“صدیق بابایی”
دەلیل ڕازان، ڕێزبەندی قافڵەی ئەویندارانی دڵدۆڕاوی بێئۆقرەی مەست و شەیدای نیشتمان:
ڕازداری دڵبەستەی جەستە خەستەی ڕێی پڕ لە هەوراز و لێژی خانەقای دڵدارانی وڵات، وەفاداری وەفاپەسەندی خۆ گرێداو بە دڵی شەیدای وەفایی شاعیری هەست و سۆز، سرۆشبڵندی ئاه و ناڵینی سۆزی دڵسۆزی”لەباخان ئاه و ناڵین دێت”، خرۆشێنەری وەجدی دەروونی (مەجدی)، سەمابزوێنی کۆڕی عاشقانی خانەقای شەمزینان، میراسداری گەرمی و سەفاپەروەری بەمیرات وەرگیراو لە شەمزینانی وڵاتپەروەر.
مژدەبەخشی دڕدەر بە بێدەنگی داسەپێنراو و زاڵکراوی دەستی جەوری ستەمکاران، بە بەرزکردنەوەی شەقەی باڵ و دەنگی گەڕانەوەی “قورینگان” لە دوو توێ ئاوازی دڵنشین و ڕۆح ڕفێنی خۆی، هەرکام گۆشەیێک لە پەردەی پەردەدڕی تاریکستانی ملهووڕانی جەورنوێن زاڵ بەسەر کوردستانەکەی “ماملێ”یە.
ماملێ، هەژار و هێمن سێ کووچکەی ئاگردانی شۆڕشی کوردەواری بە لایە لایە، ئەختەر و کوردم ئەمن شەشخانی ئومێد و سەنگەری خۆڕاگری کوردیان بەرانبەر گەردەلوولی قڕانهێنەری دەسەڵاتدارانی دژەکورد لە سەردەمە تاریکەکاندا نوێژەن کردەوە.
یادیان بەخێر.
ئاڵمان – هاگن
١ی٢ی٢٠١٥ی زایینی
صدیق بابایی