سلێمانی: رۆژی شەممۆ رێکەوتی٢٣ی١ی٢٠١٦ زایینی، بە ئامادەبوونی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئەم شارە هەوروەها بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی هونەری/ سیاسی کورد، پارێزگاری سلێمانی، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ماملێ، خەڵاتی ٢٠١٦ی ماملێ بەخشرایە تیپی مۆسیقای سلێمانی. بۆنەکە سەرەتا بە سرودی ئەی ڕەقیب بە دەنگی محەممەد ماملێ دەستی پێکرد.
پاشان ڕێزدار “ئیبراهیم ئەحمەد” پێشکەشکاری بۆنەکە بە خوێندنەوەی بابەتێک تیشکی خستە سەر کار و تێکۆشانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و ڕەخنەشی گرت لە لایەن و مێداکانی ناوخۆیی کە ئەوەندە بەها دەدەن بە زنجیرە تلەویزیۆنییەکانی بێگانە کە جگە لە بێڕێزی کردن بە کورد، چی تر ناوەرۆکیان نییە. هەروەها گرینگی وەها بیرێک کە ساڵانە خەڵاتی مەعنەوی ماملێ پێشکەش بە تێکۆشەرانی بواری هونەر و موزیک دەکرێت دوا و گرینگی ئەم چەشنە بۆنانە لە کەشی ناهەمواری سیاسی و دارایی ئەمڕۆکەی کوردستان دا وەبیر بەشدار بووان هێنایەوە.
بە دوای ئەویش دا هونەرمەند “هوشیار ئەحمەد” بە نوێنەرایەتی تیپی مۆسیقای سلێمانی وتارێکیان پێشکەشی بەشداربوان کرد کە تێێدا کورتە باسێک لەسەر ئەم تیپە و ساپاسوێژی ئەم تیپە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ ناوئاخنی بوو.
بەدوای ووتەکانی کاک هوشیار فیلمێکی دێکۆمێنتاری کە بۆ ئەم مەراسیمە ئامادە کرابوو پێشانی ئامادەبوان درا کە مێژووی ٤٩ ساڵەی تیپی مۆسقای سلێمانی باس دەکرد و ڕۆڵی ئەندامانی کۆن و نوێی ئەم تیپەی لە قۆناخە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و سلێمانی دا دەخستە بەرباس. دوابەدوای ئەم فیلمە، سێ بەرهەمی تازەی ئەم تیپە بە شێوازی سینەماویزیۆن پێشان درا کە بۆ یەکەم جار لەم بۆنەیە دا بڵاویان کردەوە.
لە درێژەی مەراسیمەکە دا ووتاری مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە لایان “وریا ماملێ” خوێندرایەوە کە تێێدا وێڕای پێرۆزباییکردن لە تیپی مۆسیقای سلێمانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ٢٠١٦ی ماملێ و هەروەها سەرەخۆشیکردن لەم تیپە و لە بنەماڵەی هونەرمەندی خۆشەویستی کورد، مامۆستا “کەریم کابان” بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە مەزنە کە هاوکات ئەندامێ ئەم تیپەش بوون[1]، تیشکی هاویشتە سەر کار و چالاکییەکانی مەڵبەندی هونەریی ماملێ و بە ڕوونی لەسەر سەربەخۆیی دارایی و فیکری ئەم مەڵبەندە بۆ بەشداربووان دوا.
بە دوای ووتارەکەی وریا ماملێوە خەڵاتی ماملێ لە لایان ئامینە خانم، هاوسەر و کاک “عەبدوڵا ماملێ” کوڕەگەورەی محەممەد ماملیوە[2]پێشکەش بە سەرۆکی ئەم تیپە تێکۆشەرە “زانا مەحمود هەژار” کرا و لەپاشان یەکەیەکە ئەندامای ئەم تیپە خەڵاتی تایبەتی ماملێیان پێ بەخشرا.
