Skip to content

پرسەنامەی مەڵبەند بۆ کۆچی دوایی مامۆستا کەریم کابان

چ هەواڵێکە لە دووری ڕا دێ
دەنگ و باسێکە لە شار و لادێ

وەک دەڵێن، بولبولی بە چریکە فرێ
ئەوە دیسان، قەلی زستانە قڕی

خاڵە قازی

IMG_3238

لە کاتێک دا کە لە یادکردنەوەی ١٧ ساڵەی کۆچی دوایی ماملێ‌وە نزیک دەبووینەوە و لە هەوڵی خۆئامادەکردن دا بووین بۆ بەخشینی خەڵاتی ٢٠١٦ی ماملێ بە تیپی مۆسیقای سلێمانی، هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوایی مامۆستای هونەر و گۆرانی مامۆستا کەریم کابان‌مان پێ گەییشت. مامۆستا کەریم کابان کە ئەندامێکی چالاکی ئەم تیپە بوون بڕیار وا بوو ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ ٣٣ هونەرمەندی تری ئەم تیپە تێکۆشەرە، خەڵاتی ڕێزلێنانی مەڵبەندی هونەری ماملێ‌یان پێشکەش بکرێ. مخابن وەیشوومەی مەرگ، ئەم ئاواتەی ئێمەی نەهێنایە دی تا بەم خەڵاتە مەعنەوەییە خۆشەویستی و ئەمەکی خۆمان ئاڕاستەیان بکەین.
مامۆستا کەریم کابان بە دنگی ئاسمانیان و بە گۆرانییە هونەری و بلاوێنەکانی وەها لە ناخ و دەروونی هەر کوردێکی هونەرخۆشەویست جێێ خۆش کردووە کە خەڵاتی ماملێ هیچ، بەڵکوو بە دەیان خەڵاتی لەمە گەورەتریش کەمە کە پێشکەشیان بکرێت.
مەڵبەندی هونەری ماملێ وێڕای سەرەخۆشیکردن لە نەتەوەی کورد و ئەڤیندارانی هونەر و دەنگی مامۆستا کەریم کابان، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی هەموو ئەندامانى بنەماڵەی ئەم مامۆستا مەزنە و هەموو هونەرمەندانى کوردستان و تیپى مۆسیقاى سلێمانى بەتایبەتی دەکات.
ڕۆحیان شاد و ڕێگەیان پڕڕێبوار.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ
١٤ی١ی٢٠١٦

بابەتی پێوەندیدار