Skip to content

٢ی ڕێبەندان

ماملێ‌ی کوردان ئەڤینداری بەهاری نێو چلەی زستان بوو. ئەو گڕ و تینی هزری خۆی لە زستانێک وەرگرتبوو کە تێیدا جێژنی سەربەخۆیی کوردستان گیرابوو. ماملێ‌ی نەتەوەیی تەنیا پێشمەرگەیەکی کۆماری کوردستان نەبوو، بەڵکوو میراتگرێکی بەوەفای ئەو ڕێبازە بوو.

پاش کۆماری کوردستان، تەنیا دوو شت توانیان ماملێ خەمبار بکەن. یەکیان لەدەستدانی نەجاتی کۆرپە و گیانبەختبووی بوو و ئەمی دیکەیان لەدەستدانی ئاڵایەک بوو کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان‌ەوە پاراستبووی.

کۆماری کوردستان و دووی ڕێبەندان لەو بۆنە پیرۆزانە بوون کە ماملێ ساڵ بە ساڵ شایی بۆ دەگێڕان و ساڵ لە دوای ساڵ بە باوەشێکی ئاوەڵاترەوە بەرەو پیریان دەچوو. ساکار و پوخت دەکرێ بڵێین، ماملێ تەنیا بۆ کورد دەژیا و لە هەر شوێنێک سیمبۆلێکی نەتەوەکەی بوونی هەبوا، بە دڵ و گیان بۆلای دەچوو. سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب‌یش کە سیمبۆلی یەکگرتوویی نەتەوەی کوردە و پێکهێنەری هەستی هاوبەشی هەر کوردێک بووە بە هەمان شێوە لای ماملێ پیرۆز بوو. ئەو زەحمەتێکی زۆری دەکێشا کە مناڵەکان و نازدارانی لە دەوری خۆ کۆکاتەوە و ڕایانبهێنێت کە دلێرانە دەنگ هەڵهێنن و بە گوتنەوەی سرودی نەتەوەیی کورد خورپە لە دڵی داگیرکەر بهێنن. فایلێکی دەنگیی کە لێرە دەیبیسن، تەنیا هەڵگری مێژوویەکی چەند دەیەیی نییە، بەڵکوو پێناسەکەری هزر و ڕێبازێکە کە ماملێ خۆی بە خاوەنی دەزانی.

دووی ڕێبەندانتان پیرۆز بێ

تێبینی: لەم دانیشتنەدا ئەم کەسانە لەگەڵ ماملێ سرودی نەتەوەیی کورد دەڵێنەوە:

گیانبەخت نەجات ماملێ، شەونەم ماملێ، وریا ماملێ، چالاک ماملێ، چیا ماملێ و داود زەهابی

بابەتی پێوەندیدار