Skip to content

دیاری یەلدا

مێژوو خۆی دەزانێ کە ڕابوردووی کورد چلۆن لە ڕۆژ و شەوی تاریک و تنووک ئاخێندراوە. هیچ مناڵێکی کورد نییە کە لەیادی نەبێت ئەم ڕۆژە ڕووناکانە و ئەو مانگەشەوە گەشانەی کە داگیرکەران لێیان دەکردین بە تاریکەشەوی یەلدا و نەدەبڕانەوە.
ناحەزانی کورد لە شادی و سەرکەوتنەکانی کورد نەترەیان چووە، لە بزەی سەرلێومان تۆقیون و هەترەیان نامێنی کاتێک دەبینن کە کورد شەوێکی خۆشی هەیە.
“شهید”بوونی گەورە ڕێبەری کورد، سمکۆ شکاک یەک لەم رووداوانەیە کە لە شەوی یەلدا دا رووی داوە. دوژمنان ئەم شەوەیان لە مێژوو دا لێکردین بە لاپەڕەیەکی هێندەی تر ڕەش و تاریک کە کورد تابەئێستاش لەیادی نەکردۆت و تا کوردێکیش بمێنێت بۆ ئەم ڕێبەرە مەزنە هەر لە ئەژنۆی خۆی دەدات.
شاعیر و هەڵبەستوانی گەوری کورد “شێرکۆ بێکەس” لە هۆنراوەیەکی خۆی دا ئاوا دەبێژێ:

“با دوژمنان باش بزانن
گەر دارێکمان ببڕن
دارستانێک
لەخۆیان دەکەن بەدوژمن”

گەر لە یەلدا دا مۆمی هیوای کوردیان بە “شهید”کردنی سمکۆی کوردان کووژاندەوە، هەر لە شەوی یەلدادا دوکتور “عبدالرحمان” قاسملو ڕێبەری لێوەشاوەی کورد چاوە گەشەکانی بە دونیا هەڵێنا و بوو بە دڕکیی چاوی دوژمنان و لە یەکەم هەناسەیەوە بۆ کۆرد ژیا و بۆ کورد تێهەڵچۆتەوە.
ڕێبەرانی ڕاستەقینە ئەم کەسانەی کە بەردەوام لە بیری بەختەوەرکردنی گەل خۆیان دان و لەگەڵ خۆشی و خەمیاندا هاوبەشن. یەک لە هەرە تایبەتمەندییەکانی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملو،  خاکی‌بوون و بێ‌فیزبوونی ئەم ڕێبەرە بوو. لە خەم و شادی گەلی خۆیدا بەشدار بووە و خۆی لەوان جیا نەدەکردەوە.
لە شەوێکی هاوینی ساڵی ١٩٨٠ دا مامۆستا هێمن موکریانی و دوکتور قاسملو هاوڕێ لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی تر لە ماڵی ماملێ میوان دبن. بە بۆنەی ئەو شەوە ڕازاوەیە، چەند گۆرانییەک بە بەشداریی هونەرمەندان “رشید فیضی‌نژاد”، “محمد ناهید”،”محمد ماملێ”، “بهمن مطلوب”، “فتاح امیری” و هەروەها مامۆستا هێمن موکریانی بە خوێندنەوەی هۆنراوە جوانەکانی ئەو شەوەیان ڕازاندبۆوە.
بەداخەوە بە چەند هۆیەکی جۆراوجۆر نەلوابوو کە گشت گۆرانییەکان یا هۆنراوەکانی مامۆستا هێمن موکریانی تۆمار بکرێن. تەنیا چەند دانەیەک لە گۆرانییەکان تۆمار کراون و لە ئاڕشیوی وریا ماملێ دا ماون کە بۆ یەکەم جار ئەمشەو بە بۆنەی شەوی یەلدا و هەروەها شەوی لەدایکبوونی ڕێبەر و کەسایەتی ناسراوی کورد دوکتور قاسملو وەک دیارییەکی مەڵبەندی هونەری ماملێ پێشکەشی ئێوە میوانان دەکرێت. بەم هیوایەی کاتێکی خۆشی لەگەڵدا تێپەڕ بکەن.
یەلداتان پیرۆز
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

تێبینی:
تکایە هیچ چەشنە خوێندنەوەیەکی حیزبی یا لایەنگرانە بۆ ئەم بابەتە مەکەن. مەڵبەند لە هەر بارێکەوە بێلایەنە.

بابەتی پێوەندیدار