ناوی ئەم هونەرمەندانە بەم جۆرەیە:
١- ئەنوەر قەرەداخی
٢- فەرەیدوون دارتاش
٣- محەممەد ئەمین حوسێن
٤- خالید سەرکار
٥- جەماڵ شادان
٦- سەلاح ڕەئووف
٧- عومەر سەرکار
٨- دلێر ئیبراهیم
٩- کەریم کابان
١٠- عەبدوالقادر حەسەن
١١- هووشیار ئەحمەد
١٢- محەممەد ڕەشید دارتاش
١٣- زانا مەحموود هەژار
١٤- عادڵ محەممەد کەریم
١٥- سەلاح حەمە عەزیز
١٦- ئومێد جەماڵ
١٧- ئارام عومەر
١٨- دانا ئەحمەد فەقێ حوسێن
١٩- شێرزاد ئەکرەم
٢٠- چالاک سەدیق
٢١- لوقمان سابیر
٢٢- هەژار عوسمان
٢٣- گۆران حەمە عەزیز
٢٤- عومەر عەبدوڵا
٢٥- ڕەئووف مەلیک
٢٦- فەرمان عەلی
٢٧- سێڕجۆن سیمانتۆس
٢٨- جەنگین جەلال
٢٩- بڕیار ئیسماعیل
٣٠- عەباس محەممەد
٣١- ئاکۆ عەزیز
٣٢- سێرجون سيماتائوس
٣٣- زانا عزيز
هەروەها تیپی مۆسیقای سلێمانی و ڕێزدار “ئیبراهیم ئەحمەد” (بە نوێنەرایەتی بەڕێوبەرێتی کەلەپووری کورد)، لەوحی ڕێزلێنانی مەڵبەندی هونەریی ماملێیان پێ بەخشرا.
لە بڕگەیەکی تری مەراسیمەکە دا لە لایان مەڵبەندی هونەریی ماملێوە حەوت کەس لە هونەرمەندە کۆچکردووەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی وەک نوێنەری هەموو کۆچکردوانی ئەم تیپە خەڵاتی تایبەتی ئەم بنکەیەیان پێشکەش کرا کە کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم بەڕێزانە خەڵاتەکەیان وەرگرت. ناوی ئەم هونەرمەندە کۆچکردوانە بەم شێوەیە بوو:
١- وەلیم یووحەننا
٢- حوسێن عەلی
٣- ئیبراهیم خەیات
٤- قادر کابان
٥- عوسمان عەلی خەیات
٦- جەماڵ کابان
٧- محەممەد رەزا
لە درێژە دا تیپی مۆسیقای سلێمانی و وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و لاوان، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و تلەویزیۆنی گەلی کوردستان خەڵاتی تایبەتیان پێشکەشی مەڵبەندی هونەریی ماملێ و بنەماڵەی ماملێ کرد و بە گۆرانی نەتەوەیی “خوایە وەتەن ئاواکەی” ماملێ، کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.
[1] کە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی خەڵاتی٢٠١٦ی ماملێ، مامۆستا کەریم کابان لە ژیاندا مابوون. بەڕێزیان کە تا دوا هەناسەیان ئەندامێکی چالاکی ئەم تیپە بوون، بڕیار وا بوو کە یەک لەو هونەرمەدانە بێت کە خەڵاتیان پێشکەش کرا، مخابن تەمەن بڕی نەکرد و نەیتوانی بۆنەکە بە بوونی خۆیان ڕازاوەتر بکات بۆیە ئەم خەڵاتە هەر وەک ئەندامێکی چالاکی ئەم تیپە، بە نوێنەرایەتی مامۆستا کەریم کابان، پێشکەش بە کوڕی ئەم مامۆستایە بەرێزە، کاک “شوان کابان” کرا.
[2] بڕیار وا بوو کە هونەرمەند جەعفەری ماملێ (گەورەی بنەماڵەی ماملێ) لە شاری مەهابادەوە وێڕای بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ماملێ بەرەو سلێمانی سەفەر بکات و لەم بۆنەیەدا بەشدار بێت و خەڵاتی ماملێ پێشکەش بکات. مخابن رۆژێک پێش سەفەرکردنیان بۆ سلێمانی لە ڕووداوێکی ماشێن دا بریندار بوون و بەم هۆیەوە نەیانتوانی بێن بۆ بۆنەکە بۆیە کاک عەبدوڵڵا ماملێ کوڕی گەورەی محەممەدی ماملێ بە نوێنەرایەتی مەڵبەندی هونەری ماملێ خەڵاتەکانی پێشکەش بە هونەرمەندان کرد.
فیلمی بۆنەکە:
بەشێک لە وێنەکان: