Skip to content

ماملێ و سەید عەبدولقادر گەیلانی (٢)

شێخ عبدالقادر کوری سید عبدالله افندی کوری سید عبدالقادر کوری شیخ عبیدالله کوری سید طه نهری

بنەماڵەی “نەهرێ” یا شێخەکانی “شەمزینان” کە بەدرێژایی مێژوو ئاییندارێکی عێرفانی بوون، لە هەمانکاتیشدا نیشتمانپەروەرێکی خۆنەوسیت بوون، بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەی کورد بەردەوام تێکۆشاون و گیانیان فیدا کردووە.

شێخ عوبەیدیللای گەیلانی(١٨٣٠/١٨٨٣) و هۆزەکەی کە نیشتەجێی دەڤەری شەمزینان لە باکووری کوردستان بوون، لە ساڵی ١٨٨٠ زایینی، بڕیاری دا تا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕش بەرپا بکات و گەلی کورد لە ژێر زوڵم و تاوانەکانی قاجارەکان ڕزگار بکات. لەم پرۆسەیە دا توانی زۆربەی ناوچەکانی باکووری‌ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگار بکات و ببێتە مەترسی بۆ شارەکانی تەورێز و مەراغە.

428

خەڵکی گووند و باژێڕەکانی ئەو ناوچە ڕزگارکراوانە کە لە ژێر زوڵمی قەزاقی قاجار وەئامان هاتبوون، لە برسان و لە بێبەرگی دا وەک مۆم  دەتوانەوە. ئەو بەهاناچوونەی شێخ عوبەیدیللای شەمزینی و هۆزەکەی، هیچکات لە زەینی ئەم خەڵکە نەسڕایەوە و تەنانەت وەچە‌بەوەچە بەبیر نەوەکانیان دەهێننەوە کە کورد قەرزداری ئەم بنەماڵە مەزن و تا سەرئێسقان کوردپەروەرەن.

پێگەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی ئەم بنەماڵەیە لەو ناوچانەدا وەها پتەو و خۆشەویستە کە خەڵکانی ئەم شار و گوندانە بە ئاواتن تا ئەندامیکی ئەم بنەماڵەیە دەڤەرەکەیان بەسەر بکاتەوە. لە وەها ئەگەرێکدا هەموو چین و توێژەکان بە خزمەتیان دەگەن و  هەرکەس بەبەری خۆیەوە و بە شیاوترین شێوە ئەوەی لە توانایان دا بێت، دەیکەن تا سپاسوێژی خۆیان دووپات بکەنەوە بۆ ئەم بنەماڵە هێژا و خۆنەویستە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە گەورەکانی ئەم خانەدانە هیچکات قایل نابن و نەبوون کە بەهیچ بارێکدا بارگرانییان هەبێت بۆ سەر خەڵک. ئەوان  بەردەوام دووپاتی ئەو خاڵەیان لە هۆگرانی خۆیان دەکەنەوە تا ڕەچاوی بکەن.

کەمتر ڕووی داوە کە شێخی شەمزینان، سابڵاخی بەسەرکردبێتەوە و محەممەدی ماملێ بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان نەبووبێت یا بە پێچەوانە، بنەماڵەی شێخ لە کۆڕ و بۆنەکانی خۆیان دا ماملێیان نەخوێندبێتەوە.

573

پێشتر لەم پێگەیە دا گرتەیەکمان لە چەشنە کۆبوونەوەیەک بڵاو کردەوە کە بەشیکی زۆر لە جەماوەری خەڵکی مەهاباد لە ماڵی خاوالێخۆشبوو کاک “عەلی ئەڵڵاوەیسی” بە خزمەت (شێخ عبدولقادر کوڕی سەید عەبدولله ئەفەندی کوڕی سەید عبدولقادر کوڕی شێخ عوبەیدیللا کوڕی سەید تەها نەهرێ) گەییشتن و بە گۆرانی ئایینی و خوێندنەوەی مەولودنامە و ماملێ‌ش بە خوێندنەوەی هۆنراوەکانی مامۆستا “وەفایی” خۆشەویستی خۆیان پێشکەشی ئەم بەڕێزانە دەکرد.

ئەمڕۆ دیسان گرتەیەکی تر لە بۆنەیەکی هاوشێوە لە ماڵی خوالێخۆشبوو “هاشم فیدایی” کەوتۆتە دەستمان کە تێیدا ماملێ دوو بەستەی مامۆستا “وەفایی” دەخوێنێت و مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌ش بۆ یەکەمجار پێشکەشی ئێوە میوانانی ئەم پێگەیە دەکات.
ئەم گرتەیە کە لە ڕێکەوتی پێنجشەممۆ ٢٥/٠٦/١٩٨٧ تۆمار کراوە، ئەم تایبەتمەندییەشی هەیە کە کۆمەڵێک هاوشاری و مرۆڤی ڕۆحسووک و خۆشەویستی  تێدا بەدی دەکرێت کە ئێستا لە ناوماندا نەماون. یەک لەو مرۆڤە ئازیزانە مامۆستا “حاجی هاشم نانەوازادە”یە  کە ئافرێنەری دەیان هەڵبەست و ئاواز لە گۆرانییەکانی ماملێ‌یە کە لە گرتەکەدا لە لای چەپی ماملێ دانیشتووە. یادی ئەم کۆچکردوانە بە خێر و خۆشی. هیوادارین کە ئێوەش چیژی لێ ببینن.
لە کۆتایی دا دەستخۆشی و سپاسی ڕێزدار داود زەهابی خوشکەزای محەممەد ماملێ دەکەین کە ئەم گرتەیەی لای خۆی پاراستووە و بۆ ئیمەی نارد تا پێشکەشی کوردستانیانی بکەینەوە کە خاوەنە ڕاستەقینەکەی ئەم یادگارییانەن.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌

بابەتی پێوەندیدار