەری ماملێ بەم بۆنە تاریکەوە سەرەخۆشی خۆی ئاراستە گشت کوردستانییەک دەکا و لە یەکەم شەوی لە دەستدانی ئەم مرۆڤە نازدارەی گەلەکەمان دەستخەت و ئیمزای مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەگەڵ بیرەوەرییەکی کورت پێشکەش بە میوانانی ئەم پێگەیە دەکا.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦ی زایینیدا مامۆستا شێرکۆ بێکەس چەند کەسێکی ڕاسپاردبوو تا چەند پەرتووک، کۆمەڵێک وێنە و نامەیەک بۆ مامۆستا ”محمد” ماملێ بهێنن. ماملێی کوردان بە هاتنی میوان لە باشوورەوە وەک هەر جارێ گەشایەوە و بە دیتنی نامەی مامۆستا بێکەس وە بزە کەوت. هەر دووکیان یەکتریان زۆر خۆش دەویست بەڵام ڕۆژگار هیچکات بواری بۆ نەلواندن تا لە نزیکەوە بە دیداری یەکتر شاد بن. ئەوەی هەبوو خۆشەویستی و ئەوینێک بوو کە لە دوورەوە تەنیا لە بەر ڕێبازی خزمەت بە نیشتمان و نەتەوە لە ناوبەریاندا پێک هاتبوو.

مەڵبەندی هونەری ماملێ بەم بۆنەیە یەک لەو لاپەڕانەی سەر پەرتووک پێشکەش بە میوانانی خۆی دەکا کە دەستخەت و ئیمزای مامۆستا شێرکۆ بێکەسی لە سەرە. هەر بەم بۆنەشەوە شەش بەرگی دیوانەکەی ئەم شاعیرە یەکجار هێژایەی نەتەوەکەمان لێرەش بڵاو دەکرێتەوە.

ڕۆحی شاد بێ و هەستی هاوبەشمان دەگەڵ بست بە بستی نیشتمانمان دەردەبڕین.

هەر بژین

مەڵبەندی هونەری ماملێ

٤ی ٠٨ی ٢٠١٣ی زایینی

تێبینی: وێنەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەم پێگەیەوە تەنیا بۆ جوانی بە وێنەی ماک زیاد کراوە. بۆ دابەزاندنی سەرجەم دیوانەکەش دەتوانن کرتە لە سەر وێنەی دەستخەت و ئیمزاکەی مامۆستا بێکەس بفەرموون.

دەقی نووسراوەکە بە دەستخەتی بەڕێزیان:

<<بۆ هونەرمەندی خۆشەویست و دەنگی ڕەسەنی کوردەواریمان کاکە حەمەی ماملێ دیاری و یادگارە.

شێرکۆ بێکەس

بەرگەڵو

٩٨٦/٦/١٤>>

ڕوونکردنەوە: لە ژێرەوەی وێنەی دانراو دەبینرێ کە نووسراوە جوامێر. ئەمە ناوی نهێنی مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە سەردەمی دەسەڵاتداری رێژیمی ”بعث” بوو و زۆرینەی نووسراوەکانی لە ژێر ئەم ناوە بڵاو دەبۆوە.

هەر لەم پێوەندییەوە: پێشتر دوو شێعری مامۆستا شێرکۆ بێکەس لەم پێگەیەدا بڵاو کراونەتەوە کە بۆ مامۆستا ”محمد ماملێ” نووسرابوون. لە ژێرەوە بەستەری هەر دووک شێعر دانراوە.

[1] https://www.mamle.net/?page_id=231

[2] https://www.mamle.net/?page_id=249

بابەتی پێوەندیدار