Skip to content

گەڕانەوە بۆ سەرچاوە

14

یەک لەو سەرچاوانەی کە دەکرێ بۆ پەرەسەندنی هونەر و کولتووری هەر نەتەوەیەک کەڵکی لێ وەربگیردرێت، گۆرانییە فۆلکلۆرەکانە کە لە کەونەوە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا تۆمار کراون. گەر هونەر لە ڕۆژئاوا توانیوییەتی لە ئاستێکی بەرچاوتر لە چاو شوێنەکانی دیکەی جیهان پەرە بستێنێت، بایەخدانیان بەم بەشە لە هونەری کەونی خۆیان یەک لەو فاکتەرانە بووە کە یاریدەدەریان بێ تا زۆرتر لە ئامانج نزیک ببنەوە.
کۆکردنەوەی ئەم بەرهەمانە خۆی بەشێکە لە خزمەت بە هونەری هەر نەتەوەیەک و کارکردن لە سەریان دەتوانێت یارمەتی بدا تا هونەری سەردەم خاوەن بنەما و بناخەیەکی بەهێز و قایم بێت. مامۆستا محمد ماملێش یەک لەو هونەرمەندانەی نەتەوەی کوردە کە بەشێکی زۆری لەو فۆلکلۆرانە لە سینگی پێشووی خۆیەوە بۆ نەتەوەکەی بە ئەمانەت پاراست و بە کەڵکوەرگرتن لەو سەرچاوە دەوڵەمەندەی نەتەوەی کورد، خزمەتێکی زۆری بە هونەری کوردی کرد.

جیا لە باری هونەرییەوە، دەکرێ لە ڕووی زۆر لەو بەرهەمانەی کە ماملێی کوردان زیندووی ڕاگرتن، لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسانە لە سەر نەتەوەی کورد لە سەردەمی پێشوودا بکرێ. لەم زەمەنەشدا بە هەمان شێوە کە کۆکردنەوەی بەیت و فۆلکلۆر بە خزمەتێکی گەورەی هونەر و نەریتی کورد دەژمیردرێت، کارکردن و پەرەسەندنیان خۆی خزمەتێکی حاشاهەڵنەگرە کە زۆر مەخابن کەمتر لە لایەن هونەرمەندانی ڕۆژەوە سەرنجی پی دەدرێت. دەکرێ بە دڵنیاییەوە بگوترێ کە بایەخی ئەم جۆرە کارانە چی کەمتر لە کۆکردنەوەی یادگارە بەنرخەکانی شارستانییەت و ژیاری نییە.

لەنجە علی هونەرمەندێکی گەنج و خشپیلانەی دانیشتووی ڕۆژئاوایە. لە لوتکەی ژیاریدا ژیان دەکا و هاوکات بۆ خزمەت بە هونەری کوردی ئاوڕ لە سەرچاوە کەونەکانی پێش خۆی دەداتەوە. ئەو هەستی بە گرنگی سەرچاوە هونەرییەکانی نەتەوەکەی کردووە و هەر بۆیە لە ستایلێکی کە بۆ کاری خۆی هەڵیبژاردووە، زۆرتر خۆی وەک هونەرمەندێکی لیزان ناساندووە کە توانای خۆی بۆ پەرەسەندنی فۆلکلۆر و سەرچاوە دەوڵەمەندەکەی هونەری کوردی تەرخان کردووە. ئەو کارەکانی خۆی لە گۆرانییەکانی «ماملێ»وە دەست پێ کرد. دیارە پێشتریش زۆر کەس هەوڵی ئەو کارەیان داوە بەڵام مەخابن زۆریان نەیانتوانی کە لەم گرنگەدا سەرکەوتوو بن. ئەو لەو دەگمەن هونەرمەندانەی ڕۆژە کە بە دەنگی خۆشی خۆی و شارەزایی گوتنەوەیان توانیوییەتی مافی بە جێ بە گۆرانییەکانی ماملێ وەک ڕێزلێنان لە هونەر و هونەرمەندی کورد بدا. یای لەنجە لەم ماوەیەدا چەند بەرنامەیەکی هونەری لە باشووری نیشتمان بەڕێوە برد و دەگەڵ زۆر مێدیای ئەو بەشەی کوردستان دیمانەی هەبوو. لە ژێرەوە دەقی یەک لەو دیمانانەی کە دەگەڵ ئەم هونەرمەندە گەنجەی نەتەوەکەمان لە لایەن «ڕووداو»ەوە کرابوو، دەخریتە بەر چاو. مەڵبەندی هونەری ماملێ وێڕای ئەوە کە ئاواتی بەختەوەری و سەرکەوتوویی بۆ یای لەنجەی یەکجار هێژا دەخوازێ، ئەو پەڕی سپاس و پێزانینی خۆی بۆ خزمەتکردنی ئەم هونەرمەندە بە هونەری کوردی ئاراستەی ئەم هونەرمەندە شارەزا و کەمناسراوەی نەتەوەکەمان دەکا. یای لەنجە جیا لەوە کە زۆر بە لێزانی گۆرانییە کەونەکان دەبێژێتەوە، خاوەنی ئێتیکێکی بەرز و کەسایەتییەکی خاوەن ڕێزە کە هەر کات لە قسەکردن و هەنگاوە هونەرییەکانیدا وەک بەرچاوترین فاکتەرەکانی کەسایەتی خۆی، خۆی نواندووە.

439

زۆر لە گۆرانییەكانی محمدی ماملێ بە دەنگی ژنێک گوتراونەتەوە كە ئەو هونەرمەندە كۆچكردووەی خۆشەویستتر كردووە، لەنجە عەلی جگە لەوەی گۆرانییەكانی ماملێ دەڵێتەوە، هێندە هۆگری میلۆدییەكانی بووە كە بڵێت “كورد قەرزداری ماملێیە”. خاتوو لەنجە عەلی، دەنگێكی نوێی نێو دنیای هونەری كوردییە ‌و بەهۆی دەنگخۆشی و زیندووكردنەوەی گۆرانییە رەسەنەكان بووەتە ناوێكی دیار. ئەو بەو دەنگە بەسۆزەی میلۆدییەكانی محمدی ماملێ بەجۆرێك دەڵێتەوە كە مرۆڤ لە گوێگرتنی بێزار نابێت. لەنجە عەلی لەم رۆژانەدا كۆنسێرتێكی گۆرانی لە سلێمانی سازكرد كە خەڵكێكی زۆر ئامادەی بوون، دوای تەواوبوونی كۆنسێرتەكەش قسەی بۆ (رووداو) كرد. لەنجە پێیوایە كە “دەبێت هەموو هونەرمەندێك دەستپێكی كاری هونەری بە گۆرانی و میوزیكی هونەرمەندە سەركەوتووەكانی پێش خۆی بێت”. ئەو هونەرمەندە یەكەم كۆنسێرتی لە هەرێمی كوردستان لە شارۆچكەی قەڵادزێ سازكرد و ئەوە دووەم كۆنسێرتی بوو لە هەرێمی كوردستان. لەوبارەوە گوتی “ئەمە دووەم كۆنسێرتە لە شاری سلێمانی دەیكەم، ئەمڕۆ بەڕاستی دڵخۆشبووم بەو كەسانەی كە هاتبوونە كۆنسێرتەكە”. لەنجە عەلی لەباوكێكی گەرمیانی و دایكێكی هەڵەبجەیی لەدایكبووە، لە تەمەنی لاوێتیدا بووە كاتێك خێزانەكەی كوردستانیان جێهێشت و لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا نیشتەجێ بوون. لەنجە چەند ساڵێكە خەریكی گوتنەوە و زیندووكردنەوەی گۆرانییە كۆنەكانە، بە تایبەتی گۆرانییەكانی محەممەدی ماملێ، هاوسەرەكەشی موزیكەكەی بۆ ئامادە دەكات. هەر هونەرمەندێك، ئینجا میوزیكژەن بێت یاخود گۆرانیبێژ، بەر لەوەی بچێتە سەرشانۆ ترسێك دایدەگرێت، لەنجە گوتی “بێگومان منیش وەكو هەموو هونەرمەندان كە دەچنە سەر تەختی شانۆ دوودڵ دەبن، منیش یەكەمجار كە چووم دوودڵ بووم، بە بۆچوونی من ئەوە شتێكی ئاساییە”. بەشێك لە گۆرانییەكانی لەنجە میلۆدی محەممەدی ماملێن، ئەو هێندە شەیدای دەنگ و سەدای ماملێیە كە تا رادەی عاشقبوون خووی پێوە گرتووە و سەرمەست و سەوداسەری دەنگ و چریكەی پڕ لە چێژی ئەو بووە، لەنجە دەڵێت “من ماملێم زۆر خۆشدەوێ، چونكە ئەوەی ماملێ لە ئاواز و میلۆدی كوردیدا كردوویەتی دەتوانم بڵێم كەم كراوە یان هەر نەكراوە، من پێموایە كورد قەرزداری ماملێیە، بەڕاستی ئەوەندە میلۆدی هەیە كە تا پەنجا ساڵی دیكەش ئیشی تێدا بكەی تەواو نابێت”. وەك ئاشكرایە هەر هونەرمەندێك دوای لاساییكردنەوەی گۆرانیبێژێكی كۆن ستایلێك بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، لەنجە عەلی لەبارەی ستایل و بەرهەمی نوێ زیاتر دواو گوتی” وەك دیارە ستایلی من فۆلكلۆرە و رەنگدانەوەی لەسەر بەرهەمەكانی من هەیە، بەرهەمێكی گۆرانی خۆم نزیكی شەش هەفتە دەبێت لە كوردستان بڵاوبووەتەوە كە لە ئاواز و دابەشكردنی نزار زێوەیە، هەروەها بەرهەمێكی دیكەشم هەیە كە رەنگە لە سێ هەفتەی داهاتوودا بڵاوبكرێتەوە، ئەویش لە ئاوازو دابەشكردنی نزار زێوەیە”. هەروەها گوتیشی “ئێستا بەرهەمێكی دیكەم ئامادەیە كە لە ئاواز و دابەشكردنی هاوسەرەكەم زانای تارە، بە نیازم مانگێكی دیكە بڵاوی بكەمەوە”.

بابەتی پێوەندیدار