Skip to content

کۆچی دوایی هونەرمەندی حەوت‌هونەر

Abas Kamandi WP

کوردستانی داگیرکراو جلکی ڕەشی لەبەر دابووە، بەڵام ئەمڕۆ وێڕای ئێشی سەدان ساڵەی، فرمێسکیشی لە چاو باری. هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی یەکجار هێژای نەتەوەییمان کاک ”عباس کمندی” وێڕای ئەوە کە زۆربەی ڕاگەیاندنە فەرمی و نافەرمییەکانی کوردستانی ڕەشپۆش کردووە، هەناسەی گشت ئەمەگناسێکی ئەو زێدەی کز و لاواز کردووە.لە ناو هەر نەتەوەیەکدا لەدەستدانی ئەندامێکی خزمەتکار وەک پەژارەیەکی گشتیی سەیر دەکرێت بەڵام لەناو ئێمەی کورددا وێڕای ئەوە کە بایەخ بە هونەر و هونەرمەندان دەدرێت، لەدەستدانی هەندێک لەوان زۆرتر دەمانباتە نێو قووڵایی خەمێکی دانەبڕاو کە بە سانایی کپ نابێت.

هونەرمەند کاک “عباس کمندی” پتر لە سی ساڵان ئاگری مۆمێکی ڕووناک و درەوشان ڕاگرت کە هەرکات لەژێر هەڕەشەی بای کوژاندنەوەدا بووە. بە هەموو ئەو ساڵانە لە ناو سیستەمێکی یەکجار بەستراوی دژەکورددا دڵی بۆ گەشاندنەوەی هەرچی زۆرتری تین و ڕووناکایی مۆمی هونەری کوردیی لێیدا. ژیان و هزری خۆی لە دەسماڵێکدا تەنیبۆوە کە ڕەنگە جوانەکانی زێدی کوردانی دەردەخست. ئەو بە بەژنی ئەم نیشتمانە بریندارەدا زۆری هۆنییەوە و چریکەی ناسکی خۆی بە بەژنی جوانییەکانی کوردستاندا دەردەبڕی. لە هەر شوێنێک دەنگ و پێنووسی دەرەقەت وێناکردنی جوانییەکانی نەتەوەکەی نەهاتبا، پەنای بۆ ڕەنگ و بەرەیەکی دیکەی هونەری خۆی دەبرد.

ئەو جیا لەوە کە نووسەر و شاعیر بوو و جیا لەوە کە دەنگخۆشێکی خۆشبێژی ئەم زێدە بوو، شێوەکارێکی سەرکەوتووش بوو. لە مێژووی کەونارای ئەم نیشتمانەدا تۆمار کراوە کە هونەری کوردان زۆرتر لای ئەردەڵانییەکان پەرەی سەندووە. کورسانی کوردستان لە هەر زەمەنێکی مێژووی ئەم نیشتمانەدا پێشکەشکەری هونەرمەندانێکی بەرچاوی نەتەوەکەمان بووە بەڵام تایبەتمەندییەکانی هونەرمەند ”کمندی” وای کردووە کە ئەو لە ناو گوڵزاری هونەرمەندانی ئەردەڵانماندا وەک مێلاقە شلێرێک بەرز بێتەوە و هەر وەک ئەم گوڵە جوانەی کوردەواریش سەری بەرەو خوارێ و باقی گوڵەکانی دیکەی نیشتمان نەوی دەکردەوە. ئەو مرۆڤێکی لەڕادەبەدەر لەخۆبووردوو بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوە کە حەزی بە گەورەکردنەوەی نەدەکرد و بۆ ناو و خۆدەرخستن نەدەژیا، نەیتوانی پێش بە سەرنجی لەڕادەبەدەری هاونیشتمانانی بگرێت. لە هەر شوێنێک بوونی هەبوا، ڕێز و ئامێز و بزەی سەرلێوان ئاراستەی سی ساڵ سووتانی ئەو دەکرا.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ ئەم پەژارەیە بە داخێکی گرانی نەتەوەیی دەزانێت. لەدەستدانی بە سانایی فەرامۆش ناکرێت و وەک زۆربەی بیرمەندانی ئەم نیشتمانە دان بە کەموکووری گشتیمان دادەنێین کە دەبوا زۆرتر لەوەی بۆ ئەم هونەرمەندە کرا، کرابا. جوانیی و بەرزییەکانی ئەم هونەرمەندە تەنیا بەشێک لە خەبات و کەسایەتیی ئەوی وێنا دەکرد. ئەو ئەمەندە بە نیشتمانی خۆی ئەڤیندار بوو کە سەرەڕای کەمتەرخەمییەکی زۆری حکومەتی کوردیی ئێستا بەرانبەر ماندووبوونی ئەو، ئامادە نەبوو دمی گازەندەی بکاتەوە و تا ئەو چرکەی ژیانی کرد نەیتوانی ڕەخنەیەک بگرێت. ئەو بە واتای وشە و جوانی ئەویندارێکی ڕاستەقینەی نیشتمان بوو.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ سەرەخۆشی لە خۆی و لە کوردستان دەکات.

کاک ”عباس”ی لەبیر ناکەین

خۆشمان دەوێت.

بابەتی پێوەندیدار:

مژاری تایبەت بە خەڵاتی هونەریی ماملێ کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینییدا پێشکەش بە هونەرمەند ”کمندی” کرا لەم بەستەرەی ژێرەوە دایە:

https://www.mamle.net/?page_id=66

وێنەکانی بۆنەی پێشکەشکردنی خەڵاتیش لەم بەستەرەی ژێرەوەدا دەتوانن ببینن:

https://www.mamle.net/?page_id=68

بابەتی پێوەندیدار